دەرچوون لە ئێراق (40)

پرۆفیسۆر دکتۆر. كەیوان ئازاد ئەنوەر
مامۆستای زانكۆ و ڕاوێژكاری چاوی كورد

كورد لە سەردەمی دەسەڵاتی‌ یەكەمی بەعسییەكان لە ئێراق لەساڵی‌ (1963)

(بەعس) لە ڕووی چەمكەوە واتا (ژیانەوە)، بەڵام ئەو ژیانەوەیە تەنیا بۆ نەتەوەی عەرەب و لە نێو ئەوانیشدا تەنیا ئەو عەرەبانەی وەك (حیزب بەعس) بیریان دەكردەوە. ئەو بیركردنەوەیەش بەو مانایە بوو، كە جگە لە خۆیان باوەڕیان بە كەسی تر نەبوو، وە جگە لە خۆشیان بیریان لە كەسی تر نەدەكردەوە. لەو چوارچێوەیەشدا (میشێل عەفلەق)ی بە ڕەگەز(عەرەب)و بە ئایین (مەسیحی)و بە بیركردنەوە (خۆرئاوایی) لە (4ی نیسانی1947), لە (گازینۆی ڕەشید)ی شاری (دیمەشق)ی پایتەختی وڵاتی (سووریا) لەگەڵ چەند كەسێكی هاوڕیی پارتێكی بەناوی (پارتی بەعسی عەرەبی) دامەزراند. دوای‌ (پێنج) ساڵ و نیویش و لە (13ی تشرینی دووەمی1952) لەگەڵ (پارتی سۆشیالیستی عەرەبی) بە سەرۆكایەتی (ئەكرەم حۆرانی) یەكیان گرت و بەهەردووكیان (پارتی بەعسی سۆشیالیستی عەرەبی)یان دروستكرد. لێرەوەش ئەو پارتە بە گوڕ و پلانێكی نوێووە هاتە مەیدان و كەوتە ململانێ لەگەڵ دەوروبەر. ئامانج لەو كارەشی گەیشتن بوو بە (دەسەڵات) لە یەكێك لە وڵاتە عەرەبییەكان. ئەوە بوو دواجار بەختیان لە (ئێراق)و دواتر لە (سوریا) گیرسایەوە. سەرەتاش یەكەمین ئەزموونی خۆیان لە عێراق تاقیكردەوە. ئەوەش كاتێك لەبەرەبەیانی (8ی شوباتی1963) لەرێگای (عەبدولسەلام عارف)ەوە گەیشتنە دەسەڵات و تا (18ی‌ تشرینی یەكەم)ی هەمان ساڵ لە دەسەڵات مانەوە.
 
ئەو ماوەیەی بەعسییەكان ئێراقیان بەڕێوەبرد، خۆی لە (هەشت) مانگدا. لەو ماوەیەشدا مێژووییەكی ڕەشیان لەو وڵاتە تۆمار كرد. مێژووییەك پڕ لە كێشە و ململانێ و شەڕ و ئاژاوە و پێكدانانی ئێراقییەكان بەگژ یەكدا. لەنێو ئەو تۆمارە ڕەشانەشدا، پێشنیاری پڕۆژەیەكی‌ سیاسی‌ بوو بۆ شۆڕشی كورد بەناوی (پرۆژەی لامەركەزی‌). ئەو پرۆژەیەی لە (9ی‌ ئازاری‌1963) پێشكەشی سەركردایەتی شۆڕشی كورد كراو قبوڵ نەكرا, بەڵام كەلێن و ناكۆكی خستە نێو ڕێزەكانی شۆڕشی ئەیلول و پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەوەش كاتێك پۆلێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (مستەفا بارزانی) سەركردەی شۆڕشەكە جیابوونەوە. لەنێو ئەو دۆخەشدا بەعسییەكان لە (9ی‌ حوزیرانی‌1963) زۆر دڕندانە كەوتنە وێزەی‌ كورد و كۆمەڵكوژییەكی گەورەیان لەشاری‌ (سولەیمانی) ئەنجامدا. كۆمەڵكوژییەكەش بە فەرماندەیی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (زەعیم سدیق)ی‌ فەرماندەی لیوای بیستی ئێراق و بەرپرسی لیوای سولەیمانی ئەنجامدرا. یەك ڕۆژ دوای ئەو كۆمەڵكوژییەش، حكومەتی ئێراق شەڕی سەرتاسەری لە دژی كورد و شۆڕشەكەی ڕاگەیاند و ماوەی (24) كاتژمێری دانا, تا خۆیان ڕادەستی حكومەت بكەن و كۆتایی بە شۆڕش بهێنن و سەرجەم چەك و تەقەمەنی و پێداویستییەكانی شەڕیان بدەنە حكومەت. ئەم داوایەی حكومەتی ئێراقیش (مستەفا بارزانی)شی گرتەوە. تەنانەت ڕۆژی (11ی‌ حوزەیران) خودی‌ (عەبدولسەلام عارف) و چەند گەورە ئەفسەرێكی ئێراقی سەردانی شارەكانی (كەركوك و هەولێر)یان كرد و لە نزیكەوە دۆخی بەرەكانی شەڕەیان بەسەر كردەوە.

لە ئاست ئەو دوژمنایەتییەی بەعسییەكان بۆ كورد, سۆز و بەزەیی‌ (كۆماری‌ میللی‌ مەنگۆلیا)ی هێنایە دەنگ. ئەوەش كاتێك لە (هەژدەیەمین) كۆبونەوەی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ نێودەوڵەتی‌ لە (3ی‌تەمموزی‌1963)و لەشاری (نیویۆرك)ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, ڕایگەیاند، كە ئەو سیاسەتەی‌ بەعسییەكان لە ئێراق بۆ لە ناوبردنی‌ كورد و كاولكردنی‌ ناوچەكانیان جێگای قبوڵ نییە، بەڵام بە هۆی‌ پشتگیری‌ نەكردنی‌ لەلایەن زۆرینەی‌ وڵاتانی‌ ئەندام، لە (25ی‌ تەمموز)ی‌ هەمان ساڵ پشتگیریكردنەكەی‌ كشاندەوە.هەر لەم نێوەندەشدا (یەكیەتی‌ سۆڤیەت) لە (9ی‌ تەمموزی1963)و لەڕێگای‌ (ئەندریۆ گرۆمیكۆ)ی‌ وەزیری‌ دەرەوە ووڵاتەكەی یاداشتێكی دایە باڵیۆزخانەكانی‌ (سوریا, توركیا, ئێران) لە ووڵاتەكەی و ئاگادار كردنەوەو داوای‌ لێكردن، كە نابێت یارمەتی‌ و پشـتگــیری‌ ئەو سیاسەتەی‌ بەعسییەكان لە ئێراق بدەن. ئەو هەڵوێستەی‌ وەزیری‌ دەرەوەی‌ یەكیەتی‌ سۆڤیەتیش لە ئەنجامی‌ ئەو سیاسەتەی (حكومەتی‌ بەعسی سوریا) بوو، كاتێك لە ناوچەی‌ بادینانەوە هاوكاری‌ سەربازی‌ سووپای ئێراقی بۆ لێدانی شۆڕشی كورد كرد. لە یاداشتنامەی‌ ئەو وەزیرەدا هاتبوو‌‌ئەو بارودۆخەی‌ ئێمڕۆ لە باكووری‌ ئێراقدا تێپەر دەبێت, لەلایەن حكومەتی‌ سۆڤیەتەوە جێگای‌ قبوڵ نییە و ناتوانێت لە ئاستیدا بێدەنگ بین، چونكە ئەو سیاسەتەی‌ حكومەتی‌ ئێراق لە دژی‌ كوردەكان پەیڕەوی‌ دەكات ، ئاشتی‌ لە خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە‘‘.

بەهەموو ئەو هەڵوێستانەشەوە، كە (كۆماری میللی مەنگۆلیا و یەكیەتی سۆڤیەت) لەو كاتەدا خستیانەڕوو، نەیانتوانی بەر بە سیاسەتی توندی بەعسییەكان بگرن و كۆتایی بە شەڕی كورد بهێنن و ئاوڕ لە چارەسەی ئاشتی بدەنەوە. هەربۆیە تا ئەو كاتەی لە (18ی تشرینی دووەم)ی هەمان ساڵ لەلایەن (عەبدولسەلام عارف) لە دەسەڵات دوورخرانەوە، بۆ یەك ساتیش لە شەڕی كورد و لێدانی شۆڕشی ئەیلول سارد نەبوونەوە. ئەوەش لەكاتێكدا بوو، بەشێك لە كوردەكان لەژێر ناوی (سوارەی سەلاحەددین) شەڕی شۆڕشی نەتەوەكەیان بۆ حكومەتی ئێراق و بەعسییەكان دەكرد. لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە ڕابەرایەتی (ئیبراهیم ئەحمەد)ی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دژی (مستەفا بارزانی) سەركردەی شۆڕشەكە وەستابوون. هەربۆیە ئاسان نەبوو بەو دژانەی ناوخۆت، شەڕی ئەو پارتە نەتەوەپەرەستە عەرەبە و حكومەتی ئێراق بكەیت.  


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:02:09:30/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌