خولی دەمپیسی

لوقمان غەفوور
نووسەر

خولی دەمپیسی لە کوردستان لە ھەشتاکانی لە نووسینی ناو دەبلیو سی مزگەوتەکانەوە دەستی پێکرد، دواتر ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ئێستا تۆڕێکی فراوان و شوێنێکی مۆدێرن ھەیە ئەویش فەیسبووکە.

سەرەتای ئەم خولە، دەبلیو سی مزگەوتەکان بوو، دەبلیو سی مزگەوتەکان نەک تەنیا شوێنی خاڵیکردنەوەی کۆئەندامی ھەرس بوو، بەڵکو بوو بووە شوێنی خۆبەتاڵکردنەوەی ھەستی کوردایەتی و تەنانەت ھەندێک جار شەڕی حزبایەتی کوردی. 

دروشمی (ئەم دینارە بە خڕی، ... ژنی سەدام- مان دڕی) یەکێک لەو دروشمانە بوو، زۆر دروشمی تری نێوان بەرەی جود (جەبھەی وەتەنی دیموکراتی) و یەکێتی کە ھێندە ناشرین بوون لە وێنە نایەت.

دوای ڕاپەڕین خولی دەمپیسی گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوەدی، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی حزبە کوردییەکان بوونە دیڤایزێکی ڕوخێنەر بۆ ھەستی یەکتر، تەنانەت ئەگەر تەلەفیزیۆن و ڕادیۆیەک دەنگی ڕوخێنەر و دەمپیسی نەبوایە، بە کەناڵێکی باش دانانرا.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەقۆناغی دەمپیسی دوای ڕاپەڕین سەرکەوتووترین حزب بوو، تەنانەت لەڕێگەی بێدەنگییەوە توانی جەماوەرێکی باشی ھەموو حزبەکان بەرێت.

راڤەکردنی کەلچەری دەمپیسی لەلای تاکی کورد درێژکراوەی ھەستی خۆبەکەمزانینە، کە ئەمە گرێیەکی دەروونی سەختە ھەموو تاکێک تێی ئەکەوێت و دواتر تێی ئەپەڕێنێت، بەڵام پێویستی بەکاتە. 

بەشێک لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان نموونەیەکی خراپی  ئەم جۆرە ڕەفتارە بوون، تەنانەت وایلێھاتبوو کەسێک تا زۆرتر دەمپیس بێت، بە کەسێکی دژەدەسەڵات زیاتر دەناسرێت، وردە وردە زۆرێک لە لایەنگرانی گۆڕان ئەم کاژەیان فڕێدا، بە کورتی خولی ئەوانیش کۆتایی ھات.

گۆڕانی ڕۆڵی دەمپیسی، زیانی گەورەی لە زۆر حزب داوە، بۆیە زۆرێک دەستبەرداری بوون چونکە دڵنیابوون کە جگە لە زیان ھیچ سودێکی پێ نەگەیاندوون.
ئێستا خولی دەمپیسی گواستراوەتەوە بۆ بەشێک لە خەڵکانی ئیسلامیەکان ، مەبەست لە خەڵکانی ئیسلامی (ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و سەلەفییەکان و لایەنگرانی مەلا کرێکار).

ھەقیقەت کێشەکە لەم خولە لەوەدایە کە ئینسانی باوەڕدار ئەبێت دەمپاک بێت، چونکە دەمپیسی لە بنەمای ئاینی ئیسلامدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام کەسانی نێو ئەم خولی دەمپیسییە بەھۆی بێئومێدبوونیانە لە ژیانی سیاسی چونکە تەواو دڵنیابوون لەوەی زۆریان ١٥ ساڵ زیاترە ھەوڵدەدەن بگەنە ئامانجێک کە دەسەڵاتی سیاسییە، بەڵام پێی ناگەن بۆیە دەمیان دەکەنەوە و بە جنێو ڕووی دەممیان دەکەنە ھەموو کەناڵ و شوێنێک کە لینکێکی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە ھەبێت لە کوردستان.
دواقسە ئەوەیە با ئەمانیش خولێکی دەمپیسی تەواو بکەن، بزانین دوای ئەمان کێی تر ئەم خولە تاقیدەکاتەوە.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:10:19:12/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر