نرخی نەوت دەگات بە 200 دۆلار؟

رۆندک فارس
شرۆڤەکاری ئابووری - سیاسی


نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و، پێشبینیی دەکرێت تا 100 دۆلار بەرزبێتەوە، بەڵام هەڵکشانی نرخی نەوت بەو ئاستە هاوکاتە لەگەڵ ئەم ڕووداوانە؛
دوێنی ئەندامانی "ئۆپێک پلەس" ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزکردەوە، ئەمەیش واتا (ڕووسیا و سعوودیە) هاوڕان لە هێشتنەوەی نرخەکانی نەوت بە بەرزی و هەڵکشانی زیاتر، بە تایبەت کاتێک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا گوتی " بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕەکانی وزەیە".  هاوکات کۆمپانیای ئارامکۆ ڕایگەیاند؛ پێشبینیی دەکەین خواستی سەر نەوت هێشتان بەرزبێتەوە. 
حکوومەتی ئێران ئەمڕۆ ڕەزامەندی دووبارە گەڕانەوەی بۆ دانووستانە ئەتۆمییەکان دووپاتکردەوە، ئەگەر ئەمریکا سزا ئابوورییەکان لەسەر کەرتی نەوت هەڵبگرێت.
ئەمریکا دوای بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بۆ 83 دۆلار، دووپاتیکردەوە جگە لە "ئۆپێک پلەس" ڕێکاری ترمان هەیە بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی نرخەکانی نەوت. بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت، جوداتر لە ساڵانی پێشوو، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی، ئەمەیش زیاتر وڵاتانی بەکاربەری هەراسان کردووە، بە تایبەت چین، هیندستان، یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەراورد بەو هەواڵانەی ئەمڕۆ، لێدوانی سەرۆکی "ئاژانسی وزەی ناودەوڵەتی"یە. ئەمڕۆ فاتح بیرول گوتی " هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە بەگشتی، گۆڕانی پیشەسازی وزەی نەوت بۆ وزەی جێگرەوە نییە، بەڵکوو گۆڕانی کەش وهەوا و پەتای کۆرۆنا فاکتەری سەرەکین لەو بەرزبوونەوەیە."

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە 

لەبارەی نرخەکانی نەوت و گاز، سیناریۆ و پێشهاتی زۆر ئاشکرا کراون، بەڵام ئەگەر سەرنج لە هاوکێشەی خواست و خستنەڕووی بارودۆخی نەوت و گاز بدەین، ئەوا ئەم هۆکارانە فاکتەری بەهێزن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز. 
دوای بوژانەوەی بازاڕەکان، خواست لەسەر نەوت لە هەڵکشاندایە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێک پلەسەوە بە سەرپەرشتی ڕووسیا زیاد ناکرێت.
پلانی وڵاتان، بۆ پێرەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنی و پاراستنی ژینگە، بە تایبەت دوای پەتای کۆرۆنا، هەوڵدەدەن لە نەوت دوور بکەونەوە و گازی سرووشتی بەکار ببەن، بەڵام کێشەی سەرەکی بەردەم ئەو سیاسەتە کەمی پرۆژەکانی گازی سرووشتی و، ناکۆکی وڵاتانە لەسەر ئەو ناوچانەی دەوڵەمەندن بە گازی سرووشتی، ئەمەیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر گاز و گرانبوونی نرخەکانی گاز، بەڵام لەبەر نەبوونی گازی پێویست و گرانبوونی بێ شوماری گاز، دووبارە پەنا دەبردرێتە بەر بەکاربردنی نەوت.
کێشەی پارەدارکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، یەکێکیترە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، ئەمریکا، ئەورووپا و بەریتانیا بڕیاریانداوە، بە بیانووی پاراستنی ژینگە، چیتر پاڵپشتی ئەو پرۆژانە نەکەن کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە،   ئەمەیش هۆکارە لە گرنگی نەدانی ئەو وڵاتانە بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە تایبەت کێڵگەکانی کیشوەری ئەفریقیا و کەمکردنەوەی ئاستی کورتهێنانی نەوت
هۆشداری شارەزایانی ئەمریکی لەبارەی کارنەکردنی ئەمریکییەکان لە کێڵگەکانی ئەفریقیا دەرخەری ئەو مەترسییەی سەر بازاڕەکانی وزەن. لەوبارەیەوە وزەیری وزەی عەمان هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەنی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ 200 دۆلار ئەگەر پرۆژەکانی نەوت و گاز زیاد نەکرێن 
زیادبوونی خواست لەسەر گازی سروشتی، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گاز، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازی فرۆشتنی گرێبەستەکانی گازی سروشتی هاوشێوەی گرێبەستە نەوتییەکان نین و، کورت مەودان و نابنە هۆی زیادکردنی دڵنیایی بۆ دابینکردنی گازی سروشتی زیاتر لە کاتی بەرزبوونەی نرخەکان. پێشبینیی دەکرێت هاوشێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس، ڕێکخراوی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی نرخەکانی وزە دروست ببێت، هەرچەندە کۆربەندی گازی سروشتی بوونی هەیە، بەڵام ڕووسیا ڕکابەری بۆ باڵادەست بوون لەو کۆربەندە دەکات و، هێشتا سەرجەم ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنی گازی سروشتین ئەندام نین لەو ڕێکخراوە.
سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ئێران و کێشە بەردەوامەکانی نەوتی لیبیا، هۆکارن لە کەمی خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکان.
خواستی سەر گازی سروشتی و دوورکەوتنەوە لە وزەی کاربۆنی(خەڵووز و نەوت)، بووەتە هۆی بەکارهێنانی گازی سروشتی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، بەڵام  کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی گازی لە لایەن ڕووسیاوە، بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکان. ناچارکردنی وڵاتە بەکاربەرەکان بە ئەورووپا و بەریتانیایشەوە، هاوشێوەی چین و هیندستان پەنا دەبەنە بەر دووبارە بەکاربردنی خەڵووز و نەوت، ئەمەیش هەم نرخی نەوت و هەم گازیشی بەرز ‌هێشتووەتەوە. 
واتە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز تەنگژەی لەبەدرەم پلانی سفر کاربۆنی و گۆڕینی پیشەسازی نەوت بۆ وزەی جێگرەوە دروست دەکات.
چارەسەرەکان 
گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی و زیادکردنی ئاستی بەرهمهێنانی نەوت، لە لایەن ئۆپێک پلەس واتە ڕووسیا و سعوودیە،
زیادکردنی ئاستی پرۆژەکانی نەوت و گاز و پارەدارکردنیان. 
گۆڕینی گرێبەستە کورت مەودایەکانی گازی سروشتی بۆ گرێبەستی دوور مەودا، بۆ ئەوەی دڵنیایی لە خستنەڕووی گازی زیاتر بۆ بەکاربەران دروست بێت و، کەمی کورتهێنان نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گاز و، هاوکات زیادبوونی نرخی نەوتیش دوای هەڵکشانی بەردەوامی خواست.
پێکهێنانی رێکخرواێکی تایبەت بە هاوسەنگکردنی نرخی ئاستی خستنەڕووی گاز، هاوشێوەی ئۆپێک پلەس بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان نرخی نەوت و گاز. 
ئەگەر ڕەچاوی ئەم هۆکارە جیهانییانە و چارەسەرە تەکنکییەکان نەکرێت، پێشبینیی دەکرێت نرخی نەوت تا کۆتایی ساڵی 2022 بۆ 200 دۆلار بەرزبێتەوە، بە تایبەت کە پێشبینیی دەکرێت تا ناوەڕاستی 2022  ئاستی خواستی جیهانی بۆ نەوت بگات بە زیاتر لە 120 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:31:06/10/2021



ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌