داڕوخانی عێراقی نوێ

ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر
ئەوەی لەعێراق دەگوزەرێت پێش هەرشتێ داڕوخانی بەشێکی بەرچاوی ئەوەیە بەعێراقی نوێ ناونرابوو.مەسەلەکە گەورەترە لەمان ونەمانی عادل مەهدی وبەڕووی زۆر بژاردەدا کراوەیە.

نابێ بەهەندێ دروشمی ناو خۆپیشاندانەکانیش هەڵبخەڵەتێین ووابزانین گوزارشت لەڕۆح وکۆی ئەوە دەکات ڕوودەدات.هەندێ دروشم بۆچەواشەکاری وبیانووی دەستێوەردانەو دەزگا هەواڵگریەکان جێی دەکەنەوە.

کاتێ ڕووداوێکی لەم جۆرەش ڕوودەدات مەرج نیە لەچوارچێوەی هەمان ئاماج وپاڵنەرەکانی سەرەتادا بمێنێتەوە.قەبارەی ڕووداوەکان ودەستێوەردانەکان دەتوانن ئامانجی نوێ بۆ جوڵانەوەکە دیا،ی بکەن.پێشم وانیە لەگەڵ بوونی ناڕەزایەتی ونائومێدیەکی زۆردا،تەنها دۆخی خراپ لەپشت خۆپیشاندانەکانەوە بێت،ڕوداوەکان لەڕوویەکیاندا ئاماژەن بە گەیشتنی ململانێکانی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئێران بەقۆناغێکی مەترسیدار،لاڤرۆڤیش دوێنێ ئاماژەی پێکرد.

ڕوداوەکان یان عادل مەهدی لادەبەن،یاخود دەبێت ئەوڕۆڵە نوێیە ئەنجام بدا کەداوای لێ دەکرێت،ئەوەی دەشکرێت بۆ چاکسازی نیە مەبەستم ئەوەیە لەسنورێکی دیاریکراوی ناکاریگەر بترازێت ئامانج وداخوازییە چکسازییەکان بەدی نایەن،چونکە عێرا ق قۆناغی چاکسازی تێپەڕاندووەو قابیلی چاکسازیی نەماوە.

عێراق تەنها بەناو دەوڵەتە وزەلکاوێکە لە تایەفەگەری وتوندو تیژی ومەزهەبگەرایی وگەندەڵی وتاڵانی.بۆیە هەوڵەکان بۆ چاکسازی ڕەنگە زیاتر داڕوخانی دۆخەکە ولێکهەڵوەشانی زۆرترو قوڵبوونەوەی فەوزاو دەستێوەردانەکانی لێ بکەوێتەوە.بەجۆرێ هاتنەدی خەونەکەی ئێمەش ئەستەم نەبێت.

پێم وایە ڕووێکی ئەوەی ڕوودەدات،ئامانج لێی دروستکردنی حکومەتی شەڕوگۆڕینی عێراقە بۆگۆڕەپانێکی کراوەترو بێ خاوەنتری ململانێ و جەنگی بەوەکالەت.

ڕوخاندنی ئەوئاستەی لە دام ودەزگاو پەیوەندی فەرمی هەیە، بۆدروستکردنی بۆشاییەکی ستراتیژیە،تاکو دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ پڕی کاتەوە .کەپارێزەری فرەدەسەڵاتی وواقیعی میلیشیا گەری بێت.

لەهەموو حاڵەتێکیشدائەوەی دەگوزەرێت شکستی پڕۆژەی حوکمڕانی ودەوڵەتداری شیعەیە تەنانەت لە نێو ماڵی تایەفی خۆشیدا،شکستی هێزە سیاسیە مەزهەبیەکانیەتی، لە ڕوههڵماڵینێکی سیاسی وئەخلاقی گەورەیە بۆیان. گەردەشوترێت بۆ قوربانی بەمە دەدرێت؟دەڵێین چونکە مەرجی مانەوەی تیانیە،لەپێناو مانەوەی ماڵی گەورەی ساسی شیعەکانی جیهانیش، دەکرێت قوربانی بەمان بدرێت.مەترسی ئەم دۆخانە لەسەر کوردیش بەشێکی بەرچاوی لە هەڵوەشاوەیی نێو ماڵی کورد خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەحوکمی ئەوەی مەترسی بەرگەنەگرتنی فشارو دەستێوەردانی توند دێتەپێشێ. بەدەر لەوە مەترسی بۆکورد لەدوو خاڵی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە:

١هاتنە پێشی دۆخێ کودەتا بەسەر دەستوردا بکرێت وهەوڵی گێڕانەوەیەکی خوێناوی وزۆرەملێیانەی دەسەڵاتێکی ناوەندی بدرێت.

٢دروستبوونەوەی قەیرانی ئابووری. بەڵام ئەگەر کێشە نێو خۆییەکان نەبن،دەشێ قەیرانەکە هەندێ دەرفەتیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت لەوانەش: کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم وتەنانەت لاوازبوونی پشتیوانی مانەوەی عێراق وەك قەوارەیەکی یەکگرتوو.

ڕەنگە وەك ساڵێك لەمەوپێشیش نوسیومانە کورد ناچاربکرێت هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بگرێت.ناکۆکی وهەڵوەشاوەیی دۆخی سیاسی نێو خۆش پرسیارە گەورەگەی ئەگەری هاتنە پێشی ئەو ساتەوە ختەیە.

هەڵوێستی بەپەلەش خزمەت ناکات پشتیوانی لەعادل مەهدی لەسنورێکدا باشە،بەڵام هەڵوێستەکە گۆڕاوەو دەبێت گرەو لەسەر مانەوەی بژاردەیەکیش نەکرێت کە کورد نەیهێناوەو تەنها بەکوردیش نامێنێتەوە.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات


AM:01:19:05/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر