ناین ئیلێڤن؛ 11-9

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر


بیست ساڵ لەمەوپێش؛ ڕووداوێکی جیهانی ڕوویدا. لە ڕۆژی یانزەی ئەیلول، بە یانزەی سیپتەمبەر یان "ناین ئیلێڤن" ناسراوە، ئەوەی کە لە خەیاڵدا وێنا نەدەکرا، ڕوویدا و هەموو دونیا ڕاستەوخۆ بینی. ئەم ڕۆژە یەکێکە لە ئەو ڕۆژانەی زۆر جار خەڵکی لە یەکتر دەپرسن، ئایا ئەو ڕۆژە لە کوێ بوویت؟ ئەو رۆژە من لە شاری کۆرک لە باشووری ئایرلەندا دەژیام، ئەو کاتەی، ڕوویدا نزیکەی دوای نیوەڕۆبوو بە کاتی ئایرلەندا، من خەریکی بۆیاخکردنی ماڵێک بووم لە نزیک زانکۆ، لە گەڵ پیاوێکی بە تەمەنی "ئایرلەندی" بە ناوی "تۆم کوین". ماڵەکە هەرچەندە چۆڵ بوو، بەڵام تەلەفزیونی تیادابوو. بیرم دێت هەندێک تەماشامان کرد، بەڵام نەمادەزانی بەباشی چی ڕوودەدات. ئەو ڕۆژە، ساتەوەختی بەرکەوتنی تیرۆری ئیسلامی و ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکی بوون. پەیوەندی نێوان ئەم دوانە ئاڵۆزە  خۆی لە دۆستایەتی و یەکتر بەکاربردن و فەرامۆشکردن و دوژمنایەتیدا دەبینێتەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە باس لە ئەم مێژووە بکەم. ئەوەی لەم نووسینەدا دەمەوێت ڕووناکی بخەمە سەر، کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە پاش یانزەی سیپتەمبەر هاتە ئاراوە و چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر کورد.
یانزەی سیپتەمبەر سەرەتای قۆناغێک بوو؛ تیایدا "ئەمریکا" لە دونیادا چووە شەڕێکەوە بە ناوی شەڕی دژە تیرۆر. ئەم شەڕە لە پاش بیست ساڵ، هەوڵی کۆتایی پێكهێنانی دەدرێت. لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا؛ ئەمریکا لە هەوڵی ئەودابوو کە ئەو هێزانە لە ناوببات کە بە تیرۆیستیان لە قەڵەم دەدات. ئەم جەنگە سووپای ئەمریکای برد بۆ زۆر جێگای دونیا، بە تایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم جەنگە لە ساتەوختێکدا بوو لە مێژووی جیهاندا، ئەمریکا بێ نەیار و بێ ڕکەبەر بوو، بۆیە نوخبەیەکی تایبەتی ئەمریکی بە دەرفەتی ئەوەیان زانی بە سوود وەرگرتن لە دۆخەکە و بە پشتیوانی سووپای "ئەمریکی" دونیا بە ئەمریکایی بکەن و جارێکی تر رێگە نەدرێت نەیارانی "ئەمریکا" لە جیهاندا بتوانن ڕکەبەری "ئەمریکا" بکەن. دەتوانین بڵێین؛ ئەمریکا لە لاوازکردنی هێزە تیرۆریستیەکاندا هەتا ئاستێک بە ئامانج گەیشت، بەڵام لە بە ئەمریکاییکردنی وڵاتانی تر، ئێراق و ئەفغانستان بە تایبەتی شکستی هێنا. بە دیموکراسیکردن چەند قۆناغێکە، سەرەتا بە گواستنەوە بۆ دیموکراسی، پاشان، سەقامگیربوون و تۆکمە بوون، ئینجا دیموکراسی، بەڵام ئەم گواستنەوەیە تەنها تایبەتی نیە بە جۆری حوکمڕانی بەڵکو کاریگەری هەیە لە سەر سەرجەم بوارەکانی ژیان.
هەردوو ئێراق و ئەفغانستان لە زۆر ڕووەوە لە یەک دەچوون، هەردوو فرە شوناسن، ناوەند تیایاندا لاوازە، دیموکراسی بوونیان مایەی مەترسییە بۆ دراوسێکانیان، کۆمەڵگای پاش جەنگن و هەتا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگای لادێیی و تەقلیدین. وەرچەرخانی کۆمەڵگای لەم جۆرە بۆ دیموکراسی و حوکمی دەزگا و کۆمەڵگای کراوە ئێجگار زەحمەتە. بەم پێیە "ئەمریکا" هات بۆ دوو وڵات هەتا بیانکات بە دیموکراسی، کە هیچ بنەما و کەلتوور و ئاگایی و نوخبەی دیموکراتخواز بوونی نەبوو. هەرچەندە ئێستا "ئەمریکا" وای پێباشە ئاوڕ لەو مێژووە بداتەوە مەبەستی دیموکراسیکردن نەبووە. ئەمە بۆ خۆدزینەوەیە، چونکە بەبێ دیموکراسیکردن تیرۆر کۆتایی نایەت. بەڵام لایەنی ئەمریکی و لایەنی ئەو دوو وڵاتە هەردوو ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکی گۆرانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا پێکەوە کار بکەن. ئێستا کە یادی بیست ساڵەی ئەو ڕووداوە دەکرێتەوە، "ئەمریکا" دەیەوێت کۆتایی بە ئەو قۆناغە بهێنێت. ئەم پاشەکشەی "ئەمریکا" ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، بە جیاوازی. یەکەم دەرئەنجامی لاوازی یان پاشەکشەی "ئەمریکا" بەهێزبوونی دەوڵەت ئەقلیمییەکانە، وەک (ئێران و تورکیا). بەهێزبوونی ئەم دوانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر هەموو کورد هەیە بە نەرێنی.
دووەم پرۆسەی دیموکراسی و لیبرالیزم و بەهاکانی هەموو بەرەو لاوازی دەچن، لە ناوچەکەدا. دەرئەنجامی ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ململانێی هێز و پشتگیریکردنی لایەنەکان بە پێی ڕۆڵیان لە هاوسەنگی هێزدا نەک هەڵسوکەوتیان. 
سێیەم؛ لە هەمووی گرنگترە، پرۆسەی دیموکراتیزەبونی کوردستان لە ناوەوە لە دۆخێکی خراپدایە. هەم نوخبەی سیاسی و هەم خەڵکیش لە ئاستێکی ئاگایی وەهادا نین کە بتوانن خۆیان ئەو پرۆسەیە بەڕێبکەن. کۆمەڵگای کوردی بە دەست کۆمەڵێک جەمسەرگیری نا-ئەقڵانییەوە دەناڵێنت. جەمسەرگیری شەڕی ناوخۆ. جەمسەرگیری ئاینی و مەدەنی. لایەنگرانی ئەم جەمسەرگیرییانە توانای وێناکردنی وێنا گەورەکەیان نیە، بەڵکو هەموو قوربانی جەنگە بچکۆلەکانن. جەمسەرگیریی لە دۆخی نیمچە دیموکراسیدا ئەگەر نەوەستێنرێت ئەوا کایەی دیموکراسی هەتابێت پەرت و دژایەتی  تۆختر  دەکاتەوە. درککردن بەم دۆخە لە کوردستان ئاسان نیە، کاتێک دەبینیت خەڵکانێک نییە لە دەرەوەی جەمسەرگیریی و هاوکێشەکان، بەڵکو بە گشتی هەموو بەشدارن، بە تایبەتی کاتێک ڕۆشنبیر وەها ڕۆشنبیرییەکەی دەپێورێت کە هەڵوێستی هەبێت، نەک توانای بینی وێنە گەورەکە و ڕوناککردنەوە ڕێچکە تاریکەکان.
کورد لە ڕابوردودا باجی سودنەبین لە مۆدێرنەی داوە. کاتێک مۆدێرنەی ئەوروپایی لە ڕێگای تەنزیماتی عوسمانییەوە دەگاتە ناوچەکە، مەلاو کوێخاکان لە بەر بەرژەوەندی خۆیان دژی دەوەستنەوە. هێزی مەدەنی کوردیش؛ زۆر لاوازبوو بۆ ئەوەی بتوانێت ڕکەبەری ئەمانە بکات. بۆیە کورد سوودی نەبینی لە تەنزیماتی عوسمانی و پاشان باجەکەی زۆر گەورەبوو. زاڵبونی ئەم هێزە کۆنەپارێزانە، وەهایکرد لە پەرچەکرداردا هێزی ڕادیکاڵی چەپ بێتە ئاراوە، لە ئەنجامدا نە کۆمەڵگا بەرهەم هات، نە کەلتوور، نە ڕۆشنبیریی. سەرباری بوونی ژمارەیەکی بێشوماری چەپ و ساڵانێکی زۆر لە چەپایەتی هەتا ئێستا دەقێکی چەپی کوردی بونی نیە. ئەگەر لە سەردەمی تەنزیماتدا هێزی مەدەنی کەم خوێندەوار و لاوازبوون، ئەوا ئەمڕۆ دۆخەکە باشتر نییە. بە نەمانی پاڵنەرێکی گەورەی وەک "ئەمریکا" بۆ دیموکراتیزە بوون و حوکمی سەردەمیانە لە وڵاتی ئێمەدا، کارەکان ئێجگار ئێجگار سەختتر دەبێت. ئێمە هەر لە ئێستاوە بەڕوونی سەرەتای دۆخەکە دەبینین، کە چیدی ڕۆژنامەی ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنی و بازاڕی ئازاد و جیاکردنەوەی مەدەنی و سەربازیی و حوکمی یاسا و زۆر زۆر شتی تر هیچ بونیان نەماوە. لە دۆخێکی وەهادا لە بڕی ئەوەی خەڵک یان کۆمەڵگا بتوانێت ئالەنگاری دروست بکات، دیدو هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە گشتی کراون بە قوربانی خیتابێکی پۆپیولیستی. کرۆکی پۆپۆلیزم زۆر سادەیە. پۆپولیزم پێت دەڵێت کە تۆ قوربانیت، تۆ زوڵمت لێدەکرێت، لە لایەن نوخبەیەکەوە، ئەگەر پشتیوانی من بکەیت، ئەوا ئەم زوڵمە کۆتایی پێدەهێنم. بەڵام وەک لە زۆر جێگای دونیادا تاقیکراوەتەوە، هێزی پۆپیولیست فریودەر و دەسەڵاتخوازە، بە سەر ئازاری خەڵکەوە سەرمایەگوزاری دەکات.
وەک "میشێل فۆکۆ" پێمان دەڵێت دەسەڵات لە پەیوەندیدا فەراهەم دەبێت. بەو مانایە کەس بە تەنها دەسەڵاتدار نییە. دەسەڵات لە میانەی پەیوەندی نێوان کەس و لایەن و هێزەکان دێتە ئاراوە، لە هەناو ئەو پەیوەندییەدا بەرجەستە دەبێت. کەسێک بە تەنها لە ئەشکەوتێکدا، خۆی بە هەرچییەک بزانێت، بە تەنها بێ دەسەڵاتە. خەڵک ئەم ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەی خۆی نابینت، چونکە ئاسانترە نەیبینێت. ئەگەر جاران هیوامان وەهابوو کە ڕەنگە لە چەند دەیەی داهاتودا بکەوینە سەر رێچکەی دیموکراسی، بە کشانەوەی ئەمریکا دەبێت ئەو چەند دەیەیە درێژبکەینەوە بۆ سەدە.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:03:20:08/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌