كارگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی درۆ

ڕەحمان غەریب
نووسەر

بیهێننە بەرچاوتان، سوپایەكی ئەلیكترۆنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بەشێكی زۆریان بە پارەی سیاسی بەڕێوەدەبرێن، لە پشت شاشەی كۆمپیوتەرەوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درۆن. ڕوونتر: ئەو كارگەیەی كاری تیا دەكەن تەنها درۆ بەرهەمدەهێنێت‌ و ئەیخاتە ناو ئەم بازاڕە بەر بەرەڵایە.


ئەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەی پەیوەندییەكان، دەستكەوتێكی هەرە گەورەی بیری مرۆڤایەتییە، پێگەی هەرە گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیارین، نامەوێت دەسەڵاتی ستەمكاری لەهەر پارچەیەكی ئەم زەوییە خەڵك لەم نیعمەتە زانسیتییە بێبەش بكات، دژی سانسۆرم.


بەڵام وەك چۆن كەسانی تێگەیشتوو سوودی لێوەردەگرن، پەیامی ئاشتی‌ و خۆشەویستی و ڕاستی تیادا بڵاودەكەنەوە، بە هەمان ئەندازەش، كەسانێك كردویانە بە پێگەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی درۆ و گوتاری ڕق وكینە‌و ناوزڕاندنی ڕكابەرەكانیان.
ئەمە تەنها دیاردەیەكی كۆمەڵگەی كوردستانی نییە، بەڵكو جیهانییە.


ئەم بەیانییە‌و چەند بەیانییەكە، هەندێ نووسەرو ڕۆژنامەنووسی دیار، ناویان كەوتوەتە ناو تۆڕی ئەم كارگانە، خاوەن كارەكان دەروونیان بە بڵاوكردنەوەی درۆ و ناوزڕاندنی كەسانی سەركەتوو ئاسوودە دەبێت. با پزیشكێكی دەروونی پێم بڵێت ئەمە چ نەخۆشییەكە؟


نوێترین ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور، تیشكی خستووەتە سەر ئەو سوپایەی شەڕەكانیان لە پشت كۆمپیتەرەوە ئەنجام دەدەن. سوپای یەدەگی دەسەڵاتی سیاسی‌ و عەشایەری‌ و حیزبی‌و سەرمایەداری .. هتد..ن. شەڕیان بۆ دەكەن، ناوبانگى ڕكابەرەكانیان لەكەدار دەكەن، لە ئەنجامی ئەم شەڕەیان ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەبێتە قوربانی.


كریستۆفر دولوار لەم بارەیەوە دەڵێت " گێچەڵی ئەلیكترۆنی دیاردەیەكی جیهانییە، ئەمڕۆ بووە بە ترسناكترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادی میدیا، جەنگی ئەلكترۆنی تەنها دەوڵەتەكان بەرپای ناكەن، بەڵكو دوژمنانی ئازادی ڕۆژنامەنووسی سوپایەكی ئەلكترۆنیان دامەزراندووە بۆ هێرش‌و لاوازكردنی ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن"

دولدوار چەختدەكاتەوە" ستەمكاران لە ڕێگەی بەكرێگیراوانیانەوە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتی ڕۆژنامەنووسان دەكەنە ئامانج، وەك ئەو كەسەی كە لە گۆڕەپانی جەنگ بە فیشەك بەرامبەرەكەی دەكوژێت".


ساڵی ڕابردوو دەیان پەیجی سەربەخۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك كە بە ناوی جیاجیاوە بابەتی زانستی‌و تەندروستی‌ و هونەر‌و زانستی كۆمپیوتەرو هەواڵ‌ و وەرزش‌و گاڵتەوگەپی بڵاودەكردەوە، ئێستا چالاكی‌ و هەواڵ‌و ڕیكلامی حیزبی تیادا بڵاودەكرێتەوە.


ئەدیمەنەكان فرۆشتویانە، تاپۆكەیان خستوەتە سەر كەسێكی تر، ئەویش بۆ ئامانجی خۆی بەكاریان دێنێت، بابەتی ڕۆژنامەنووسی لەناوەڕۆك‌ و مانا بەتاڵ دەكاتەوە‌و دەیشێوێنێت، هێرشی ڕێكخراو دەكەنە سەر میدیاكاران‌و میدیاكارانی ژن بە ئامانج دەگرن.


لەگەڵ پارێزبەندی (الحصانة) نیم بۆ ڕەخنەگرتن لە هەر نووسەرو كەسایەتییەكی گشتی، بەڵام پێویستمان بە پارێزبەندی هەیە بەرامبەر هەواڵی درۆ و شكاندنی شكۆی مرۆڤایەتیمان. چارەسەرێك یا دەرمانێك كە بەرهەمی بەسەرچووی ئەم كارگانە خوێنەر ژەهراوی نەكات.


ئەو برادەرانەم دواهەمین كەس نابن كە كارگەی درۆی سیاسییەكان ناویان دەزڕێنن، ڕەنگە ئەمجارەیان ئەو كەسە بێت كە بە خوێندنەوەی هەواڵەكە شاگەشكەبووە، ئاخر شاگەشكەبوونیش بە خوێندنەوەی درۆ هەر نەخۆشییە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەپرسیار نییە.



PM:10:40:10/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر