قەدەری کورد لە نێو تائیفەگەری عێراق

کاروان جلال بەگ
نوسەر
ئەگەر سەرنج لە مێژووی کۆن و درێژی عێراق بدەین سەرەڕای ئەوەی ھیچ کاتێک خالی نەبووە لە ململانێی تائیفی و نەتەوەیی و ئاینی، بەڵام ھیچ و کات و  سەردەمێک کۆمەڵگەی عێراق وەکو ئێستا تووشی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانەی سیاسی نەبووە.

بێگومان ئەمەش بەھۆی کێشمەکێش و بەھێزکردنی ھەژموونی وڵاتانە، ئەمریکا، ئێران یان ھەژموونی شیعی و سوونی، بەھۆی لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و پەرتەوازەی و بۆشای لەنێو پێکھاتە جیاوازیەکانیەتی.

دەوڵەت ھۆکاری خۆش بەختی و پێشکەوتن و ئاشتەوای کۆمەڵایەتی .. ھتد، بووە بۆ زۆرێک لە گەڵانی جیھان، لێ ئەوە بۆ عێراقییەکان جۆرێکی تر بووە و چاوەڕوانیش ناکرێت حاڵی لەوەی ھەیە چاکتر بێت، ھەرچەندە جیهان لە گۆڕانکاری بەردەوام دایە!

لەسەرەتایی دروستکردنی عێراق لەلایەن ئینگلیز، لەسەر کێشە و ناکۆکی تائیفی و نەتەوەیی بناغەی دانرا، ھەرچەندە ئەمە کەم و زۆر لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر بەدەرکەوتووە و کاڵ بووەتەوە.

حکومڕانی کردنی سوونە بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک و، چەوساندنەوەی ئەوانی تر، کورد، شیعە، پێکھاتەکانی تر، بەڵگەیەکی ئاشکرای زاڵبوونی تائیفەگەرییە بە ناخ و سیمای دەوڵەتداری عێراق، ئەمەش وایکردووە ھەمیشە لە وڵاتانی دواکەوتوو، گەندەل ھەژمار بکرێت و، خەڵکەکەشی زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی ئەم بابەتەن.

لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ەو، ئەوکاتەی ئەمریکا بەبیانووی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس عێراقی داگیرکرد، لەدوای زەمەنی ئەنجومەنی حوکم لە عێراق، پرسی تائیفەگەری جارێکی تر، ھەوێنێکی خەستی کرایەوە، بەجۆرێک پلە و پۆست و میراتی عێراق لەسەر بنەمای تائیفەگەری و نەتەوەیی دابەشکرا.

تائیفەگەری لە عێراقدا، تەنھا حاڵەتێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پانتاییەکی فراوانتر، کە ھەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە، بە تایبەتی لەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، کە شیعەگەری سیاسی و بڵاوبوونەوەی بیری شیعەگەری لە ناوچەکەدا دەرکەوت، ھەروەھا دیاردەی تائیفەگەری لەگەڵ دەرکەوتنی قاعیدە، وەک بیری جیھادی سوونی لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وەک جوڵانەوەیەکی عەقیدەیی دەرکەوت، ھەرچەندە لە وڵاتە عەرەبییەکانیشدا کە جۆرایەتی تائیفەگەری سونی-شیعی تێدا لاوازبووە.

کورد کە تائێستاش، بەشێکە لە دانیشتوانی عێراق، لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان بەناوچە کێشە لەسەرەکانیشەوە، ھەموو سەردەمێک قوربانی ئەو تەوژمە تائیفییە خراپەی عێراق و ناوچەکە بووە، بەجۆرێک  زۆرجار لەلایەن کەسانی ئاینی شیعی و سوونی
 بە مەبەست تەکفیرى کورد کراوە و، بە تۆمەتبار کراوە جێبەجێکردنی ئەجێندای ڕۆژئاوا، ئیسرائیلی دووەم.

دوای بونیادنانەوەی عێراق، کورد پێشبینی ئەوەی کرد ئیتر عێراق لەسەر بنەمای تەوافقی نیشتیمانی مامەڵە بکات، ھەمووان خاوەن ئەرک و ماف بن، لە چواچێوەی عێراقێکی نوێی یەکگرتوو، بەڵام ئەم خەونەی کورد زۆر کورت خایەن بوو، وەکو ھەمیشە کورد لە جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتداری، پەراوێز خرا و شیعە ھەموو دەسەڵاتەکانی قۆرخکرد و، دەستی کرد بە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، نزیکەی یەک سەدە لە سوونەوە پشتی کرد لە دۆستە دێرینە بەشخواراوەکەی کە زەمنێک لەسەر خوانی ئەوان خەریکی کاری سیاسی بوون.

کاتێک کورد بە خەبەرھات، درەنگ بوو. کە زانی ھزری دژە کورد بوون و تائیفەگەری لە دوای ڕووخانی بەعس، نەک ھەر کەم نەبووەتەوە، بەڵکو لە ترۆپکەو لە ھەموو سەردەمێک زێدەتر بووە، ئەمە وای لە کورد کرد بیر لە پڕۆژەی جیابوونەوە لە عێراق بکاتەوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە نەک ھەر قبوڵ نەکرا، بەڵکو جارێکی تر کورد بە تۆمەتی داواکردنی مافەکانی لەلایەن عێراق و خاوەن بەرژەوەندییەکان لەعێراق، سزادرا. کە تاکو ئێستاش سزادانی کورد بەردەوامە لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەکاتێکدا سەرۆک کۆماری عێراق کوردە و کورد بەشێکە لە حکومەتی عێراق.

لەبەر زۆری کایبانوو چێشتی تائیفەگەری عێراق زەحمەتە بەیەکەوە بکوڵێت، بەڵام ئەوەی پرسیارە، قەدەری کورد لەم نێوەندە بەکوێ دەگات؟ 
کورد لە نێوان دۆستایەتی ڕۆژئاوا و ھەژموونی شیعەگەری و ھێزی سوونی، بێ دەوڵەت ماوەتە و زۆریشن ئەو بیانوانەی کوردی پێ سزا دەدرێت و، کوردیش خاوەن نێو مالێکی پەرتەوازە و دابەش بووە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:09:09:31/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر