11ی سێپتەمبەر ئەو ڕووداوەی دونیای گۆڕی

کاروان جلال بەگ
نوسەر


لە مێژووی مرۆڤایەتی زۆر رووداو هەن بونەتە خاڵی وەچەرخان بۆ گۆڕانکاری مەزن لە سەرتاسەری جیهان، جا ئەو گۆڕانکاریانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی ئایدۆلۆژی یان هەمویان پێکەوە بن .

بەر لە 19 ساڵ رووداوی 11ی سێپتەمبەر بوە وەچەرخانێکی مەزن بە راگەیاندنی جەنگی دژی تیرۆر لەلایەن ئەمریکا و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە و دابەش بوونی جیهان بەسەر دوو بەرە ،، بەرەی دژە تیرۆر کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرد لەگەڵ بەرەی تیرۆر،،

لەگەڵ ئەوەی ئەم رووداوە یەکەم کردەی تیرۆرستی نەبوو، لێ بوە خاڵی گۆرانکاریەکی مەزن لە تەواوی جیهان، ئەمریکا ئەم رووداوەی وەکو پاساوێك بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر رێکخڕاوی تیرۆرستی القاعیدە و چەندین رێکخراوی تر و پەلهاویشتن بۆ دەست وەردان لە کاروباری نێوخۆی چەندین وڵات و بەهێزکردنی هەژموونی ئەمریکا لەسەر تاسەری جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی.

ئەم رووداوە لە کاتێکدا روویدا لە دوای زیاد لە چوار دەیە، یەكەم هێرشی دەرەكی بوو بۆ ناو خاكی ئەمەریكا و ئەو رووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دوای نزیکەی بیست ساڵ، تا ئێستەیش هەر بەردەوامە و چەند ملیۆن هاووڵاتی بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دەیان ملیۆنی تر ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ كراون.

کێ کردەوەکەی ئەنجامدا ؟

هەر لە دوای رووداوەکە القاعیدە خۆی بە خاوەنی کردوەکە ناساند، داوای لە جیهانی ئیسلامی کرد چەک لە دژی ئەمریکا و کوفر هەڵگرن !

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئێستا چەندین کۆدی نەکراوە لەسەر ئەم رووداوە ماون ؟

بن لادن لەوكاتەدا چی دەكرد؟

پیتەر ئالبێرگن  لەكتێبەكەیدا باسی ئەوكاتە دەكات كە لەكاتی هێرشەكاندا، بن لادن چی كردوەو لەكوێ بوە. لەوبارەیەوە دەڵێت: بەیانیی هەمان رۆژ، بن لادن، بە عەلی بەهلول پاسەوانی تایبەتی خۆی وت، پێویستە ئەمڕۆ بە وردی چاودێریی هەواڵەكانی جیهان بكەیت!

سەرەتای رووداوەکە پەنجەی تۆمەت بۆ هەریەك لە سعودیە و ئێران درێژ کرا، وەکو هاوکار و دارێژەری پیلانەکە، لە کاتێکدا لە کۆی نۆزدە خۆ کوژی کردەوەکە پانزە کەسیان سعودی بوون. 

هەریەک لە سعودیە و ئێران بەردەوام بەڵگەیان لە دژی یەك بڵاو دەکردەوە و یەکتریان بە هاوکار و بکەری ئەم رووداوە تۆمەتبار دەکرد.

بەڵام چانسی سعودیە بەهێز بوو، بەهۆی ئەو سەرمایە زۆرەی لە ئەمریکا وەگەڕی خستووە، ئەمریکا ناچار بوو بێدەنگی بنوێنێ، یان ئەو دەنگۆیانەی پشتگوێ بخات کە باسیان لە بوونی پەیوەندی شازادەیەکی سعودی لەگەل ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆرستیەکە دەکرد.

سەرە رای ئەوە لە رێکەوتی  8ـ9ـ2016 گۆنگرێس بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا بنەماڵەی قوربانییانی 11ی سێپتەمبەر مافیان پێ دەدرێت سكاڵا لەسەر سعوودیە تۆمار بكەن.

لە بەرامبەردا ئەمریکا ئەم کەیسەی وەکو کارتێکی فشار لە هەمبەر ئێران بەکارهێنا، تاکو ئەمڕۆش بەردەوام بە دروستکار و هاوکاری کردنی رێکخراوە تیرۆرستیەکان تۆمەتباری دەکات.

لەبەر ئەوەی ئێران نەیاری دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە بەردەوام کار لەسەر بچوکردنەوەیان دەکات، ئەمریکای ناچار کرد ئێران بخاتە بازنەیەکی داخراو بە سەپاندنی سزای ئابوری بەهێز، بەجۆرێك ئێران توشی گەورەترین دارمان بوو، بەلام نەیوەستاند؟!

لە دانیشتنێکدا  دادگەی نیویۆرك، جۆرج دانیەڵ دادوەری كەیسی 11ی سێپتەمبەر، ئێرانی بە پێدانی دوو ملیۆن دۆلار بە بنەماڵەی هەریەك لە قوربانییانی هێرشە تیرۆریستییەكەی 11ی سێپتەمبەر سزا دا و بەپێی بڕیاری ئەو دادوەرە، دەبێ ئێران بڕی سێ ملیار دۆلاریش بدات بە كۆمپانیاكانی دڵنیایی ئەمەریكا.

كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو بڕیارەی دادگەی نیویۆركی وەك كاردانەوەیەك وەسف كرد لە بەرامبەر تاقیكردنەوە مووشەكییەكەی ئەو وڵاتە و كەیسەكەی بەبێ بنەما ناو برد وهیچ نوێنەر یان پارێزەرێكی نەنارد بۆ ئەوەی لە دادگەییكردنەكەدا ئامادە بن.

یەکێکی تر لەو وڵاتانەی ئەمریکا پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ دەکات و بە هاوکاری ئەنجامدەرانی کردوەکە تۆمەتباری کردوون قەتەرە .

ریچارد كلارك، سەرۆكی پێشووتری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت" قەتەر لە هێرشەكەی 11 سێپتەمبەر و چەند هێرشێكی دیكەی گەورە‌ تێوەگلاوەو بەشێكی گەورەی بەرپرسیارییەتی هێرشەكانی لە ئەستۆدایە".

ڕیچارد كلارك لە ماوەی سەرۆكایەتی بیل كلینتن و جۆرج بوش دا، سەرۆكی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی‌ تیرۆر بووە لە ئەمریكا و لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی "نیویۆرك دەیلی نیوز" بلاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی " لە مێژە دەزانین قەتەر كێشەیە" نووسیووە و دەڵێت "لە راستیدا قەتەر بووەتە پەناگەی سەركردەی گرووپە تیرۆریستییەكان، ئەوەش نوێ نییە، بەڵكو ماوەی 20 ساڵە بەردەوامە".

ئەمریکا زیانی کرد یان قازانج ؟

دوای ئەو رووداوە گۆڕانكارییەكی گەورە ڕوویدا لە سیاسەتی ئەمریكادا شەری ڕاگەیاند لە دژی تیرۆر، ئەم گۆڕانە بوو بە ھۆی شەڕ لەسەر ئەفغانستان و ڕووخانی حوكمی بزوتنەوەی تاڵیبان و شەڕ لەسەر عێراق و ڕوخانی ڕژێمی حوكمی عێراق بە ھەمان شێوە.

راستەوخۆ دای هێرشكە ھاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند كە ھێرش كردنە سەر ھەر یەكێك لە وڵاتەكانی ئەندامی ناتۆ وەك ئەوەیە ھێرش كرابێتە سەر ھەر ١٩ وڵاتەكە، بەمەش وڵاتە یەكگرتووەكان پاڵپشتییەكی گەورەی وڵاتەكانی بە دەستھێنا و دوو پارتە سەركیییەكەی ئەمریكا لە كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیراندا ناكۆكییەكانی خۆیان لە بیر كرد.

تاکو ئێستاش بەشێکی زۆر لە نەیارانی ئەمریکا و هەندێك لە شیكەرەوە سیاسیەكانی جیهان ئەمریكا تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە خۆی خواستی هەبووە ئەو هێرشانە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی خاوەن نەوت بگێڕێت كە توانیشی ئەوە بكات لەدوای هێرشەكانی ئەو رۆژە ئیتر ئەمریكا بڕیاردەر و خاوەن دۆسیەی گەورەی ناوچەكەیە .

لەگەل ئەوەی شەری دژی تیرۆر بەردەومە، لێ تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدی سەر تەواوی جیهان و مرۆڤایەتیە،، داعش بە نمونە ،، .

گرنگترین کردەوە تیرۆرستیەکانی القاعدە لە جیهان :

11ـ9ـ2001

دوو فرۆکە هێرشیان کردە سەر تاوەری بازرگانی ئەمریکا وە فرکەیەك خۆی کێشا بە بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ئەنجامدا 3000 کەس کوژران و بێسەروشوێن بوون.

11ـ4ـ2002

کلێسای جوەکان لە تونس کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا 21 کەس کوژران کە 14ەیان گەشتیاری ئەلمانی بوون.

12ـ10ـ2002

یانەیەکی شەوانە لە ئیندینوسیا کرایە ئامانج، کە بەتەقینەوەی بالی ناسراوە، لە ئەنجامدا 202 کەس کوژران. 

مانگی 3ـ2004

سێ وێستگەی شەمەندەفر لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا 191کەس کوژران و 2000 بیرنداریش هەبوو.

7ـ7ـ2005

لە لەندەنی پایتەختی ئینگلیز شەمەندەفرێک و پاساێك لەلایەن چوار خۆ کوژ کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا 56 کەس کوژران.

14ـ8ـ2007

لە گرد عوزێر و سیبا شێخ خدر کوردانی ئێزدی کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاتر لە 400 کەس کوژران.

13ـ5ـ2011

قوتابخانەیەکی سەربازی کرایە ئامانج لە تۆلەی کوژرانی ئوسامە بنلادن، لە ئەنجامدا 98 کەس کوژران.

21ـ5ـ2012

مەشقێکی سەربازی لە یەمەن کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا 100 کەس کوژران.



ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:04:31:14/10/2020



ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر