پێورەکانی ستراتیژی نەتەوەیی و، بەستێنی تاکتیکەکان

شەماڵ بۆکانی
نووسەرو لێکۆڵەری ستراتیژە سیاسییەکان

دابەشکردنی پێناسەکانی پەروەردەیی لە روانگەی سایکۆلۆژیای سیاسیدا، بە پێوەرەکانی ئایدۆلۆژیایی و سەرمایە، دەراوێکی گرینگی تەرخانکراوە بۆ ئاوڕدانەوە لە سیستمی دەسەڵاتی بەرێوەبەر، واتە؛ دەرئەنجامی پەروەردە لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا پێوەری دیاردەی ستراتیژی دەسەڵاتە و، پێمان دەڵێت؛ ئەم ستراتیژە نەتەوەییە، یان تاکتیکێکە بە پێوەری دیموکراسییەتی رواڵەتی تاک و کۆمەڵگە، کۆدی دیاردەی تاکتیکی دوور لە رواڵەتی پەروەردەیی نەتەوەیی،  بە ناوی  سیستمی سەردەمییانە، قێزەونترین چەواشەکارییە بۆ خۆراکی سۆفیزمەکانی ڕاگەیاندن کە پێداگرن لەسەر بەردەوامی پێناسەی نەتەوەیی و نیشتیمانی وەک پێناسەی ڕەوتێکی سیاسی کە ئەو تاکتیکەی وەک بەرژەوەندی حزبی بەکار هێناوە، بە دەرکەوتن و خۆ-زەق کردنەوەی ئەم دیاردە لە دەسەڵاتی بەرێوەبەر و نووسەرەکانیدا، دەسەڵاتی لۆسفیرەکانی جیهانی لە ڕاگەیاندنی چەواشەکارانەدا دێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە،  ئەو راستییەش دەردەکەوێت کە ستراتیژی نەتەوەیی لە بەستێنی پێچەوانەیی تاکتیکدا پاساو هەڵناگرێت، چونکە دیاردەی تاکتیکی کرداری لە گەڵ داگیرکەر لە شێوەکانی سەربازی و کۆلۆنیالی  لەسەر خاکی خۆت  کۆدی پوچەڵکردنەوەی ستراتیژێکی چەواشەکارییە بە ناوی نەتەوە و نیشتیمان لە چوارچێوەی بە نا-دیپلۆماسییەتدا .

دەرئەنجام؛ دوو پێوەر دەبنە پێناسە بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێکی  ناوخۆیی سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنێکی  سیاسیی و چەکداری لە دژی دەسەڵاتێکی خۆ-جەیی و  دەسەڵاتێکی داگیرکەر، هەرچەند بە ناو و ناوەڕۆک جیاوازیش بن، دەسەڵاتی بێ ستراتیژی نەتەوەیی و ئۆپۆزسیۆنی هاوشێوە لەم حاڵەتەدا دەبنە شوێنکەوتە و وه‌ڵامدەری سیاسەتی دیپلۆماسی و سیخوڕی و فەرهەنگی داگیرکەر و دەسەڵاتی خۆ-جەیی، هۆکاریش نەبوونی توانای هێرشکردنی چەند جەمسەرییە بە پێوەرەکانی پەروەردەیی، چەند رەهەندی و خۆ-هەڵواسین بە تاکتیکەوە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە.

لە هەمان کاتیشدا ئەو دەسەڵاتانەی ستراتیژی نەتەویی پەیڕەو ناکەن بە ناچاری بواری کۆمەڵناسی سیاسیی ناوخۆیی بۆ بەردەوامی دەسەڵاتی بازرگانی و مافیایی بەهێز‌دەکات، لە پێناو، بۆ خڵافاندنی کۆمەڵگە  و ئۆپۆزسیۆن، بۆیە؛ فاڵچی و بەناو  فەلەکناسەکان و فەرهەنگی نامۆ لە رێگەی تیڤییەکانەوە  دەکەنە دەمڕاستی ڕووداوە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان، چونکە توانایی خوێندنەوەی کۆدەکانی ستراتیژییان نییە و، خۆیان بە قەدەرەوە هەڵدەواسن، یان ناتوانن رێگری لە دەسەڵاتی فەرهەنگی فراماسۆنییەکان بکەن  کە  لۆسفیری ڕاگەیاندن ئاراستەی دەکات، ئەوەش شاراوەترین دەسەڵاتی بەرێوەبەری جیهانییە، لە وەها بیرکردنەوەیەکیشدا پێناسەی قەدەر لە ڕوانگەی مافیاوە، مانەوەی دەسەڵات و سەرمایەیە بە پێی کۆدی تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بونیاتنەرانەی ستراتیژی نەتەوەیی، یان خۆ-دزینەوە لەو ئەرکە پیرۆزە، لە وەها دیاردەیەکیشدا   لێکدانەوەی چەند ڕەهەندی لە یەک پێوەری هزری دەسەڵاتدا خۆی کۆ دەکاتەوە، ئەو کۆدەش پێناسەی کەسایەتی نووسەرەکانی سەر بە دەسەڵات دیاریدەکات بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگە  لە پێناو سەرمایەدا، بە خوێندنەوەی کۆد و پێناسەکانی ئەم بابەتە چەندین پرسیار دێتە ئاراوە، یەک لە هەرە بەرچاوترین پرسیارەکانیش ئەوەیە؛

خاک و نەتەوە ستراتیژ دیاری دەکات یان نەوت؟

کاتێک خاک و جیۆگرافیای سیاسیی و ئێتنی ستراتیژ دیاریکەن، چۆن دەکرێت پلانەکانی ( ئای )  و ( بی ) رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری بۆ بکرێت سەبارەت بە دابەشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

پرسیاری تر ئەوەیە؛ ئەو خاکەی خاوەن نەوتە دەکرێت ستراتیژی داگیرکەران و کۆلۆنیاڵەکان تەنها بە "نەوت" بەراورد بکات؟


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:03:48:22/02/2021



ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر