دانیشتووم لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵ، ئەمەوێت بە ووشەکان لەگەڵ ئێوەدا ساڵ بەرێ بکەم، ئەم ساڵمان بەباش و خراپی تێپەراند و، ئەمەوێت بە پێنووسە ڕەنگینەکەم بۆ ماڵئاوایی لەساڵی کۆن ووشەیەک لە سۆز و دڵۆڤانی دروست بکەم، پڕ بێت لە هەست و خۆشەویستی مرۆڤەکان. زەوی هەر جارێ بەدەوری خۆردا ئەسورێتەوه بە جێگۆرینی وەرزێک بۆ وەرزێکی دیكه، لە چاو تروکانێکدا ڕووبەڕوی سەدان کێشە و، ڕووداوی سەیر و سەمەر دەبین بێ ئەوەی خۆمان ئاگادار بین.
ئەمساڵ؛ بۆ هیچ کەس خۆش نەبوو، بەداخەوە پڕ بوو لەتاڵیەکانی ژیان، ناخۆشترین ڕووداوەکانی ئەمساڵ؛ نەخۆشی کۆرۆنا بوو کە تا ئێستا بەردەوامە و هەر ڕۆژە و بەشێوەیەک خۆیمان پێشان دەدات تا زۆرتر ڕێزی یەکتر بزانین، چونکە کورۆنا بەوپەڕی بێ ڕەحمیەوە زۆربەی ئازیزانی لەئامێزی خاک کرد و، مناڵی بێ دایک و باوک کرد و، جەرگی زۆرێک لەدایک و باوکانی سووتاند و مرۆڤەکانی بەرانبەر بەیەک بێ ڕەحم کرد. ئەمساڵ؛ وای کرد لێمان کەس هاتوچۆی کەس نەکات، ئەمساڵ؛ یەکجار ناخۆش بوو، بەڵام وەک ئەزموونێک بوو بۆ ئێمە کە زۆرتر بیری خوامان بکەوێتەوە و بزانین بەهاری قیامەت نزیکە، بمانەوێت و، نەمانەوێت ساڵی کۆنیش لەئێوارەیەکی خەماویدا ماڵئاواییمان لێدەکات، دهرگای خۆشەویستی بەرهو ڕووی ساڵی تازە دەکاتەوە و ساڵی کۆن وەک باڵندەیەکی لانەواز بەهەموو خۆشی و ناخۆشیەکانیەوە دەدات لە شەققهی باڵ و لە چاوترکانێکدا بەرەو ئاسمان دەفڕێت بێ ئەوەی ئێمە هەستی پێبکەین و تەنیا ئەوەیە؛ ساڵێک لە تەمەنمان کەم بوویەوە، ڕەقهمێک چووە سەر تەمەنمان.
دهبێت شووکر و گوزار بین هێشتا زیندووین، هەناسە هەڵدەکێشین و دەتوانین بە زەردەخەنە و بەبێ چەتر بچینە ژێر بارانی ڕەحمەتی خودا و، دەنگمان بەرز بکەینەوە بەرهو ئاسمان و بەدڵ بپاڕێینەوە ئەمساڵ دواین ناخۆشی نەهامەتیەکانمان بێت، چونکە دەڵێین کاتێک سەخترین زستان تێپەر دەکەین، بەڵام هەرگیز بیرمان ناچێت بەهاری خۆشەویستی لەچاوەڕوان بوونمان دایە و نابێت لەسۆز و ڕەحمەتی خوا بێ هێوا بین. ئەمساڵ؛ کۆتایی هات. کەسێک لەدایک بوو و بە پێکەنینەوە چاوی هەڵێهێنا بەرهو دنیا و کەسێکش بەگریانیەوە ماڵئاوایی لەم دنیا کرد، یاسای ژیان هەر ئەمەیه و لەحاڵەتی گۆرانکارییدایە، بەڵام ژیان بەردەوامە وەک؛ ئاوی دەریا هەر خەریکی هاتوچۆ کردنە و ئۆقرە ناگرێت کەوایە با قەدەری یەکتر بزانین و، بۆ خۆشەویستی سنوور دانەنێین، بە دڵ فراوانی-یەوە پێشوازی لەساڵی نوێ بکەین، چونکە دوایی هەر ناخۆشیەک خۆشی-یهك دێت .