شادەماری ئابووری ھەرێم

ھۆگر نێروەیی
نوسەر

شادەماری ئابووری ھەرێم؛ لەنێوان ڕادەستکردن و کۆنفیدڕاڵی

‎لەڕێکكەوتنی نێوان (ھەرێمی کوردستان و بەغداد)، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی بودجە و ناردنی پارە ھیچ قازانجێکی وای نەکردووە کە جێگای باس بێت، دەتوانین بڵێین؛ تەنھا شەرعییەتدان بوو کە ھەرێم ھێشتا بەشێکە لە "ئێراق" لە ڕووی نەخشەوە، کە نیەتێک ھەیە لەبەغداد کار بە دەستوور بکرێت ھەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکات، ڕێکكەوتنەکە سەرەتای چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێراوەکان بێت، بۆ ئەوەی "ئێراق" پاشگری فیدراڵی خۆی بپارێزێت، ببێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و بڕیار بەدەستەوە، بەڵام ئەوانەی نییەتیان ھەیە دەسەڵاتی تەواویان نییە، ناتوانن جێبەجێی بکەن. چونکە بڕیاردانی "ئێراق" بەدەستی ھەندێکی ترە، یەک پارچەیی "ئێراق" بەتەواوی کۆتایی ھاتوو، لەڕوانگەی سیاسەتەوە شتێک نەماوە بەناوی ئێراقەوە، سێ بەشی بوون، بە بەشێک لەوڵاتانی تری ناوچەکە، سەیتەرە و بڕیار بەدەستی ئەوانە.

‎ئەوەی گرنگتر لەڕێکكەوتنەکەی بەغدایە، بە ناڕاستەوخۆ شەرعییەتی دا بە کۆنفیدڕاڵی ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئابووری سەربەخۆی فرۆشتنی نەوتی "ھەرێمی کوردستان" بوو بە ئەمری واقع، کە کاتی خۆی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بوو کاری لەسەر کرد، کە جەنابیان ئەمڕۆیان لەبەرچاو بوو، بۆ ئەوەی کارتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەدەستی شۆڤێنییەکانی بەغداد دەربھێنێت، ھەروەھا لەلایەکی تر بەرگری لەقەوارەی "ھەرێمی کوردستان" بکات، کە ئەمڕۆ لە سیاسەتی ناوچەکە ئابووری نەوت ڕۆڵێکی باڵای ھەیە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، ھەر بۆیە شۆڤێنییەکانی بەغداد ھەمو کارێکیان کرد بۆ ئەوەی مەلەفی نەوت لەدەست "کورد" دەربھێنن، کە شادەماری ئابووری ھەرێمە، لەڕێگای چەند کارەکتەرێکی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بە پشوو درێژی و سیاسەتی ژیرانەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەک مەلەفی نەوتیان لەدەست کورد دەرنەھێنا بەڵکو بەیاساییان کرد. دۆسیەی نەوتی ھەرێمی ڕزگارکرد لەو سکاڵانەی "ئێراق" ھەیبوو لەماوەی ڕابردوو بە ناڕاستەوخۆ دانا بە کۆنفیدڕاڵی ئابووری ھەرێم و، ئێستا دەتوانن زیاتر پەرەی پێبدەن بەنرخێکی باشتر نەوتەکە بفرۆشن، پێگەی ھەرێم بەھێزتر بکات لەجاران.

ڕووداوەکان خێران، ھەرێمی کوردستان لەسەر ھێڵە ڕاستەکەیە کە بێلایەنی خۆی پاراستووە و نەچووە ژێر ھەژموونی ھیچ وڵاتێکی ئیقلیمی ناوچەکە و،  بوو بەخاوەنی مەلەفی نەوت بەڕەسمی و یاسایی، ھەروەھا ‎لەچەند مانگی ڕابردوو؛ دەرکەوتنی ڕەغد-ی کچی سدام حسێن سەرۆکی پێشوی ئێراق و، سەردانی وەزیری دەرەوەی "قه‌ته‌ر" بۆ ھەرێمی کوردستان، یەک پاکێجن کە سوننەکانیش دەیانەوێت ئێراقی ئێستا کۆتایی پێ بهێنن، لە ڕووداو و گۆڕانکارییە خێراکان لەناوچەکە بەرژەوەندی خۆیان بپاێزن، وڵاتانی زلھێز ھەریەکیان دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە بە سیاسەتی خۆی وێنا بکەن، ھەندێک وڵات ھەن لەناوچەکە کۆتاییان پێھاتووە لەسەر نەخشە لادەدرێن، ھەندێکی تر ھەن ھێشتا وڵات نین، بەڵام لەھەموو ڕوویەکەوە ئامادەن نەخشەی وڵات بوونیان بۆ بکێشرێت، کە ھەرێمی کوردستان لەھەموو ڕوویەکەوە ئامادەیە ھەموو بنەمای وڵات بوونیان تیایە، تەنھا یەک کێشەیان ھەیە کەکێشەی ناوخۆیانە، ئەمەش دەبێت بەزووترین کات چارەبکرێت، پێش ئەوەی بەشێکی ھەرێم وەکو سێ بەشی تری "ئێراق" بەفەرمی بکرێتە سەر بە وڵاتێکی ئیقلیمی ناوچەکە کە بەرەی شیعەکانن.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:09:57:03/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌