کە تۆ خاوەنی خاکت نەبیت!

هەڵگورد عەبدولوەهاب جوندیانى
نووسەر و ڕۆشنبیر
رۆژانە زیاتر یان کەمتر لە هەزار فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی کوردستاندا وەکو (تڕانزێت) تێدەپەڕن کە بۆ هەر فڕۆکەیەک دەوڵەتی عراق 375 دۆلار وەردەگرێت کە ساڵانە نزیکەی 80-100ملیۆن دۆلار داهاتیەتی، گوایە ئەم پارەیە لەبواری پێشخستنی فڕۆکەخانەکانی عراق و هێلی ئاسمانی (العراقیه‌)ی‌ ئاستنزم و بەدناو خەرج دەکرێت، بەڵام چەندین ساڵە چارەنووسی ئەم بڕە مەزنەی داهات نادیار و ئاڵۆزە لەنێوان (دەستەی فڕۆکەوانی سڤیلی عراق) و (وەزارەتی گواستنەوەی عراق) پارەکە ونکراوە، تەنانەت لەهەوڵێکی (دەستەی دەستپاکی عراق) چەند ملیۆنێک دۆلار گەڕێندرایەوە بەڵام ئەو بڕە پارەیە بەشێکی زۆر بچووک بوو لەپارە نادیار و ونبووەکە، لەو پارانەش هیچ حیسابێک بۆ کوردستان و فڕۆکەخانەکانی نەکراوە تەنها هەندێک خەرجی زۆر زۆر کەم نەبێت.

سەرباری هەبوونی جۆرێک لەئازادی و نیمچە سەربەخۆیی لەبەشێکی باشووری کوردستان، بەڵام کوردستان خاوەنی شکۆمەندی نییە لەسەر ئاسمان و خاکی خۆی، ئەمەش بەکورتی و بەکوردی داگیرکردنی خاک و ئاسمان و ویستی خەڵکەکەیەتی کە لەریفرانۆمی سەربەخۆیدا 92.73%ی‌ دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆیی خاک و ئاسمانی کوردستان بوو.

دەوڵەتی داگیرکەری عراق تا تەوقی سەری نوقمی گەندەڵی بووەو بەرەو داڕمان دەچێت، لەئێستادا ئەگەرچی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هەرێمی لەبەر بەرژەوەندییەکانیان لەپشت مانەوە و نەڕووخانی ئەم دەوڵەتە دان بەڵام لەراستیدا عراق هەر لە دامەزراندنیەوە لەساڵی 1921ەوە تاکو ئێستاش تۆی لێکترازان و دووبەرەکی و نەگونجانی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و تایەفەگەریەکانی بەزەقی تێدا بووەو لەئێستادا گەیشتۆتە لوتکە کە رەنگە لەداهاتوودا ئەم دەوڵەتە داتاشراوە لەبەریەکدا هەڵوەشێتەوەو کوردستان ببێتە خاوەنی خاک ئاسمانی خۆی.

PM:02:54:09/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر