وڵاتی ون بوونی تاک و بەکۆمەڵ

سالار مەحمود
نووسەر و ڕۆشنبیر
بەپێی دوا زانیاری فەرمی لە عیراقدا، ۲٤۹ گۆڕی بەکۆمەڵی جیاجیا هەیە. ئەمە جگە لە هەزاران حاڵەتی تاکەکەسی ونبوان.

هەر ماوەیەک جارێ باسی گۆڕی بەکۆمەڵی پێکهاتەو نەتەوەیەک دەکرێت.

یەکەم: نزیکەی حەفتا گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە سەحراکانی سەماوەیە.

دووەم: گۆڕی بەکۆمەڵی ئیزیدیەکان لە کۆجۆو شەنگال هێشتا ماون. بەشێک لە ئێسک و پروسکی دەرهێنراوەکانیان هێشتا لە پزشکی دادی بەغدایە.

سێیەم: ئەمساڵ ۱۱٥ ئێرانی لە ناوچەی شەلەمچە تسلیمی ئەو وڵاتە کرانەوە کە لەگۆڕی بەکۆمەڵدا بوون.

چوارەم: مانگی ڕابردوو دەیان ئیسک و پروسکی کۆیتی لە سەحرای سەماوە لە گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە ڕادەستی وڵاتی کوێت کران.

پێنجەم: هیندی لە عیراقدا و لەسەر دەستی داعش کۆمەڵکوژ کراون. ۳۹ ڕوفاتی هیندی لە موسڵ دۆزرانەوەو ڕەوانەی وڵاتی هیند کرانەوە!

شەشەم: هێشتا بەشێک لە قوربانیانی سپایکەر کە هەزاران گەنجی عەرەب بوون لەگۆڕی بەکۆمەڵدان و بەشێکیان لەپارێزگای سەلاحەدیینن و نەدۆزراونەتەوە.

حەوتەم: فەیلییەکان بەدوای چارەنووسی هەزارانیانن و چارەنوسیان نادیارە.

هەشتەم: هێشتا چارەنووسی بەشێک لەمناڵەکانی هەڵەبجە لە ئێران ونن کە ئافاتی کیمیاباران ونیکردن.

نۆیەم: هێشتا لە ۸٠٠٠ بارزانی زیاتر لە ۷٠٠٠ هەزاریان چارەنوسیان ون و نادیارە.

دەیەم: هەزارانی ونبوونی شەڕی ئیران عیراق.

یانزە: بەهەزارانی ونبوانی شەڕە ناوخۆییەکان و نادیاری چارەنووسیان.

دوانزە: ژنان و کچانی ئیزیدی ونبووی دەستی تیرۆری داعش لە چ دۆخ و چ دۆزەخی چارەنوسێک بەشیان بێ!

جۆرەها جۆری ونبوون! چەشنەها چەشنی چاوەڕوانی! 
وڵاتی گۆڕ غەریب و گۆڕ نادیارە گۆڕی بەکۆمەڵ. ئەمە جگە لەوانەی بوونە خۆراکی دەریاو ئاوو توناوتوون بوون. وەک چۆن ونبونی پیتێک لە ( ژیان) دەگۆڕێ بە (ژان)! ونبوونی ئەندامی  خێزانێک، خەزانێک دروست دەکات.

سەدان هەزار خێزان لەماڵەکانیان وێنەی ونبوەکانیان هەڵواسیوەو هەر چاویان لەچاوەڕوانی بینینەوەدایە. 
لە رۆژی جیهانی ونبواندا(۳٠ی ئاب) پەیامم بۆ زیندوان هەیە ئاوڕێک لەو وێرانەیە بدەنەوە دەسەڵاتەکان و ستەم و قەساوەتی ململانێکان بە ژیان و مرۆڤی کرد.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:08:12:29/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر