ئەفغانستان، ئایا کۆتاییەکەی هاوشێوەی ئێران دەبێت

عەبدولڕحمان ئەلڕاشد
ڕاگەیاندنکار و ڕووناکبیری سعودی، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی "الشّرق الأوسط".

پێویستە گرەوکاران و وەبەرهێنەران لە ڕێکخراوی 'تاڵیبان' دووجار بیر بکەنەوە، چونکە زۆرینەی ڕێکخراوە ئایینییەکان هەرەسیان هێنا بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە فیکرەکانی خۆیان و ئیدارەی دەوڵەت لێك جیا بکەنەوە. تاڵیبانی ئەمساڵ لەو تاڵیبانە ناچێت کە لە ساڵی 1996ـدا دەسەڵاتی گرتە دەست. بەڵام هێشتا هەڵگری ئەو مەترسییانەیە کە دەبنە هۆی خۆلەناوبردن. ئەوەش بۆتە هۆی لەناوچوون و هەرەسهێنانی زۆرینەی ڕێکخراوە ئایدیۆلۆژی، کۆمۆنیستی، بەعسی و ئیسلامییەکان. 
هاوکات لەنێوان ئەوەی ئەمڕۆ لە کابول ڕوودەدات و ئەوەی لە ساڵی 1979 لە تاران ڕوویدا، کۆمەڵێك لێکچوون تێبینی دەکەین. ئەویش بە هاتنی پیاوانی ئایینی، وەك هاتنی ئایەتوڵڵا خومەینی. خومەینی لەو ساڵەدا پشتیوانییەکی زۆری هەبوو. شەقامەکانی تاران پڕ بوون لە سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێرانی کە بەجۆش بوون بۆ پێشوازیکردن لێی و گۆڕینی حوکمی شا. زۆرینەی پێشوازیکارانیش لە ناسیۆنالیست، چەپڕەوان یان هاووڵاتییانی ئاسایی بوون کە پەرۆشی گۆڕانکاری بوون، کەمینەیەکیشیان ئینتیمایان بۆ ئەو بزووتنەوەیە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنە هەبوو کە خومەینی و پیاوانی ئایینی ڕابەرایەتییان دەکرد. ئەوان هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەبارەی ئەو فەرمانڕەواییە ئایینییە نەبوو کە لەگەڵ خومەینی لەنێو فڕۆکەی "ئێیر فرانس" لە پاریسەوە دەهات. 

ئەبو حەسەن بەنی سەدری یەکەمین سەرۆکی ئێران پیاوێکی ئایینیی میانڕەو بوو، بۆینباخی نەدەبەست، بەڵام سەرپێچ (عەمامە)ـشی لەسەر نەدەکرد. قوتبزادەی دیارترین وەزیریشی بەردەوام لە سەرانسەری جیهاندا شاشەی تەلەفزیۆنەکانی پڕ کردبوو. لە ڕۆژئاوا سەریان لێ شێوابوو کە خومەینی کێیە، ژیانە بێ فیز و ئاساییەکەی، هاوشێوەی زۆرینەی پیاوانی ئایینی لە ئیسلامدا، وایکرد پێیانوابێت ئەو غاندییە، کە مرۆڤێکی لێبووردە و میانڕەو بوو. لەماوەی سێ ساڵی دواتردا، ئێرانییەکان و ڕۆژئاواش کەسایەتییە تووندڕەوە قێزەونەکەی ناوبراویان بۆ دەرکەوت. سەرۆك بەنی سەدر هەڵهات، زادەش لەسێدارە درا، تا ئەمڕۆش پیاوانی ئایینی لەسەر حوکم ماون. ژیانە لیبراڵییەکەی دانیشتووانی تاران، کە بە هونەر ناسرابوو و، شارستانیترین بوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوو بە دۆزەخ. وەحشیگەران لە پیاوانی شاری قوم باڵادەست بوون، دەیان هەزار قەنارە و پەتی سێدارە ئامادە کران تا وای لێهات چەپڕەوان بوونیان نەما، ئافرەتان خۆیان لە ماڵەوە بەند کرد، شانۆ و سینەما و خولە هونەرییەکانیش داخران. 

تاڵیبان ڕێکخراوێکی نوێ نییە، ئەو خەڵکە بەتەمەنانەی لە ساڵانی نەوەدەکان لەژێر فەرمانڕەواییەکەیدا ژیاون، دەیناسن و پێی ئاشنان. لەماوەی هەفتەی ڕابردووشدا دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، پیاوەکانی بە هەمان ڕووخسار و جلوبەرگی کۆنی تاڵیبانەوە، بەڵام بە زمانێکی جیاواز، دەرکەوتن. دوای ئەوەی لێدووانە پڕ لە لێبوردەییەکانیشیان لە میدیادا دەنگی دایەوە، جیهان هێواش هێواش بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەی گووتراوە و دەگووترێت تەنیا پەیوەندییە گشتییەکانە کە بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگە بۆ گەڕانەوەیان و، سەرکوتکردنی دەوڵەت بە کەمترین رووبەڕووبوونەوە و زیان ڕێکخراوە. ڕاستیی تاڵیبان نەگۆڕاوە و ناشگۆڕێت، زەحمەتیشە جگە لەوە بڕوا بە شتێکی تر بکەم، دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵیش چاوەڕێ بکەین و ببینین. 

سەرکردایەتی و جەنگاوەرانی تاڵیبان، لە پۆشاك و شێوە و ڕووخساریاندا، ڕوون و ئاشکراترن وەك لەو گرووپە ئیسلامییانەی دیکە کە خۆیان لەژێر بەرگی مۆدیرندا حەشار داوە، بەڵام تاڵیبانیش هاوشێوەی ئەو ڕێکخراوانە، بە چاوی پشتیوانی و دژایەتی، ڕەش و سپی، موسڵمان و گومڕا سەتیری کەس و لایەنی دیکە دەکەن. نەهڤە لە توونس، ئیخوان لە میسڕ، گەلی ئیسلامی لە سودان، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسی لە یەمەن، سەرجەمیان گرووپی سیاسیی ئایینین. لەوانەیە تاڵیبان لە حوسییەکانی یەمەنەوە نزیکتر بێت؛ چوونکە تێیدا ئینتیمای خێڵەکی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بەڵام هەر لە خانەیەکی ئایدیۆلۆژیای ئایینیدا دەمێنێتەوە کە دژایەتیی کرانەوەی مەدەنییانە دەکات. بەشێك لەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی گوێم بۆ گرتوون، پێیانوایە کە تاڵیبان بەو شێوەیە نییە کە ئەمڕۆ لە شاشەکانەوە دەردەکەوێت. زۆرینەی کادیر و جەنگاوەرەکانی، ئەو گەنجانەن کە دەرچووی خوێندنگە ئایینییە تووندڕەوەکانن و، ئەوانە ئەو کەسانەن کە دەستەڵاتیان بەسەر ئیدارەدانی وڵات، ناوچەکان، شەقامەکان، مزگەوتەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەیە. لێرەشەوە دەتوانین خوێندنەوە بۆ دۆخی وڵاتەکە لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بکەین. بە ئەگەری زۆریشەوە بە هاتنەپێشەوەی تووندڕەوەکان، سەرکردە بەتەمەنەکان هێواش هێواش لە دیمەنەکەدا ون دەبن.

زۆرینەی ئەو بزووتنەوەیە ئیسلامییانەش کە گەیشتوونەتە حوکم، یان تێیدا بەشدار بوون، بەدەست یەو جۆرە ناکۆکییەوە ناڵاندوویانە و مێژووی هەژموونی تووندڕەوان بەسەر ناوەندەکانی بڕیاردان و وەدەرنانی سەرکردە میانڕەوەکان دووبارە بۆتەوە، ئەوەش بە گریمانەی ئەوەی ئەو حیزبانە کەمێك فرەچەشنییان لەناوەوە تیدا بووبێت.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:04:25:03/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌