ڕێگای ئاوریشم، چین دەكات بەگەورەی دونیا (2)

سەروەت قەهار
ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییکان

بەشی دووەم 

شێوازی ڕێگاكە

لە بەشی یەكەم بەكورتی باسی چین و بیرۆكەی ڕێگاكەمان كرد، لەم بەشەدا باسی شێوازی ڕێگاكە دەكەین.پڕۆژەی (یەك پشتێن و یەك ڕێگا) بریتییە؛ لە تۆڕێك ڕێگای وشكانی و ئاوی و هەورەها بۆڕی گواستنەوەی نەوت و گازی سرووشتی و ڕێگای ژمارەیی، هەر یەكێك لەو ڕێگایانە تەواوكەری ئەو پڕۆژەن كە "چین" دەگەیەنێت بە ئەوروپا و لێكگرێدراوی هەموو ئەو وڵات و ناوچانەی دەكات كە پڕۆژەكەی پێیدا تێپەڕدەبێت، لێرەدا بەكورتی باسی شێواز و جۆرەكانی ڕێگاكە دەكەین:-

ڕێگای وشكانی؛ بەشی گرنگ و یەكەمی پڕۆژەكە بریتییە؛ لە ڕێگای وشكانی كە هەمان ڕێگا ئاوریشمییە كۆنەكەیە و لە كۆمەڵێك ڕێگا و هێڵی ئاسنین پێكدێت، ئەو ڕێگایە بەئاسیای ناوەڕاست  (كازاغستان، قیرغزتان، توركمانستان، ئۆزباكستان و تاجیكستان...) و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕاوت لەدەستێك و لەدەستەكەیتردا كەنارەكانی زەریای هیندی و باشووری ئاسیا بە چینەوە دەلكێنێت، ڕێگای وشكانی لە شەش ڕێگەی سەرەكی پێك دێت بەم شێوەیە:-

-پردی ئۆراسیای نوێ‌ كە ڕۆژئاوای "چین" بە ڕۆژئاوای ڕووسیا دەبەستێتەوە.

-ڕاڕەوی چین-مەنگۆلیا-ڕووسیا كە لە باكووری چین-ەوە دەست پێدەكات تاكو ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا.

-ڕاڕەوی چین-ئاسیای ناوەڕاست-ڕۆژئاوای ئاسیا كە لە ڕۆژئاوای چین-ەوە دەست پێدەكات تاوەكو توركیا.

-ڕاڕەوی چین-نیمچەدوورگەی چین كە لە باشووری چین-ەوە دەست پێدەكات تا دەگات بە سەنگافوورە.

-ڕاڕەوی چین-پاكستان.

--ڕاڕەوی بەنگلادش-چین-هیندستان-میانمار كە لە باشووری چین-ەوە دەست پێدەكات تا دەگات بە هیندستان. 

لەگەڵ ئەوانەشدا تۆڕێك هیڵی ئاسنین هەن كە تێیدا "چین" نوێترین شەمەندەفەرەكانی كە خاوەن خێراییەكی بێوێنەن بەكاردێنێت بەمەش هەم كاتی بۆ دەگەڕیتە هەم زۆرترین بەركەوتەی لەگەڵ ناوچەكانی تردا دەبێت.

ڕێگای ئاوی؛ ڕێگای ئاوی دووەم بەشی پڕۆژەكەیە، (ژی چینگ پینگ) بۆ یەكەمجار لە پەرلەمانی "ئەندەنووسیا" لە ساڵی 2014 ڕایگەیاند و باسی گرنگی پەیوەندی و هاوكاری نێوان "چین" و وڵاتانی كۆمەڵەی ئاسیان كرد، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی ژێرخانی ئاوی وڵاتانی بەشداربووە، بەشێوەیەكی گشتی بەشی ڕێگای ئاوی كۆمەڵێك ڕاڕەوی ئاوی لەخۆ دەگرێت و چین بەئەوروپا دەگەیەنێت، ئەم هێلە لە ڕووباری چینی باكوورییەوە دەستپێدەكات و بە باكووری زەریای هادیدا تێپەڕدەبێت، هۆكاری هانا بردنە بەر ڕێگای ئاوی لەلایەن چینییەوە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك بەربەستی گەورەی جیۆگرافی كە لە نێوان زەریای هیندی و ناوچەكانی ئۆراسیادا بوونی هەیە، هەر لە زنجیرە چیا و بیابانی وشك و دارستانی گەورە كە درێژە دەبێتەوە بۆ باشووری ئاسیا و دایدەبڕێنێت لە ئاسیای ناوەڕاست، ئەو بەربەستانە هۆكارن لەوەی وڵاتانی ناوچەكە بە چینیشەوە نەتوانن بگەنە زەریای هیندی، گرنگییەكی تری ڕێگای ئاوی كورتكردنەوەی ڕێگای ئەورووپایە بۆ گەشتە بازرگانییەكان بە پێی خەملاندنەكان بۆ هەر گەشتێك زیاد لە (15) ڕۆژ دەگەڕێنێتەوە بە بەراورد بەو گەشتانەی كە لە كەنداوی سوێسەوە ئەنجامی دەدان.

هێڵی بۆڕی نەوت و گازی سرووشتی؛ چین كێشەی گەورەی نەبوونی سەرچاوەی وزەی پێویستە، لەسەدا هەشتای وزە لە دەرەوە هاوردە دەكات، یەكێك لە هۆكارەكانی درووستكردنی ئەو ڕێگایە دڵنیابوون و دەستەبەركردنی وزەیە تاكو بە تەواوی دوور كەوێتەوە لە مەترسیە ستراتیژی و ئەمنییەكانی دابینكردنی وزە، ئەو شا ڕێگایە كۆمەڵێك ڕێگا لەخۆ دەگرێت بەم شێوەی خوارەوە:

هێڵی نەوتی چین-ڕووسیا.

هێلی نەوتی چین-كازاخستان.

هیڵی گازی سرووشتی چین-ڕووسیا.

هێڵی گازی سرووشتی چین-توركمانستان، لەگەڵ هەبوونی چەندین ڕێگەی تر.

ڕێگای ئاوریشمی ژمارەیی، لە ساڵی 2018 سەرۆكی "چین" بەفەرمی بەشێكی تری پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی ڕاگەیاند كە بریتییە؛ لە ڕێگای ژمارەیی، سەرۆك گوتی ئەو پڕۆژەیە یارمەتی ئەو وڵاتانە دەدات ژێرخانی ژمارەییان بەهێز بكەن بەهەمان شێوەیش ئاسایشی سایبەر، وەهەروەها "چین" پێی وایە لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە دەتوانێت كۆمەڵگەیەكی داهاتوو هاوبەش دروست بكات، بۆ ئەم مەبەستەش شاری (شیان) هەڵبژێبردراوە كە یەكێكە لە پایتەختە كۆنەكانی چین و تەنراوە بە ئەندازیارە هونەرییەكان و بڕیارە بیكەن بە پایتەختی تەكنەلۆژی، بێگومان لەم هەنگاوە "چین" بازاڕێكی گەورەی ئەلیكترۆنی دەست دەكەوێ‌ لە لایەك و لەلایەكی ترەوە كۆمپانیا گەورەكانی وەكو هواوی دەورێكی گەورە و كاریگەرییان هەیە وزۆرترین كاڵا دەفرۆشن.

لە بەشی داهاتوودا باسی ئامانج و بەربەستەكان دەكەین. 


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:12:57:20/02/2021



ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر