جیهان لە چاوەروانی هەلبژاردنی ئەمریکا

کاروان جلال بەگ
نوسەر

ئەمریکای لەماوەی 244 ساڵ 45 سەرۆکی هەڵبژاردوە، تاکە وڵاتە هەموو چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی لەکاتی خۆی ئەنجامداوە، لەهەر بارودۆخێك بوبێت، ئەمەش پێمان دەڵێت ئەمریکیەکان بە گرنگیەوە لەهەڵبژاردن دەروانن.

دوو پارتی سەرەکی لە ئەمریکا کورسی دەستەڵاتیان قۆرخکردوە.

پارتی دیموکراتی ئه‌مه‌ریكا لە رێكکەوتی (8/1/1828) دامەزرا.

پارتی کۆماری لە رێكکەوتی (20/3/1854) دامەزراوە.

بەپێی ماددەی دووی دەستووری ئەمریکا بەدیاریکراوی هەموو چوار ساڵ جارێك لە یەکەم سێ شەممەی مانگی 11 هەڵبژاردنی لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك ئەندامانی کۆنگرسێیش هەڵدەبژێردرێن.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوو ئەنجومەن پێکهاتوە:

ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی ئەندامانی لە 435 ئەندام پێکهاتووە.

ئەنجومەنی پیران ژمارەی ئەندامانی لە 100 ئەندام پێکهاتووە، کە یەک لەسەر سێی ئەندامانی لەم رۆژە هەڵدەبژێردرێن.

هەڵبژاردن سەرۆك لە ئەمریکا بەشێوەی ناراستەوخۆیە، واتا دەنگدەرانی ئەمریکی دەنگ بە دەستەیەک دەدەن کە پێکهاتووە لە 538 ئەم دەستەیە کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانن لەگەڵ 3 ئەندامی واشنتۆنی پایتەخت، ئەوان سەرۆك هەڵدبژێرن.

واتا ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی ئەو دەستەیە بە دەستبهێنێت دەچێتە کۆشکی سپی.

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر جیهان:

هەموو جیهان بە گرنکیەوە چاودێری  هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات، لەبەرئەوەی بە گۆڕانی هەر سەرۆکێك جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆرانکاری بەسەر دادێت، لەگەڵ ئەوەی فەلسەفەی سیاسەتی ئەمریکا لەسەرەتاوە تاکو ئەمرۆ گۆرانکاری بەسەر نەهاتووە کە بریتین لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

روسیا و تورکیا دوو، ولاتی بەهێزن کار بۆ مانەوەی ترامپ دەکەن، لەبەرامبەردا چین و ئێران هەن کار بۆ سەرکەوتنی بایدن دەکەن، هەردوو لایەن لە جیهان هاوبیریان زۆرە .

هەڵبژاردنی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر کوردستان

دوای دیاریکردن بایدن وەکو رکابەری ترامپ بۆ وەرگرتنی کورسی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، تاکو لەوێ فەرمانڕەوای بەشێکی زۆری جیهان بکات، کورد شاگەشکە بوە، پێی وایە بایدن فریاد ڕەس و دۆستە !

ئەرێ ڕاستە بایدن خاوەن بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقە ؟

ئەمریکای مەزن خاوەن سیاسەتێکی نەگۆڕە، جا کۆماری یان دیموکرات بێ، ئەوەی دەگۆرێ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ئایدیا و سیاسەتەیە کە ئەمریکیەکان پێوەی بەهێز بون و دەیانەوێ بەهێزیش بمێننەوە.

بۆیێ ئاسان نیە بێژین بایدن فریاد رەسە بۆ کورد بەتایبەتی ئێمەی باشوری، کورد بەهۆی دابەشبوونی بەسەر جیۆپۆلەتیکی جیاواز، ئامانج و دۆست و دووژمنیشی جیاوازن.

کورد لە باکوور و خۆرئاوا ئاواتەخوازن بایدن براوە بێت بەو هیوایەی ترامپی دۆستی ئەردۆگان لە کۆشکی سپی دوورکەوێتەوە، چیتر کورد نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی ئەوان.

هەرچی کوردانی ڕۆژهەڵاتن هەموو ئاواتیان ئەوەیە ترامپی دووژمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بمێنێتەوە تاکو سنوورێك بۆ سەرە رۆی ئێران دابنێت.

ئێمەی باشووری کارمان لەگەڵ هەردوو ئیدارەی کۆماری و دیموکراتی کردوە، لەگەڵ هەردووکیان گونجاوین، بەڵام دەشێ بێژین جیاوازی نێوان ترامپ و بایدن تنێ یەک خاڵە ئەویش ئەوەیە کە ترامپ هیچ زانیاری ئەوتۆی نیە دەربارەی کورد و ناوچەکە، بەپێچەوانەوە بایدن شارەزایەکی باشی دەربارەی دۆزی کورد و تەواوی دەڤەرەکە هەیە .

بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینی و پرسیارە بایدن لە کۆی کارنامەکەی کە لە 85 لاپەرە پێکهاتووە لە کۆتا پەرە باسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کردوە !

ئەمریکا بە هەردوو پارتە جیاوازەکەی کار بۆ عێراقێکی بەهێزی دوور لە دەستەڵاتی ئێران دەکەن، هەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنکی ئەو فەلسەفەیەی ئەمریکا دەبێت.

کێ براوە دەبێت ؟

پێشبینی کردن بۆ هەلبژاردنەکانی ئەمریکا کارێکی ئاسان نیە، بەلام بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشوو دەکرێ بلێین چانسی ترامپ بەهێز ترە لە بایدن.

ئەمە جاری سێیەمە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە قەیرانێکی سەختی ئابوریدائەکرێ:

جاری یەکەم ـ ساڵی 1948 دوای جەنگی جیهانی دووەم بوو، هاری ترومانی سەر بە دیموکراتەکان جارێکی تر هەڵبژاردنی بردەوە، هەرچەندە دۆخی ئابوری وڵات زۆر خراپ بوو، بەڵام سەرکەوتنی لە جەنگدا و تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆم، پاڵپشتێکی باش بوون بۆ ترومان.

جاری دووەم ـ ساڵی 1980 بوو، جیمی کارتەری دیمۆکراتەکان هەڵنەبژێردرایەوە لەگەڵ خراپیی باری ئابوریشدا، کارتەر( 95 ساڵ) دوچاری شکستی دیکە بۆوە لەوانە ڕوخانی شا و بە ئیسلامیکردنی ڕژێمی ئێران، بەڵام دەستبەسەراگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بەبارمتەگرتنی دیپلۆمات و کارماندەکانی لە سەرەتای مانگی 11ی 1979 کە تا ڕۆژی دەسبەکاربونی ڕۆناڵد ڕێگان ئازاد نەکران، هۆکاری دیکەی هەڵنەبژاردنەوەی کارتەر بوون.

ئێستا لەکاتێکدا کۆرۆنا تەواوی مرۆڤایەتی هەراسان کردوە، کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان دروستکردوە یان سەری ترامپ دەخوات یان دەیکاتەوە بە سەرۆک بۆ چوار سالی داهاتوو.

بەلام لە دیدی ئەمریکیەکان ترامپ بێ دەستکەوت نەبوە لە چوار سالی رابردوو، رەنگە بۆ چوار سالی داهاتووش متمانەی پێ بدەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:00:14/10/2020



ئه‌م بابه‌ته 365 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر