دوو ئیدارەی کارتی فشارە یان واقیعێکی تاڵ

کاروان جلال بەگ
نوسەر
لە مێژووی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد ھێندە ھەوراز و نشێو ھەن کاتێک دەوترێت کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە باوەڕکردنی زەحمەت دەبێت!

سەرەڕای ھەموو ئەو خەبات و قوربانیدانەی کورد لێ مێژووی بێ بەش نەبووە و نییە لە لەنگی و کێماسی کە ڕەنگە ھەر ئەو کێماسیانەش بەشێک بن لە بەربەستەکانی بەردەم گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

زۆر ناگەڕێینەوە بۆ دواوە، لە دوای ڕاپەرینی بەھاری ۱۹۹۱ جۆرێک لە سەربەخۆیی لە خۆ بەرێوەبردن لە باشووری کوردستان ھاتە چنگ، ئەمە وەچەرخانێکی مەزن و قۆناغێکی گرنگ بوو بۆ کورد ئومێدێکی گەورەی خستە دڵی ھەموو کوردێک، ھەرچەندە مودەتێکی زۆری بەسەر نەچوو کورد بە دەستێوەردانی نەیارانی لە دراوسێ و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەولەتی توشی شەرێکی نەگیرس بوو کە تاکو ئێستەش ئاسەوارە خراپەکانی بەسەر ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

ھۆکارەکانی درووستبوونی شەری برا کوژی:

یەکەم / ترس لە پەڕینەوەی بیری ئازادی و خۆ بەڕێوەبردن لە باشوور بۆ پارچەکانی تر " تورکیا، سوریا، ئێران ". 
دووەم / مانەوەی پاشماوەی ڕژێمی بەعس لە نێو دامودەزگا ئیدارییەکانی ئەو کات وایکرد ھزری شەڕانگێزی وەکو درمێک بمێنێتەوە.
سێیەم/ کەمی ئەزموون و  ھەڵکەوتەی جیوگرافی باشووری کوردستان ھۆکارێکی سەرەکی بوو.
چوارەم / ترس لە گەورەبوونی خواستی کورد لە خۆ بەرێوەبردن  بۆ سەربەخۆیی و داواکردنی دەوڵەتێک بو بە فۆبیا لەلایەن نەیارانی کورد.
پێنجەم / کەوتنە ژێر کاریگەری ئەجێندای دەرەکی لەلایەن چەند کەس و لایەنێک گڕی لە ئومێدی نەتەوەیەک بەرداو شەڕی برا کوژی درووست بوو.

کێ تۆمەتبارە و کێ ھۆکاری درووستبوونی شەری برا کوژیە تاکو ئێستا بەھەر ھۆکارێک بێت یەکڵا نەبوەتەوە، ھەر کەس بیەوێت بەرامبەرەکەی پێ تۆمەتبار دەکات!

سەرەڕای ھەموو زیانەکانی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەھۆی بوونی ئیرادەیەکی بەھێز لەلایەن ( سەرۆک بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی ) کۆتایی بەم قۆناغە نەگیرس و نەخوازراوە ھێنرا لە ئان و ساتێکی گرنگ، لەو کاتەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ئامادەکاریان دەکرد بۆ لێدانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ئەمە وایکرد کورد خۆی کۆبکاتەوە و بەشداری کارای ھەبێت لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و کاریگەری زۆری لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ ھەبوو، توانرا بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری ھەمیشەی عێراق بچەسپێنرێن بەھۆی یەکگرتووی کورد.

ئازاری ساڵی ۲۰۰٦ یەکەم کابینەی یەکگرتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو (نێچیرڤان بارزانی) وەکو کاندید ھەردوولا ( پارتی و یەکێتیی ) دیاریکرا، بەتایبەتی بە پێداگری خودی مام جەلال لە وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، بەھۆی بوونی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تەواوی ھێز و لایەنەکان.

کابینەی پێنجەم و کابینەکانی دواتریش ھەنگاوی باشیان ناوە بۆ کاڵکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاسەوارە خراپەکانی شەڕی برا کوژی، لێ بەھۆی قوڵبوونەوەی بۆ نێو تاک بە تاک و تەواوی ماڵ و کون و کەلەبەرەکانی ئەم ھەرێمە، هەروەها دەستێوەردانی دەرەکی تاکو ئێستاش نەتوانراوە ئەم مێژووە شومە بە تەواوی بسڕێتەوە.

ئایا ھەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییە یان تەنیا کارتێکی فشارە و بەکاردەھێنرێت ؟

ئەگەر بە ووردی سەرنج لە دۆخی ھەرێمی کوردستان بدەین دەشێت بێژین ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر مەزنی ناوە لە ھەموو ڕووێکەوە، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش ژمارەیەکی ھەژمار کراوی گرنگە بەھۆی ھەڵکەوتەی جیوپۆلەتیکی و زەنگینی بە سامانە سروشتیبەکان کە دەکرێت ھەرێم ئەمە وەکو کارتێک بەکاربھێنێت لە ھەمبەر نەیارانی و ڕاکێشانی دۆستی زیاتر، لێ ناکرێت ئەوەش لەیاد بکەین  تا ئێستاش دوو ئیدارەی لە بەشێکی زۆری دامودەزگا و سێکتەرەکان ماوە و ڕێگرە لە یەک دەسەڵاتی و یەک بڕیاری لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

هەروەها زۆر جاریش وەکو کارتێکی فشار بۆ بەدەستھێنانی پلە و پۆست و دەستکەوت و تێکدانی کەشی سیاسی و سەرقاڵکردی خەلک بەکاردەھێنرێت،
بێگومان فۆبیای لە دایکبوونی دەوڵەتێک لە باشووری کوردستان زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھانی تووشی بێ ئوقرەی و ترسێکی گەورە کردووە، بۆیە ھەموو کارتێک بەکاردەھێنن بۆ لاوازکردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی ناکۆکی و گرژی لەنێوان ھێزە سیاسییەکان تاکو نە پرژێنە سەر ئامانجە گەورەکەیان.

بۆیە ئەرکی سەرۆکی ھەرێم و کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم و تەواوی پارتە سیاسییەکانە بەجدی کار لەسەر نەھێشتنی ئاسەوارەکانی دووئیدارەی بکەن بەجۆرێک بۆ ھەمیشە لە زەین و ھزری ھەمووان بھێنرێتە دەر.

ئەم وتارە گوزارشتە لەڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:07:31:21/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر