قەیرانەکانی خێزانی کوردی

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر


خێزانی کوردی لە قەیراندایە. نیشانەکانی ئەم قەیرانە بە بەرچاوی هەموانەوەیە، رێژەی جودابوونەوە  لە باڵاتریندایە ڕەنگە نیشانەیەکی زەق بێت. رێژەی شوونەکردن، ڕەبەنی یان خێزانی دڵتەنگ، تووندتیژی زۆر پێوەری تر، دەکرێت بۆ ئەوەی دیدێک بۆ تێگەیشتن لە ئەم قەیرانە دابڕێژین بیر لەو گۆڕانکارییانە بکەینەوە، گۆڕانی ژیار بە سەر جۆری پەیوەندی ئەندامەکانی ناو خێزاندا هێناویەتی. خێزانی تەقلیدی؛ ئەو خێزانەیە دەسەڵات تیایدا پلەبەندییانە، یان هایرارکیانە بونیادنراوە. باوک کرۆکی خێزانە و خاوەن باڵاترین دەسەڵاتە، ژن و مناڵەکانە بە پلەی جیاوازدێن لە پاش ئەو. داڕێژەری ئەم بونیادی دەسەڵاتە ئابووری و کولتووری و ئاینی و ئاگاییە بوو، دەکرێت بڵێین؛ ئافرەت بە گشتی بوونەوەرێکی نا-سیاسی بوو، لە پانتاییەکی تایبەتدا (ماڵدا) قەتیس کرابوو. نا-سیاسی بە مانای ئەوەی بۆی نەبوو لە پانتایی گشتیدا ئامادەیی و چالاکی هەبێت. دیارە هەندێک شاز هەیە لە ئەم بنەمایە، بۆ نمونە خێزانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی پێگەی سیاسیان هەبوو، یان ئافرەت وەک بەشێک لە خێزان، لە مەزرا و کێڵگەی خێزاندا کاری کردووە، ئەم شازانە نابنە بنەمای ئەوەی کە بنەما گشتییەکە هەڵبوەشێننەوە. زۆربەی جار ئیشکردنی ئافرەت ئیشکردنێکی بێ داهات بووە. ئەوەی ئیش گرنگ دەکات، ئیش خۆی نییە، بەڵکو بوونیەتی وەک سەرچاوەیەکی داهات، چونکە داهات، توانا و ئازادی دەبەخشێت.

لە ڕوانگەی داهاتەوە، دەبینین خێزانە هەژارەکان و خێزانە دەوڵەمەندبووەکان هەردوو قەیرانیان هەیە، هەژارەکان بەهۆی نەبوون یان کەمی داهاتەوە، دەوڵەمەندبووەکان بەهۆی دەست گەیشتی ئافرەت بە داهات، لە هەردوو دۆخەکە بونیادە هەرەمییە تەقلیدییەکە تووشی کێشە دەبێت. لە دۆخی هەژاراندا باوک نان-پەیداکەرێکی باش نییە، لە دۆخی دەوڵەمەندبووەکاندا، باوک تەنها نان-پەیداکەرنییە، دایکیش بە هەمانشێوە نان-پەیداکەرە. لە هەمانکاتدا خێزان وەک دەزگایەک لە لایەن دەزگاکانی ترەوە لە پەیوەندی و زۆرجار ململانێدایە، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و خێزان یەکێکە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەمبارەوە، نمونەی ئەم دۆخە بە ڕوونی لە خێزانە کوردەکانی نیشتەجێیی ڕۆژئاوادا دەبینین، ئەگەر تەماشای جوگرافیای خێزانی کورد بکەیت، دەبینیت هەتا پشتیوانی دەوڵەت بۆ خێزان زیاتربێت، خێزان زیاتر هەڵوەشاوەیە، ئەمە لە کەیسی وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا دەیبینیت. زۆرن ئەو خێزانە کوردانەی کە بە دەست قەیرانی هەڵوەشانەوە دەناڵێنن لە ئەو وڵاتانە. (ئەم دۆخە مایەی شەڕێکی گەورەیە لە ئەمریکا لە نێوان لیبرال و پارێزەرەکاندا، کۆنسێرڤەتیڤەکان دەڵێن؛ هەتا دەوڵەت زیاتر پشتیوانی خێزان بکات، خێزان زیاتر هەڵدەوەشێت، لیبرالەکان دەڵێین نەخێر قەیرانەکە ئابوورییە، لە داهاتوودا دێمە سەر ئەم بێرەوبردە). ڕەنگە گۆڕانی سەرچاوەی داهات و شێوازی کار و سەرچاوەی داهات و بەشاریی بوون کۆمەڵە هۆکارێکی سەرەکی بن لە قەیرانی خێزان، بەڵام هەندێک هۆکاری تریش هەیە کە دەبێت لە سەری ڕابوەستین. هەندێک ئایدۆلۆژیا لە دونیای ئێمەدا ئامادەن بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر قسەکردن لە سەر خێزان و ڕۆڵ و پێگەی خێزان، دوو ئایدۆلۆژیا لە هەمووان زاڵترن، یەکێکیان چەپە، ئەویتریشیان ئیسلامی سیاسی. دیارە بەرخۆریزمیش ئایدۆلۆژیایەکی ئێجگار کاریگەرە.

چەپی کوردی هێندە خاوەن مەعریفە نییە بە کولتووری چەپ، بۆیە خیتابی جۆرێکە لە پرتە و بۆڵە و سەرەتاتکێ. بە گشتی کرۆکی دیدی چەپ، وەک لە مانیفێستدا بەیان دەکرێت؛ بریتیە لە  aufhebung  یانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، خێزان لە دیدی ئەوانەوە یەکەیەکی بۆرژوازییە. "مارکس" بڕوای وەهابوو ئەم جۆرە خێزانە بە گۆڕانی سەرمایە خۆی دەپوکێتەوە، لە بەرامبەر ئەمەدا ئیسلامی سیاسی خێزان وەک کرۆکی بوونی خۆی دەبینێت. "ئوسرە" چەمکێکی سەرەکی دوونیابینی و ڕێکخستن و سیاسەتکردنیانە. خێزان لای ئەوان لە سەر بوونیادی قەوام بونیادنراوە. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم بەرداشی دوو خیتابداین، یەکێکیان؛ هەڵیدەوەشێنێتەوە و ئەویتریان ڕەقی هەڵدەگەڕێنێت. ئامرازەکانی بەڕێوەچونی ئەم خیتابانە؛ بریتین لە ئەخلاق، سەقامگیریی، باری دەروونی، دەسەڵات، پیاوبوون و پیاونەبوون و زۆر چەمکی تریش. کۆمەڵگای ئێمە لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا سەری لێشێواوە. بەڵام نە هەڵوەشانەوە سوودمەندە و نە بینینی خێزان وەک یەکەیەکی ڕەقهەڵاتوی نەگۆڕ، بە گۆڕانی ئابووری بونیادی خێزانی تەقلیدی دەگۆڕێت. کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری بێ بەرامبەر هەبوو، بۆیە خێزان لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا گەورەبوو. بە گەشەی تەکنەلۆجیا و هاتنی جۆرێک لە کۆمەڵگای پیشەسازی، یان دەرکەوتەی پیشەسازی، بە تایبەتی پیشەسازی نەوت و سامانی سرووشتی، جۆری کار دەگۆڕێت. جگە لە شەڕ و هەندێک بواری تر نەبێت، زۆربەی بوارەکانی تر زیاتر بۆ ئافرەت گونجاوە هەتا پیاو، ئەم بە ئافرەتبوونەی، فیمینایسەی بواری کار و داهات، بە ناچاری بونیادی خێزان دەگۆڕێت.

ئەگەر بە چەمکی ئەندازەیی دەریبڕین ئێمە لە گواستنەوەین لە کۆمەڵگای پلەبەندییەوە بۆ کۆمەڵگای ئاسۆیی. پێکەوەهەڵکردن سەختردەبێت لە بڕی ئاسان بوون. خێزان وەک دەزگایەک کاتێیک بوونیادی دەسەڵات تیادا دەگۆڕێت، ئەوا قەیران دروست دەبێت. خێزان لە تاک سەرۆکییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوسەرۆکی. (کاتێک ئەم پرسەم لە گەڵ خوێنەرانمدا وروژاند لە فەیسبوک وەڵامەکان جێگای سەرنج بوون، دیارە چەمکی هاوسەرۆک لە ئێستادا بارگاوییە، بەڵام کەم نەبوون ئەو وەڵامانەی کە شێوازێکی ڕێکخستنی وەهایان بە سەرچاوەی کێشە دەزانی). ئەوەی ئەم قوڕە زیاتر خەست دەکاتەوە بە سیاسی بوونی ئەم بوارەیە. وەک لە "ئەمریکا" دەیبینین شەڕ لە سەر خێزان کردنی خێزانە بە ئامراز و پانتایی شەڕ لە بڕی شەڕ لە پێناوی خێزان، بە سیاسی بوون لە دونیای ئێمەدا بە گشتی بە مانای رسوابوون دێت. بە سیاسی بوون یانی توڕەهاتکردن و جنێودان و بەلاڕێدابردن و دابەشکاری لە نێوان ئەخلاقدار و بێئەخلاقدا، ئەمەمان لە پرسی وروژانی ناوی دایکدا بینی. بە گشتی کاتێک خێزان تووشی قەیران دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی زیاتر دەکات، ئەمە خەمی کۆنسێرڤەتیڤە ئەمریکاییەکانە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەتییە، یان نا-دەوڵەتییە. بەم پێییە کاتێک دەزگای خێزان لاوازدەبێت ئەوا هیچ دەزگایەکی تر نییە هەتا ڕۆڵەکەی بگێڕێت، بەمجۆرە ئێمە ڕوبەڕووی بۆشاییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری سەخت دەبینەوە، کە لە تواناماندا نییە دەرەقەتی بێین.

زانکۆکانی ئێمە دەبوو دەیاها لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەیدانیان هەبوایە، هەتا بمانتوانیایە، بە ووردتر قسە لە سەر پەیوەندی نێوان خێزان و حکومەت و کۆمەڵگا بکەین، بەڵام ئێمە خاوەن زانکۆ نین، ئەمە لە کاتێکدا هەر دۆڵێک لە کوردستان وەک دەواجن زانکۆیەکی تیادایە، قەیرانێکی تری ئەم بوارە، وەک زۆر بواری تر، دابرانی خیتابە لە واقیع، بە گشتی زۆرینە کورد وەها قسە دەکات دەبێت ببێت. بەو مانایە، وەها دەدوێت نەک وەک ئەوەی  هەیە یان دەبێت بەڵکو وەک ئەوەی کە خۆی دەخوازێت هەبێت. ئەم دیدە ناواقیعییە، پاڵنەری ئەو دیاردەیەیە کە قسەکردنی ئێمە لە سەر هەر پرسێک بە گشتی بێبنەمایە. ئەمە لە بیری ڕۆژئاوایید لە جەدەلی نێوان (فۆکۆ و هابرماس)دا دەیبینین. "هابرماس" دەڵێت؛ دەبێ دونیا وەهابێت، "فۆکۆ" بە ڕاڤەکردنی ڕابردوو، جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە گرنگ نییە ئێمە چی دەخوازین، بەڵام دونیا وەها نەبووە و میکانیزمەکانی بەرەو ئەو ئاقارەی نابەن کە وەهابێت. گرنگە لە دونیا تێبگەین وەک خۆی، ئینجا خواست و خەونەکانمان دەربڕین، نەک خواست و خەونەکانمان لێ ببێت بە واقیع. خێزانی کوردی دەگۆڕێت، هەموو دەبنە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە، بەڵام بە شێواز و ئاستی جیاواز. دەکرێت لێرەدا باس لە شەبەنگێک بکەین، لە سەرێکەوە ئەوانە هەموو هەوڵێک دەدەن بەرپەرچی گۆرانکارییەکان بدەنەوە، دیارە بەبێ سەرکەوتن، لە ئەو کۆتاییەکەی ئەوانەی  خوازیارن لە گەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا دەست و پەنجە نەرم بکەن، دیارە دیسانەوە بەبێ سەرکەوتن، ئەم دەبڵ شکستە هۆکاری تووندڕەوی خیتاب و لەرزۆکی واقیعە، ئەو هێزانەی خێزانی ئێمە دەگۆڕن، زۆر کاریگەرتر و خێراتر و پەلوپۆدارترن لە تواناکانی ئێمە. لە دەستدانی خێزان لە دەستدانی ماڵە، نەمانی پنتێکە لە دونیادا کە مرۆڤ  تیایدا خۆشبویسترێت، رێز بگیرێت تەنها لە بەر خۆی، نەک هیچ مەرجێکی تر.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:07:15/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌