۳ /۱۲ ڕۆژی جیهانی کەمئەندامان

ڕەمزیە عەلی
نووسەر

ڕۆژی مرۆڤە جیاوازەکان ئەو مرۆڤانەی کەلەبڕێک شتی ئەم دونیایە بێ بەشن تەنانەت لەخۆشەویستی 

ئێستە کەمئەندام کێیە: کەمئەندام مرۆڤێکە، کە بەهۆی ناتەواوی جەستەوە، نەیتوانیووە لەهەموو بەهرە و تواناکانی خۆی کەڵک وەربگرێت.

هەر بەم سادەییە بەپێنووسەکەم پێناسەکراوە تا تەواوی دونیا بزانێت کەم ئەمئەندام هەر وەک مرۆڤی ئاساییە تەنیا ئەوەیە کەبەشێک لەئەندامیان ناتەواوە ئەویش دەسەڵاتی کەسی تیا نییە تەنیا خوای مەزن نەبێت.
 
ناکرێت کەمئەندام بیت بەڵام هەستی سۆز و خۆشەویستیت نەبێت، ناکرێت خاوەن پێداویستی تایبەت بیت بەڵام بەچاوی بەزەیی سەیر بکرێت، ئەبێت حسابی تایبەتت لەهەموو بوارێکا بۆبکرێت تاهەست بەبوونی خۆت بکەیت.
 
هەموو ساڵێک ۱۲/۳ بەناوی ڕۆژی جیهانی کەمئەندامان دیاری دەکەن وەکوو بڵێن ژیان و گۆزەران و داهاتی کەمئەندام لەباشترین دۆخدایە، کەچی چەندین کەمئەندام بێ مووچە و بێ داهات و بێ خانوو لەم ژیاندا دەژین، بەڵام وەک مرۆڤە جەستە تەواوەکان بێ هیوا نین لەژیان.

کەمئەندامان چێیان ئەوێت لێتان، ئەوان ئەڵێن هەموو ڕۆژکانی ساڵ بۆتۆ، تەنیا ڕۆژێک بۆ ئێمە، بۆخۆشەویستی ئێمە، تەنها ڕۆژێک بۆ خوێندنەوەی کتێبی ژیان و ژان و چارەنووس و برینەکانی ئێمە، ژیانێک پڕلەنەهامەتی و دەردەکانە کە بەهیچ پێنووسێک داتا ناکرێت، تەنیا ڕۆژێک بۆ دانیشتن لەسەر کورسی عەرەبانەکەی ئێمە، تەنیا ڕۆژێک بۆ گوێ گرتن لەدەنگی دارشەقەکانی ئێمە، لەهەموو ساڵ تەنیا ڕۆژێک بۆ ئەوەی ئێمە قسەی دڵمان بکەین و بڵێین ئێمەش وەکوو هەموو مرۆڤێکی ئەم دونیایە جگە لە ئازارەگشتییەکان کۆمەڵێک ئازاری تایبەتمان هەیە، ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت خاوەنی خەمی تایبەتین، خەمی مامەڵەی مرۆڤەکانی دیکە و چوونەدەرەوە و تێڕوانین خەڵک و خەمی قادرمە و شۆستە و پاسەکان و هەڵوێستی هەندێک سایەقی تەکسی و بێ هەڵوێستی فەرمانبرانی ناو ئێدارە و نویسینگە و خەمی سوێی برینەکانمان و کوڵانی جەستە و دەروونم، دڵنیام  کەسێک کەمئەندام نەبێت قەت لەدەربرینی وشەکانی ئێمە تێناگات.

قسەکردن لەسەر کێشە و نەهامەتیەکانی کەمئەندامان بۆ ئێمەی مرۆڤ دووبارەیە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە کێشەکانیان تەواو بوونی نییە، وبە هەزاران هەزار وشە کۆتایی پێ نایەت.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:01:11:04/12/2020



ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر