کورتە باسێک لەسەرشاری سەقز

ڕەمزیە عەلی
نووسەر
 
ناوی ئەمڕۆی سەقز لە ناوی هۆزی سەکە، یان سەکا، یان سێکز، وەرگیراوە و به خەڵات بۆ ئێمە ماوەتەوە، و سەقز هەمان ساکزە.

لە دەورانی دەسەڵاتداری مادەکاندا، سەکاکان بە بەردەوامی هێرشیان دەکردە هەرێمی دەسەڵاتدارییان و شەڕیان پێدەفرۆشتن. سکاکان هەندێک جار لە گەڵ ئاشوورییەکان دەبوون بە هاوپەیمان، و هەندێک جاریش لە گەڵ مادەکان هاوپەیمانیان دەبەست و بەدژی ئاشوورییەکان شەڕیان دەکرد. پاش هێرش کردنی سەر لە نوێی ئاشوورەکان بۆ سەر مادەکان، هەڤەخشتیریە بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی ئاشوورییەکان، پەیمانێکی گەورەی هاوپەیمانی لە گەڵ ماناییەکان و سەکاکان بەست و بە کرەوە بەرەێکی گەورەیی شەڕی دژ بە ئاشوورییەکان کردووە، مێژووی سەقز لە دەوروبەری ساڵی ٦٥۰، دەسەڵاتی پاشایەتی مادەکان ، دەوڵەتێکی گەورە و بەهێز و هاوسەنگ لەگەڵ ماناییەکان و ئوراتوو و عیلامییەکاندا بوو. پاش سەکاکان، کیمێریەکان کە یەکێکی دیکە لە هۆزە سەحرا نشینەکانی باکووری قەوقاز { قەفقاز } بوون، هێرشیان کردە سەر ئەم ناوچەیە کەئێستا بە کوردستان دەناسرێت و لە سەر ڕێگەی خۆیان دەسەڵاتی دەوڵەتی ئوراتوویان، لە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ و ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی، لە نێو برد. هووخشترە، گەورەترین پاشای مادەکان لە ۱۰ ساڵی یەکەمی فەرمانڕوایییدا، توانی پەیوەندی خۆی لە گەڵ پاشای سەکاکان بە ناوی ( پڕۆتۆسیس )، بە هاوپەیمانێکی گەورە پەرە پێبدات. هەڤەخشترە سوپاکەی بە دوو بەشی پیادەی چەکدار کراو بە نێزە، و سواری چەکدار کراو بە تیروکەمان، دابەش بکات و دەوڵەتێکی بەهێز بنیات بنێت. (شایەنی باسە کە ناوبراو ئەم شێوازەی لەسەکاکانەوە فێر ببوو ) مێژووی سەقز لە دەورانی حوکمڕانی هەڤەخشترە، پاش ئاگادار بوون لە بەستنی هاوپەیمانەتی لە نێوان سەکاکان و مادەکاندا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە سەکاکانی بۆ ڕۆژئاوای دەوڵەتی ماد، بە زۆر کۆچێندران و ئەم ناوچە بە ناوی ئەوانەوە بە ساکز و سێکز ناوبانگی دەر کرد و ئێستەیش بە سەقز ناوی لێ دەبرێت.
 
دەگوترێت کە ئەم شارە بە ناوی ( ئیزیرتا ) لە یەکەمین یەکگرتنی مادەکاندا، پایتەختی مادە بووه، سەرکردەکانی ماد لە دەروبەری شاردا کۆمەلێک قەڵا و سەنگەریان ساز کردبوو کە گرینگترینیان زێویە و ئادامیت هەڵکەوتوو لە گوندی قەپڵانتووە. هەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا لەو دەورانەدا سارگێنی دووهەم، پاشای ئاشوورییەکان هێرشی کردە سەر مادەکان و پاش سەرکەوتن بە سەریاندا ئیزیرتا، زێویە و ئادامیت بە دەستی سوپاکەی وێران کران.

شاری سەقز یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای کوردستانی ئێرانە، سەقز لە باکوورەوە لەگەڵ بوکان ، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بانە و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ دیواندەرو و سنە دەراوسێییە و ڕێگەی هاتۆچووی هەیە. ژمارەی دانشتوانی شاری سەقز بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمی 170000 کەس بووە.
 
زمانی خەڵکی سەقز کوردی سۆرانیە. شاری سەقز ٨ هەرێمی لە خۆ گرتووە کە بریتین لە: میرەدێ ، تورجان ، تیلەکۆ ، خوڕخوڕە ، سەرشیو ، زێویە ، کوڵتەپە.
لەناوچەی دەوروبەری سەقز دەیان شوێنی مێژوویی و کۆنی وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو و قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی پێش هاتنی ئارییاییەکان ، دوای هێرشی سەکاکان و گرتنی ناوچەکە بە ساکز یان سەکاکز ناونرا. دوای هێرشی هەڤەخشترە پاشای ماد، کە توانی سەکاکان لە ناو برێت ، ئەم شارە بەناوی سەقز مایەوە. شاری سەقز پایتەختی ماناییەکان ( دەوڵەوتێ لە دەوڵەتەکانی ماد ) بووە. لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی بەشێوازی مۆدێرن لە ئێراندا بە هۆی پێنەگەیشتن و نەدانی کەل وپەلی پێویست لە لایەن ڕژێمی حاکمەوە گۆندنشینەکان بۆ گۆزەرانی ژیانیان زۆرتر ڕوویان کردووتە شاری سەقز ، کۆچ کردنی گۆندنشینەکان بوەتە هۆی کەم بوونەوەی کاری کشتووکاڵ لەم ناوچەدا .  ناوچەی سەقز بێگۆمان یەکێکە لە کۆنترین و مێژوویترین شوێنەکان و لەزەمانی مادەکاندا سەقز ناوی " ئەسکیت " بووە . دوای هێرشی ئاشوورییەکان بۆ سەر مادەکان و داگیرکردنی سەقز ناوی ئەو ناوچەیە ئەگۆڕن بە " ساکز " یان سەکاکز، دوای ماوی ۳۰ ساڵ هەڤەخشترە پاشای ماد توانی هێرش کاتە سەر لەشکری دۆژمنان و وڵاتە داگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر حکوومەتی ماد ، بەڵام ناوی سەقز هەر وەک خۆی ئەمێنێتەوە . لەم سەردەمەدا بۆ هەموومان ڕوونە کە سەقز پایتەختی ماناییەکان بووە. و مانا یەکێک بووە لە تایفەکانی ماد. حکوومەتی مادەکان بە شێوەی پێکهاتە بووە ، واته لە نزیکی ۳۰ وڵات کە سیستمێکی حکوومی وەک فیدراڵی سەردەمیانەیان لە نێوانیاندا بووە، شوێنی مێژووی شاری سەقز، لە ڕۆژهەڵاتی ئێستای شاردایە، کە بە دەگمەن برێک لە نیشانەکانی ئەدۆزرێتەوە.

گەورەترین بە جێماوی سەردەمی ماناییەکان ، قەڵای زێویەیە و بە بڕوای هەندێک لە مێژووناسەکان هگمەتانەی بەناو بانگ نەک لە هەمەدانی ئێستادا بەڵکوو لە زێویەدا بووە. لە هێرشی ئاشوورییەکان بۆ سەر مادەکان زۆرینەی قەڵاکان و بیناکانی ئەو سەردەمە 
ڕووخێنران کەئێستاش وێرانەیە، هەندێکیان لە دەور و پشتی شاری سەقز ماوەتەوە.

قەڵای زێویە کە لە نزیکی سەقزدایە بە وتەی " گیرشمن " خەزێنەی پاشایەتی ماناییەکان بووە. پێش پێکهاتنی ئیسرائیل و بەڕێ کەوتنی جوولەکەکان بۆ ئەو وڵاته، بە سەدان بنەماڵەی جوولەکە لە سەقز و لە دەور وپشتی ژیانیان بەسەر ئەبرد. لە چەن کتێبێکدا هاتووە کە بە دۆزینەوەی چەن قاپ و گۆزەی بەنرخ لە بواری مێژوو ناسییەوە، بە دەیان جار لە لایەن چەن بازرگان و بە هاوکاری دەزگای حکوومیەکان هەوڵی دۆزینەوەی و بردنی ئەو نهێنیە پڕقیمەتەیان داوە وا دیارە لەو کارەدا سەرکەوتوو بوون لەبەر ئەوەی ئێستا زێویە غەیری دار و دیوارەکەی چی دیکە تێدا نەماوە. ئەو هەوڵی بردن و دزین و نەهێشتن لەسەردەمی ئێستاش هەر بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی ڕێگەی حکوومەتی پێش خۆی بەر نەداوە. یەکێکی تر لە شوێنە ئاسەوارە مێژووییەکانی سەقز، ئەشکەوتی کەرەفتووە، کە هەر لە نزیکی زێویەدایە.

کەرەفتوو ئەگەرچی ئەشکەوتێکی سروشتییە ، بەڵام گۆڕانکاریەکانی مرۆڤی سەردەمی کۆنی تێدا ئاشکرایە ، بە پێی ئەو نووسراوەی لە زێویەدا دۆزراوەتەوە ،  لە نێوان قەڵای زێویە و کەرەفتوو شەڕێک ڕووی داوە و بە زەحمەتێکی زۆر کەرەفتوو داگیرکراوە . هەندێک لە مێژووناسەکان دەڵێن کە ناوی کەرەفتوو هەر " گرتوو " بووە و وا دیارە ناوی ئەو شوێنە لە ڕابردووی نەزۆر دووردا " گەرەفتوو "" بووە . ئایینی خەڵکی ناوچەی سەقز، هەروەک زۆرینەی وڵاتەکانی ماد، زەردەشی بووە هەتا پارتەکان و پاش ئەو عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەکە. خەڵکی زۆربەی شارەکان بۆ بەرگری لە شەڕ، ئایینی عەرەبەکان واتە ئیسلام وەردەگرن، بەڵام خەڵکی شاری سەقز بۆ وەرنەگرتنی ئیسلام شارەکەیان جێ هێشت و بەرەو کویستان ڕی کەوتن. ڕۆژگارێکی ناخۆشیان بووە لەو سەردەمەدا هەر بۆیە لە ناو چیرۆک و گۆرانیەکانی ئەو ناوچەیەدا یادگارییەکانی ئەبینرێتەوە. ئەگەر لە مێژووی نە زۆر دووری سەقز بڕوانین ، لە کاتی دامەزرانی کۆماری مەهاباد دا واتە ساڵانی ۱۹٤٦ و ۱۹٤۷، شاری سەقز و دەور و پشتی یەکێک لەو ناوچانە بوون وا کەوتنە بەشی کۆمارەوە. لە پێکهێنان و پاراستنی کۆمار ، خەباتگەرەکانی سەقز دەوریان هەبوو لە بەر ئەوەی شاری سەقز وەک دەروازەی باشووری شاری مەهاباد، پایتەختی کۆماری مەهاباد بوو . سەقز شاری زۆر خۆش و ئاودانە، و خەڵکەکانی میوان نەوازن و هەمیشە حەزیان لە میوانداریە، بازاری شاری سەقز بەگەورەترین بازاری سەرگیراوەی ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران ناسراوە، کشت وکاڵ بەهۆی کۆچی خەڵکی لادێ بۆ شار، بەرەو نەمان دەڕوات بەڵام لە ڕابردووی نە زۆر کۆندا بەر وبۆمی گەنمی سەقز بەناو بانگ بووە.

ناوچەی سەقز لەهاوێندا ڕۆژانێکی گەرم و شەوانێکی فێنێکی هەیە ، بەڵام لەزستاندا هەوایەکی ساردی هەیە و بەفری زۆریشی لێ دەبارێت ، دەوووبەری شاری سەقز چەند کێوێکی بەرزی لێیە، کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە مانە، چیای نەکەڕۆز، وەنەشە، ئاڵمەڵوو، و کێوی مێرگەنەخشینە ، کێوەکانی شاری سەقز هەر وەکوو بەشەکانی تری کوردستان ، دەوری سەرەکی لە شێوەی ژیانی ئاژەڵداری و کشت و کاڵ هەیە. چەمێک کە لە پاڵ شاری سەقزەوە تێپەر دەبێت ، ناوی چەمی زێڕینەیە و بە چەمی سەقز ناوی لێدەبەن، کە بە هۆی گەورە بونەوەی شار دەتوانین بڵێن چەمی زێڕینە شاری سەقز دەکات بە دوو لەتەوە . ڕۆژانی پشوودان جێگای سەیران و شادی و هەڵپەڕەکێ و یاری خەڵک بووە. هەروەها بۆ بەربەرەکانێ لە بەرامبەر داگیرکەراندا چیاکانی سەقز سەنگەرێکی پۆڵاین بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی مرۆڤی ئەم ناوچە. لەناو ڕووبارەکانی سەقز ماسی سپی و قزەل ئالا دەژین. ماوەیەک لە چەمەکانی ئەم ناوچەیە گەڕای ماسییە جۆراوجۆرەکان پەروەردە دەکەن ، کە ئەمە دەبێته هۆی درووست بوونی جۆری زیاتری ماسییەکان.

سەقز لە دوو بەش کۆن و تازە پێک دێت، لە ساڵانی پێش لە شۆرشی ئیسلامیدا خەڵکی ناو شاری سەقز لە بەشی کۆنی ئێستادا دەژیان و پیشەیان ئاسنگەری و بازرگانی بووە، هەروەها هەندێک لە ئاغەواتە دوڵەمەندەکانیش لە بەشی کۆندا دەژیان. بەشە کۆنەکانی سەقز ئەم چەند کۆڵانە لە خۆی دەگرێت.

ناوقەڵا، بازاری سەرۆ، ساحلی، دەباغی، کاروانسەرای تاژەوانچی، حەمام شێخ، حەمام خان، کەوەسوار، کانی ئاشقان، کانی گەرمکاو، سەرپەچە، کانی حەمە و بەو 
ئێستە گەرەکەتازەکانی سەقز ئەمانەن.

حەماڵاوا، قەرەچیاوا، شەهرەک دانژگا، بەردبڕان، تەپ ماڵان، تازاوا، کەریماوا، سەرچنار، ماڵەگوڵان، شاناز، سەعدی، سیلۆ، ڕوودەکی، تەپەی شافعی

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:07:39:10/12/2020



ئه‌م بابه‌ته 225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر