تورکیاو عێراق دواى تیرۆرى دیبلۆماتکاران

کاروان جلال بەگ
نوسەر
دوای ڕووداوە تیرۆرستییەکەی ڕۆژی  ۱۷ی ئەم مانگەی ھەولێر، کە تێیدا جێگری قونسلی تورکیا و دوو ھاوڵاتی بوون بە قوربانی، قسە و باسی زۆری لەسەر ڕووداوەکە و ھۆکار و ئەنجامدەران و کاریگەریەکانی کرا.

ئایا ڕووداوەکە کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و ھەولێر دەبێت؟ بێگومان تورکیا و ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی دراوسێ و ھاوسنوورن پەیوەندییەکی مکۆمی فەرھەنگی و کلتوری و ئابووری بەیەکەوە گرێی داون، بۆیە وەھا ڕووداوێک کاریگەری نەرێنی وای نابێت پەیوەندییەکان سست بکاتەوە.

کێ سوودمەندە لەم ڕووداوە؟

باسمان لەوە کرد ئەنقەرە و ھەولێر دوو پایتەختی توند پێکەوە گرێدراون، بۆیە ھیچیان لەم کارە سوود مەند نابن، بەتایبەتی ھەولێر کە لە ڕیزی پێنجەم ئارامترین شارەکانی جیھان ناوی دێت، هەروەها ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەل دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە، جێگەی سەرنج و تێڕامانی تەواوی جیھانە، بۆیە ئەگەرچی تیرۆرکردنی دبڵۆماتکارە تورکەکە نابێتە ھۆی توڕەکردنی تورکیا، لێ پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە پێداچوونەوە بە مامەڵەکردن لەگەل بە لێشاوھاتنی ئەو ھەموو ئاوارانە بکات، ڕەنگە زۆرجار کاریگەریان لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ھەبێت.

تورکیا بە ھەمان شێوە نایەوێت ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان تێکبچێت، لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری و ئابووری تورکیا دەبێت.

پەکەکە لە کوێی ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە دایە؟

بەھۆی پاشخان و خراپی مامەڵەی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان، دوای ڕووداوەکە بەبێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان ناسنامەی فەرمی بکەرانی کردەوە تیرۆرستییەکە بڵاوبکەنەوە، پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ کرا! 
ئەمە لە کاتێکدا پەکەکە بێ بەری بوونی خۆی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت (پەکەکە)ی قەندیل جیاواز لە پەکەکە لە شنگاڵ سیاسەت دەکات.

پەکەکە چ سوودێک لەم ڕووداوە دەبینێت؟

ئەگەر  پەکەکە لە پشتی ئەم کردەوە تیرۆرستییە بێت نەک ھەر سوودی پێ ناگات بەڵکو زێدەتر لە ھەمووان زیان دەکات، لەگەڵ خۆشی ھەرێمی کوردستان دەخزێنێتە نێو ئەم زیانە و پاساو دەداتە دەست تورکیا تاکو بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان و، ئەگەر پێویست بکات ڕەنگە زیاتریش بێت!

ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام لە کاردانەوەکانی ڕووداوە تیرۆرستییەکە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بەرھەم صالح سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا!

چەند ڕەھەندێک لەم پەیوندییە تەلەفۆنیانە ھەن:

یەکەم: - شانۆیەکە بۆ نیشاندانی باشی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا، بەتایبەتی لەکاتێکدا ناوچەکە لە نێو گێژاوی کێشە و ناکۆکی نقوم بووە.

دووەم: - پرسی ڕیفراندۆم تورکیا و عێراقی لە یەکتر نزیک کردەوە، دواتریش بەیەکەوە ھەرێمی کوردستانیان سزادا، ھەرچەندە ئەوێ کاتیش تورکیا لەبەر بەرژەوەندییە ئابووریەکانی نەچووە ژێر باری ھەموو سزاکان کە لە بەغداوە خرانە سەر ھەولێر، ئێستە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیانەوەێت بێژن ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە ژێر دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی حکومەتی ناوەندی ئاڕاستە دەکرێت.

سێیەم: - پەیامێکە لە بەغداد بۆ ھەولێر، کە پەیوەندییەکانی دەرەوە لەلایەن بەغداوە ئاڕاستە دەکرێن.

چوارەم: - دەستەڵادارانی بەغداد دەیانەوێت وای نیشان بدەن عێراق وڵاتێکی سەقامگیرە و تیرۆرکردنی ئەم دبلۆماتکارە تورکە لە ھەولێر دڵگرانی کردوون!

ئەمە لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان لەسەرەتایی کابینەی نوێی دایە و بەنیازی کوردستانێکی بەھێزترە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:11:28:19/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 319 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر