خۆرئاوا کوێی خراپە؟

بەهرۆز جەعفەر
شارەزا لە بواری نەوت

لە ڕێگەی (نیوتن و دیکارت و ئیمانۆێل کانت)ەوە ڕۆشنگەری و مۆدێرنە ئەخاتە بەر دادگای ڕووناکی. ئیمپراتۆرییەتی تورکە عوسمانییەکان هەڵئەوەشێنێتەوەو، نەتەوەی سەردەست ناهێڵێت و بیست و دەوڵەتی عەرەبی دروست ئەکات. لەبەر شەڕ و شۆر، تەپ و تۆز وڵاتەکانی ڕۆژهەڵات چۆڵ ئەکران، نەوتی پێ ناساندن لە ژێر خاکی باوپیرانی هەرکام لە دەوڵەتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا. کۆمپانیای بۆ هێنان، بە بازاڕی ئابوری ئازادی ئاشناکردن، پاڵێوگەی بۆ دانان، نەوتەکە و گازەکەشیان بۆ ئەفرۆشێت، دۆلارەکەشیان پێ ئەدات، هەر ئەمریکاو بەریتانیاو فەڕەنسا بنکەی سەربازی و بەرگری ئاسمانی لەم وڵاتە شەرقییانە داناوە. مۆندیال بەرهەمی خۆرئاواو نەوت و گازە، نەک نیمچە دورگەی عەرەبی و خورماو حوشتر و گەنم و جۆ... ئینجاش یەک سوپاسی خۆرئاوا ناکەن، لە پەرلەمانێکی وەک ئەوەی ئێراقدا ساڵی (٢٠١٩) دەنگ کۆ-ئەکرایەوە و پەسەندیش کرا کە ئەمریکا لە ئێراق بکەنە دەرەوە! ئینجاش ئێراق و سعودیە و قەتەر بەلای چین و ڕووسیاو ئێرانیشدا دایانشکاندوەو، پشت ئەکەنە خۆرئاوا؟

دکتۆر فەیسەڵ قاسم لەناونانی ئەم ودیاردەیەدا، ئەڵێت "سەیرە! خەڵک هەیە سواری شەمەندەنەفەر ئەبن، پارەش نادەن، کە دائەبەزن جنێویش بە شۆفێرەکە ئەدەن".  کورد! خۆی وەک پێویست نەیتوانیوە سود لە مۆدێرنیتەو کرانەوە جیهانییەکانی دوای جەنگی سارد ببینێت، کەچی هەن لۆمەی خۆرئاوا ئەکەن هەرچەند مێژوونوسێکی وەکو دکتۆر کەمال مەزهەر پێی وایە هیچ تاوانی ئینگلیز نییە کورد ئاوایە، ئەو بەتایبەت لایوایە کە لە ساڵی (١٩٧٤)دا شای ئێران سەت هەزار کوردی لە بەردەستدا بووە، ئەگەر شەڕ و شۆڕش بەردەوام بوایە، ئەوا ئێران و ئیسرائیل ئەوکات پەیوەندییان بەهێز بوو لەگەڵ ئێراقیش ڕێککەوتبون، کورد بە تەواوی تیا ئەچو.

ئێستا، سەرۆک کۆمارەکەی تورکیا "ئەردۆگان" نەک پەلاماری کورد، بەڵکو پەلاماری یۆنان و سوریاش ئەدات. دەستدرێژی و تۆپهاویشتنەکانی ئێران بۆ ناو شارەکان و کەمپە مەدەنییەکان خەریکە ئەبێت بە مۆدێل و دیاردەیەکی ئاسایی. داعش لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە جووڵەو جووڵەکانیشی وا دیارە کە لەناو خودی ئێراق و سوپادا هەماهەنگی و هاوکارییان هەیە! ناوخۆی کوردستان وەکو پێویست یەکگرتن و یەک سوپاو یەک دەستیی سیاسیی نییە. کێ کورد ئەپارێزێت ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیاو فەڕەنسا نەبن؟

لەڕووی فەلسەفییەوە، لە ڕووی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی -Critical Thinking یەوە، سیستمی خۆرئاوایی و سەرمایەداریی بەگشتی، نا عەدالەتی و تێکچونی گۆی زەوی و پیسبونی ژینگەو دابەشبون و بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆم و هەڵتۆقینی نوخبەی فێڵبازو کۆربۆکراتی ئابوریی و بانکیی مەترسیداری بەرهەمهێناوە، ئەوە قسەیەکی دیکەیە. بەڵام بۆ نەتەوە ژێر دەستەکانی وەکو کورد بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەگشتی، خۆرئاوا لە ئاوی حەیات گرنگتر بووە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:12:42:23/11/2022



ئه‌م بابه‌ته 110 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌