پاراستنی ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان

بێهرۆز زكری ئێدلبی
نوسەر و چالاکوان

پاراستنی ئه‌زموونی سیاسی ئەركی سەرشانی هەموومانە.

ئێستا؛ كاتی یەکگرتن و یەک دەنگی هەمەلایەنەیه‌، نەک هێرشكردنە سەر یەكدی و ناشرینكردنی یەكدی، ناكرێت لەمە زیاتر پەرە بە هەڵەكانی رابردوومان بدەین.

ئەزموونی سیاسی چەند ساڵەی كوردستان شاهێد و، گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیە؛ هەركات، لە هەر سەردەمێکدا یەکریز و، یەک دەنگ بوو بین توانیومانە بە ئاسانی ئیرادەی خۆمان بەسەر دوژمندا بسەپێنین. هەركات سەنگەری دژایەتیكردن لە یەک دیمان گرتبێتەبەر، دوژمنان زۆر بە ئاسانی ئیرادەی خۆیان بەسەر ئێمەدا فەرزكردووە.

هیچ كات، لە هیچ سەردەمێک دا؛ كورد وەک ئێستا دەرفەتی بە دیهێنانی خەونی سەركەوتنی كوردستانی بۆ نەرەخساوە، ئیراق لەو پەڕی لاوازیدایە و، بە هەمان شێواز توركیا و، سوریا و، ئێران-یش گیرۆدەی دەردی ناوخۆیی خۆیانن. ئەگەر بێت و، كوردستانییان بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی ڕووبەڕوی تەحەدییەكان ببنەوە، بە ئاسانی دەتوانن هەموو پیلانێک بۆ لە باربردنی ئەزموونی سیاسی و، جیۆگرافی هەرێمی كوردستان پووچەڵ بكەنەوە.

ئیدی كاتی ئەوە هاتووە بە ئەقڵێكی سەردەمییانە بیر بكەینەوە، بە فیكر و ڕامانی كوردستانییانە بێینە مەیدان. لە ئێستادا هەموو ڕەنگ و دەنگێكی جیاواز بخەینە لایەكەوە، هەموومان پێكەوە ڕووبەڕوی تەحەدییەكان ببینەوە، پەیامێكی كەمەرشكێن بە دوژمنانمان بدەین؛ بۆیان بسەلمێنین ئێمە گەلێكی زیندووین، وابە ئاسانی تەسلیمی ئیرادە سەپێنراوەكانیان نابین، بە هەموو هێزمانەوە لە سەنگەری بەرگریدا چەقیوین و نابەزین.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:41:06/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر