مادە هۆشبەرەکان و زەنگی جەنگێکی ترسناك

کاروان جلال بەگ
نوسەر

زۆرن ئەو کۆمەلگایانەی بەدەست ئالوودەبوونی ماددە هۆشبەرەکان گیرۆدە بوون و چارەسەرکردنی گەیشتۆتە حاڵەتی مەحاڵ!


ماددەی هۆشبەر، بە درێژایی مێژووی مرۆڤاییەتی ئامڕازێکی کاریگەر بووە، بەکارهاتووە بۆ بازرگانی کردن، کەڵەکەکردنی سەرماییە، بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتانی زلهێز و داگیرکەران.

 

زانایان و پسپۆران و ڕێكخراوه‌ پزیشكی و ته‌ندروستییه‌كان و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌مه‌ڕ دانانی پێناسه‌یه‌كی گونجاو بۆ دیارده‌ی گیرۆده‌ بوون، گه‌لێك تاووتوێیان كردووه‌، بیروڕای جیاواز سه‌باره‌ت به‌ چوارچێوه‌ و نیشانه‌كانی ئالووده‌بوون هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ، ته‌نانه‌ت بۆ خودی زاراوه‌كه‌ش چه‌ندین جار گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌.

له‌و زاراوانه‌ی بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌كارهێنراوه‌: ئالووده‌بوون، ڕاهاتن، پشت پێبه‌ستن، خراپ به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كان، خراپ به‌كارهێنانی مادده‌كان، گرفتی ده‌رمان به‌كارهێن…. هتد.


ماددە هۆشبەرەکان چەکێکی تری دوژمنانی نەتەوەیی کوردە، وەکو ئامڕازێك بەکاری دەهێنن بۆ لاوازکردنی هێزی لاوان و دواخستنی کورد لە هەنگاونان بەرەو پێشکەوتنی جیهانی سەردەم.


بە پێی راپۆرتێکی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی ١٩٩٠، عێراق لەڕووی‌ بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی‌ ماددە هۆشەبەرەکاندا پاكترین وڵات بووە، بەڵام لە ئێستادا بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

 

هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان چین؟


زۆرن ئەو هۆکارانەی وا دەکەن کۆمەڵگە بەرەو بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بچێت لە گرنگترینیان:

 

ـ زۆر لە ڕژێمەکان بۆ لاوازکردنی هێزی گەنج و بەکارهێنانی وەکو تۆمەتێك بۆ سزادان، کار ئاسانی دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.


ـ بێکاری و هەژاری هۆکارێکی ترە وا دەکات بەشێکی زۆر لە خەڵك ڕوو لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن، لەبەرئەوەی ڕێگایەکی ئاسانی نزیکە بۆ دەوڵەمەند بوون.


ـ چاوپۆشی لە بەشێك لە بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان وا دەکات ژمارەیەکی زێدەتر خەڵك ڕووی تێ بکەن.


ـ نەبوونی هۆشیاری لە کۆمەڵگە و خێزان و سیستەمی خوێندن دەربارەی خراپی و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان.


ـ یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە سزادانی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، زۆرجار کەمی سزاکان هۆکارە بۆ زیادبوونی ڕێژەکە.

- هەڵکەوتەی جوگرافی هۆکارە بۆ زوو گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی بۆ دەووروبەری.

 

لە ڕەهەندی یاساییەوە، مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کردەیەکی نایاسایی و یاساغی جیهانیە و، دەوڵەتان یاسا و رێنمایی توندیان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە داناوە، هەرچەندە کۆنترۆڵکردنی تائێستاش وەک مەحاڵ ماوەتەوە و داتاکان نیشانی دەدەن لەسەر ئاستی جیهان سەدان هەزار کەس ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکانن و، هەزارانیش بوونەتە قوربانی و هەزارانی دیکەش ژیانی ئاساییان لە دەستداوە و پەیکەری کۆمەڵایەتی و ئابووریان داڕوخاوە.

ئەوەی وەک هەڕەشەیەکی جددیش لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەزمون کراوە، ئاڵودەبووان وەک بۆمبی تەوقیتکراو لەناو تەونی کۆمەڵایەتی ڕۆڵ دەگێڕن و، دوای گیرۆدەبوونیان بۆ چنگخستنی بڕێک لەو ماددانە ئامادەی هەمو کار و کاردانەوەیەکی تاوانکارین لە گزیکردن، دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی ئەوانی دیکە، کوشتن و کاری بەدڕەوشتی، یاخود خراپ بەکار‌هێنانیان لە ڕووی سیاسیی و مێشکشۆردنەوە و ئاڕاستەکردنەوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


 


AM:11:40:09/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 337 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر