ئابووریی ئەمریکا لەبەردەم ئاڵنگارییەکان

رۆندک فارس
شرۆڤەکاری ئابووری - سیاسی


"ئابووریی ئەمریکا لەبەردەم ئاڵنگارییەکانی سیستەمی تازەی ئابووریی جیهانیدا" 

کاتێک کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە، بازاڕەکان داخران و سنوورە ناودەوڵەتییەکان پەکخران، کلتوورێکی تازەی کۆمەڵایەتی سەریهەڵدا، ئەویش گرنگیدان بوو بە ماڵ و تەندروستیی تاکەکەس و دوورکەوتنەوە لە گەشتکردن و جیهانی دەرەوە، ئەگەر ئەم کلتوورە بۆسەر سیستەمی ئابووری جێبەجێ بکەیەن، هەستدەکەین جیهان بەرەو سیستەمێکی تازەی ئابووری هەنگاو دەنێت. کۆرۆنا هۆکار و فاکتەرێکی سەرەکی بوو لە گۆڕانی چەندان پێوەر و بنەمای ئابووری لە جیهاندا، بەڵام تا ئەم ساتەیش بە شێوەیەکی ورد و پشتبەست بە توێژێنەوەی فراوان، هەست بەو کاریگەری و لێکەوتانەی کە کۆرۆنا هێنایە کایەوە نەکراوە. 
ئەگەر چەند ساتێک بۆ ڕووداوەکانی ساڵێک لەمەوبەر بگەڕێینەوە، دەرک بە چەند گۆڕانکارییەک دەکەین، کە لەوانەیە بەرچاو و بەرگوێی زۆربەمان کەوتبێت، بەڵام دەرکمان بەو گۆڕانەی سیستەمی ئابووری نەکردبێت. مایەپووچبوونی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بچووکەکان لەسەردەمی کۆرۆنادا، دیاردەیەکی بەرچاو بوو کە بە هۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە داخران، ئەو دیاردەیە زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆسەر سیستەمی ئابووری و هاوکات سیاسەتی بازرگانیی ناودەوڵەتی، هەر ئەمەیش بووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو سیستەمە تازەیەی کە وڵاتە زلهێزەکان و ئەندامانی کۆمەڵەی G7 کاری بۆ دەکەن و پلان بۆ دۆزینەوە و کردنەوەی بازاڕی تازەی ئەو سیستەمەیش دادەڕێژن.

"ئایا سیستەمێكی تازەی ئابووری بوونی هەیە؟"

لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، ناوەندی "ماکینز"ــی تایبەت بە شرۆڤە و شیکارییە ناودەوڵەتییەکان، ڕاپۆرتێکی تازەی بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و دەزگای فانگ بیزنس ئێنتێلێجێنس بڵاوکردووەتەوە و گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە سیستەمی بازرگانیی ناودەوڵەتیی ئێستا زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە، هەروەها دەیشڵێن: "بازرگانتیی ناودەوڵەتی وەک خۆراکێکە بۆ بووژانەوەی ئابووریی جیهانی و بڕی 5.2 تریلیۆن دۆلار لە ئابووریی جیهان لە ڕێگەی بازرگانیی ناودەوڵەتییەوەیە، بەڵام ئەو بازرگانییە لە خزمەت داهاتووی کۆمپانیا بچووکەکاندا نییە و پێویستە بانکەکان و ئاژانسە جیهانییەکان پاڵپشتی زێدەتری ئەو کۆمپانیایانە بکەن، بۆ ئەوەی لە بووژانەوەی ئابووری جیهاندا بەشداربن و کورتهێنانی ماددەکان و کەمیی خستنەڕوو چارەسەر بکەن." 
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە، کە بانکی "گوڵدمان ساکسی" بەناوبانگی ئەمریکی، لە هەفتەی ڕابردوودا ئاشکرای کرد کە ساڵی 2022، ئابووریی جیهان تووشی گرفتی زیادەی خواست و کەمیی خستنەڕوو دەبێتەوە، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە نرخی کاڵای جیهانیی گرانتر دەبێت و ئاستی هەڵئاوسان زیاتر بەرزدەبێتەوە. کەواتە کار بۆ بە بازاڕکردن و فراوانکردنی ژینگەی سیستەمە تازەکەی ئابووریی جیهان دەکرێت، بۆیە گرنگە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە تازە بناسین و ڕۆڵیان شرۆڤە بکەین.

"گۆڕان لە سیستەمی نێولێبراڵ و گەشەی ئابووریی جیهانی"

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئەمریکا سەرکردایەتی سیستەمی نێولێبراڵیزم دەکات. لە ڕووی ئابوورییەوە سەرجەم ئەو بەربەستانە لادران، کە ڕێگرییان لە فراوانبوونی ڕێککەوتنی بازرگانیی ناودەوڵەتی لە قازانجی کۆمپانیا زلهێزەکان دەکرد و سنوورەکان تەواو ئازادکران، بۆ ئەوەی سەرمایەی زیاتر بەدەست بخەن. لە ئەنجامدا ئەو سیستەمە بووە هۆی ئەوەی سەرکردەیەکی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، بگات بە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و زۆربەی بەند و هاوکێشە ستراتیژییە ئابوورییەکان ئاڵۆز بکات و ئاستنەگ لەبەردەم ئابووریی ئەمریکا و هەژموونەکانی بهێنێتە کایەوە. بەڵام  دوای دەستبەکاربوونی "جۆو بایدن" وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەر زوو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە باسیان لە گرنگیدانی زیاتری بایدن بە سیاسەتی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا ناوخۆیی و بچووکەکان کرد، ئەمەیش بە دەرچەی سەرەکیی گۆڕانی سیستەمی ئابووری پێناسە کرا، لێ ئەو سیستەمە بە تەنیا لە لایەن ئەمریکاوە کاری بۆ ناکرێت، بەڵــکوو ژاپۆن، ئەڵمانیا، کەنەدا و وڵاتانی G7ـیش، لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیراندا چوونە ناو هاوپەیمانێتیی جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە تازەیەوە. 
بنەمای سەرەکیی ئەو سیستەمە تازەیە، وەبەرهێنان دەکەن بە پێوەرێکی سەرەکی، ئەوەیش لە پێناوی نەهێشتنی نایەکسانیی داهاتی تاکدا. بە مانایەکی تر، حوکوومەتەکانی G7، کار بۆ پێشخستنی کار دەکەن بەسەر سەرمایە و لەو ڕێگەیەوە، داهاتی گۆی زەوی پارێزگاریی لێ دەکرێت و نایەکسانی کەمدەکرێتەوە. نموونە زیندووەکانی سیستەمە تازەکەی ئابووریی جیهان، بڕیار و بنەماکانی کۆبوونەوەی (G7)ــتن، لە حوزەیرانی 2021، سەپاندنی سزای تاریفی بە ڕیژەی ٪15 بۆسەر کۆمپانیایە زەبەلاحەکان، هەروەها کۆکردنەوەی پارە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی سفر کاربۆنی، لە وڵاتە هەژار و تازە پێگەییشتووەکان و هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەوت و گازی زیاتر  بە ناوی گۆڕانی کەش و هەوا، نموونەی دیاری ئەو گۆڕانکارییانەن.
لەوە گرنگتر، پرۆژەی دووبارە بوونیاتنانەوەی جیهانی ناسراو بە Bulid Back Better World بنەمای سەرەکیی ئەو سیستەمە تازەیەیە و ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لەبارەیەوە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی کار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە بکەن و لە بەرانبەردا کار بۆ زیادکردنی تەکنەلۆژیای ئەو بوارە بکەن. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا دەسەپێنرێت، کە هۆکارن لە بەرهەمهێنانی گازی دژی ژینگە، بەڵام ئامانجی شاراوەیان پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی بازاڕی تازەیە، بۆ کاڵای ئەو کۆمپانیا بچووکانە، هەروەها پاڵپشتیکردنی کۆمپانیاکانی وڵاتانی هەژار و تازە پێگەییشتووە، بۆ کارکردن بە سیستەمی ئەوان و وەرگرتنی پاڵپشتیی دارایی. 
لە ئەنجامدا پێڕەوکردنی ئەو سیستەمە بووەتە هۆی دژایەتیکردنی زیاتری ڕووسیا و چین، چ وەک بەرهەمهێنی سەرەکیی وزەی جیهانی (ڕووسیا) و چ وەک زلهێزی دووەمی ئابووری و دابینکەری سەرەکیی کاڵای جیهانی (چین)، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو سیستەمە ئاسایشی وزە و خۆراکیی وڵاتانی ڕۆژئاوای پەکخستووە.

"ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەمریکا لە سیستەمە تازەکەدا"

ئابووریی ئەمریکا تووشی گرفت و ئاڵنگاری بێشوومار بووەتەوە، بە تایبەتی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزیندا. لەوانەیە لای زۆرێکمان پرسیار بێت، کر بۆچی کاتێک نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا ناچاردەبێت هەنگاوی بەپەلە بنێت و گرفتەکە چارەسەر بکات، وەڵامەکەی دوو فاکتەری سەرەکییە: 
-هاووڵاتییانی ئەمریکی لەسەر ئاستی جیهان خاوەن زۆرترین ئوتومبێلن کە بە بەنزین کار بکەن.
-دووریی ماوەی کارکردن و شوێنی ئەمریکییەکان بەراورد بە وڵاتانی تر لە بەرزترین ئاستدایە، ئەمەیش بەکاربردنی بەنزین زیاتر دەکات، بە جۆرێک هەر تاکێکی ئەمریکی چوار هێندەی هاووڵاتییە ئەورووپییەکان بەنزین بەکار دەھێنن، بۆیە هەر کاتێک بەنزین بەرزدەبێتەوە ئابووریی تووشی شڵەژان دەبێت. 
ئەگەر سەرنج بدەین دوای ئەوەی ئەندامانی ئۆپێک پلەس، بە سەرکردایەتیی ڕووسیا و سعودیە لە مانگی تەمووز ڕێک کەوتن، تا ناوەڕاستی تەمووزی 2022، تەنیا 400 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبهێنن، بایدن و ئیدارەکەی بەردەوام داوای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن، بەڵام وەڵامی ئەندامانی ئۆپێک پلەس بە تایبەت ی (ڕووسیا، سعودیە، ئیمارات، عێراق و عەمان) ئەوەیە، ئەگەر پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز زیاد نەکرێن، ئەوا جیهان ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و ئابووریی جیهان سست و لاواز دەبێت. 
مەبەستی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە وەڵامەکەیاندا بۆ بایدن، پێڕەوکردنی ئەو سیستەمە تازەی ئابووریی کۆمەڵەی G7ــە بۆ سیاسەتی کۆمپانیاکانی نەوت و قەتیسکردنی دەسەڵاتەکانیانە. لێ لە ئەمریکا دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک پلەس ڕازی نەبوون نەوت زیاد بکەن، نرخی بەنزین گەییشتووە بە 3.4 دۆلار بۆ هەر لیترێک و لە بەرانبەردا، نرخی خۆراک و کاڵا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
 جۆو بایدن پەنای بردووە بۆ بەکاربردنی یەدەگی نەوتی ستراتیژی، بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، بۆ ئەوەی دەنگی جەماوەری لە تازەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی 2022 کەم نەکات، بەڵام ئەوەیش چارەسەر نەبوو، بۆیە دواجار ئەمریکا داوای لە چین، ژاپۆن و هیندستان کرد، نەوتی یەدەگی ستراتیژیی بەکاربھێنن، بەڵام ئەوانیش ڕەتیانکردەوە، بۆیە پێشبینی ناکرێت سیستەمە تازەکە بە تەواوی بتوانێت جێ پێی خۆی بکاتەوە، چونکە ئەورووپایش بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتییەوە دەناڵێنت و هەڵئاوسانی ئەو وڵاتانە لە بەرزبوونەوە بەردەوامە. 
ئەمەیش وڵاتانی G7ــی ناچارکردووە دووبارە چاو بە بڕیارەکانیاندا بخشێننەوە، وردبینی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت گاز ئەنجام بدەن و بڕیار وایە یەکێتیی ئەورووپا گاز و وزەی ئەتۆمی بخاتە لیستی وزەی سەوز و دۆستی ژینگەوە، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە ئاڵنگاری زۆر لەبەردەم سیستەمی تازەدا بوونیان هەیە و ئاسان نییە گەشەی ئابووریی جیهان بووژانەوەی تەندروست بە خۆیەوە ببینێت.

"ئەی ئێراق و هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەو سیستەمە تازەیەدان؟"

لە ماوەی ڕابردوودا، ئێراق لە ڕێگەی وەزیری نەوتی وڵاتەکەی، چەندین هەنگاوی بۆ بەشداریکردن لەو سیستەمە تازەی ئابووریی جیهان ناوە، لە ڕێگەی چەند پرۆژەیەکەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو سیستەمە دووپاتکردووەتەوە، بەڵام هەرچی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، دوو جار بە فەرمی لە لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گۆڕانی کەشوهەوا کراوە، بەڵام لەسەر ئاستی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاکە سەرکردەیە کە زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بێ داهاتووەدا دەکات و لێدوانەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پرسەکە لە سیاسەتی دیپلۆماسی و ناودەوڵەتیدا وریایی زیاتری پێویستە.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:12:29:20/11/2021



ئه‌م بابه‌ته 126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌