هەموو رێگاكان دەچنەوە ماڵەكەی سیستانی

هونەر حمەڕەشید
نوسەر


ماڵێكی سادەو بچووكە لەكۆڵانێكی ئاسایی شاری نەجەف، بەئاسانی ناگەیتە ناو ئەو ماڵە.

ئەو ماڵە، نە بارەگای سەرۆكایەتییەكانە، نە بارەگای هیچكام لەحیزبە سیاسییەكانی ئێراق، بەڵكو وەك هەر ماڵێكی تری ئاسایی كۆڵانەكە، رۆژانە چەند كەسێك سەردانی دەكەن.
لەگەڵ سادەیی‌و ئاسایی كۆڵانەكەی ئەو ماڵە لەشاری نەجەف، بەڵام لەدوای ساڵی 2003وە، هیچ بڕیارێكی ئاینی‌ و سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و ئابووری گرنگ، بەبێ‌ ڕەزامەندی ئەو ماڵە نەدراوە، ئەویش ماڵی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانە لەئێراق.
حاكمی مەدەنی ئێراق پۆڵ بریمەر، لەپێناسەی ئەو ماڵەدا دەڵێت: هەمووان دەزانن ئەوە ماڵێكی بچووك‌ و سادەیە، بەڵام خاوەنەكەی كەسایەتییەكە، بەتەنیا نامەیەكی دەنگی دەتوانێت هەموو شتێك لەئێراق یەكلابكاتەوە.
لەگەڵ سادەیی‌ و بچووكی ماڵەكە، بەڵام بۆ هەرسیاسییەكی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتیش، كە لەئێراقن، گرنگە بگەن بەو ماڵە، چونكە تەنیا "بەڵێ"یەكی ئەو ماڵە، دەتوانێت بتگەیەنێت بەوەی، كە ئامانجتە لەئێراق.
تائێستا زانیاری ورد لەبارەی رووبەڕوو‌و ژمارەی ژوورەكان‌ و چەند كەسی تێدا دەژی بەوردی نییە، جگە لەوەی دیارە عەلی سیستانی لەو ماڵەدا دەژی، كە ملیۆنان پەیڕەوكەری شیعەی لەئێراق‌و دەرەوەی ئێراقیش هەیە.
بەپێی چەند زانیارییەكی نافەرمی، دوای سەردانی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە مارسی رابردوو، كۆمەڵێك زانیاری لەبارەی ماڵەكەوە ئاشكرابوون.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ئەو ماڵە پێشتر خاوەندارییەكەی بۆ خێزانێك بەناوی (ئال شبر) گەڕاوەتەوە، كە عەلی سیستانی لەساڵی 1971، 500 دۆلاری مانگانە بەكرێی گرتووە.
عەلی سیستانی، كە لەو ماڵەی شاری نەجەفی ئێراق دەژی، تائێستاش هەڵگری پاسپۆرت‌ و رەگەزنامەی عێراقی نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پلەی گەیشتووەتە "ئا‌یە الله"و مەرجەعییەت، هەموو بڕیارێك لای ئەوەوە پەسەند دەكرێت لەئێراق.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، محەمەد رەزا، کوڕی عەلی سیستانیش لەو ماڵەدا دەژی، كە ئەویش وەك باوكی لەسەر ئاستی ئێراق ناسراوەو پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ سیاسییەكان‌و سەرمایەدارەكانی ناوچەكەو جیهان هەیە.
هەمیشە لەكاتی سەردانی كەسایەتی‌و شاندەكان بۆ ماڵەكە عەلی سیستانی‌ و میوانەكان لەوێنەكان لەیەك گۆشەوە دەردەكەون، ئەوەش نیشانی دەدات رووبەری ماڵەكە بچووكەو چەند شوێنێكی كەمی هەیە بۆ پێشوازی لەمیوانان.
لەو ملیۆنان شوێنكەوتووەی مەرجەعی باڵای شیعەكان، دەگمەنە تێیاندا بێت سەردانی ئەو ماڵەی كردبێت، بەو هۆیەشەوە زانیارییان لەبارەی جموجوڵ‌و ژیانی ڕۆژانەی مەرجەعەكەیان نییە.
عەلی سیستانی لەسەرەتای ساڵی 2003 بۆیەكەم جار ماڵەكەی بەشێوەیەكی كاتی جهێشت‌و بۆ چارەسەری پزیشكی چووە وڵاتی بەریتانیا، بەڵام لەو ماوەیەش ماڵەكە گرنگی خۆی لەدەست نەداو هەر وەك مەرجەعی باڵای شیعەكان مایەوەو سیاسییەكانیش پابەندی بڕیارو رێنماییەكانی ماڵەكە بوون.
بۆ تەنیا جارێك پەیامنێران‌و رۆژنامەنووسان‌و نوێنەرانی ئاژانسە جیهانییەكان سەردانی ئەو ماڵەیان كردووە، ئەوەش بەمەرجی ئەوەی نە كامێرا نە قەڵەم نە دەفتەر لەگەڵ خۆیان نەبەن، بەڵكو تەنیا چاویان بە عەلی سیستانی كەوت‌ و گفتوگۆیەكی كراوەیان لەگەڵ ئەنجامدا.
لەدوای هێرشی سوپای ئەمریكا بۆ سەر ئێراق‌و رووخانی رژێمی بەعس، سەرۆكی پێشووتری ئێراق (هاشمی رەفسنجانی) سەردانی ئێراقی كردو چووە ئەو ماڵەو لەگەڵ (عەلی سیستانی) كۆبووەوە، هەروەها سەرۆكی پێشووی ئێران، حەسەن رووحانی بەیاوەری محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە جارێك سەردانی ماڵەكەیان كردو چاویان بە سیستانی كەوت.
لەدیارترین ئەو سیاسیانەی تریش سەردانی ماڵەكەیان كردووە، سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنان‌و نونەری نەتەوە یەكگرتووەكان جنین هینیس بلاسخارتن‌و چەند كەسایەتییەكی تریش.
هاوكات پاپای فاتیكانیش پاپا فرانسیس، كاتێك سەردانی ئێراقی كرد چووە ماڵەكەی سیستانی‌و لەگەڵ ناوبراو دەركەوت، كە ئەوەش بە سەردانێكی مێژوویی دادەنرێت.
لەبارەی هاتنی سیستانی بۆ ئێراق سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كاتێك گەنج بووە بۆ خوێندنی "الفقه الشیعی" لەئێرانەوە هاتووەتە نەجەف‌و بەردەوام بووە لە سەردانیكردنی ناوەندە ئاینییەكان لەشارەكە، هەروەها یەكێك بووە لەنزیكەكانی مەرجەعی شیعی ئا‌یە الله ئەبوالقاسم خوئی تاكاتی مردنی لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوو، دواتر پەیوەندی كردووە بە ئایە الله عبداڵاعلی سبزواری، كە لەدوای خوئی بوو بەمەرجەع‌و دوای مردنی سبزواری پلەی سیستانی بەرزبووەوە بۆ مەرجەع.
وێنەیەك، كە دڵنیایی لەبارەیەوە نییە، دەركەوتنی عەلی سیستانییە لەگەڵ سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووتری ئێراق، دوای ئەوەی سەدام لەساڵی 1991 لەگەڵ خوئی كۆبوونەوەی كردو لە شاشەی تەلەفزیۆنەكان پێكەوە دەركەوتن.
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسەینیش لەئێراق، گرنگی زیاتری مەرجەعییەتی سیستانی لەساڵی 2003 دەركەوت، بەو هۆیەشەوە هەر كەسێك لەناوچەی سەوزی بەغدا چووبێتە سەر دەسەڵات بە بەڵێی ئەو بووەو هەر كەسێكیش لەدەسەڵات لابرابێت هەر بە بەڵێی ئەو بووە، بۆیە ئێستا دەڵێن: هەموو رێگاكان دەچنەوە ماڵەكەی سیستانی.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:46:30/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌