ئەنفالەکان زیندەبەچاڵ دەکرێنەوە

ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر
سوکایەتی ئەفسەرێکی عێراقی بەئاڵای کوردستانی دەست پۆلێ کەسوکاری ئەنفال لەسەماوە، وەک دووبارە زیندە بەچاڵکردنەوەی ئەنفالکراوەکانمان وابوو، چونکە ئەوانەی سوکایەتیان پێکرا، کەس وکاری ئەنفالکراوانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەبوون، کەتازە لەبیابانەکان دۆزراوەتەوە وڕوفاتی ھەشتا دایک وخوشک وجگەرگۆشەی ئێمەی تێدایە.

دەکرێت ئەم ڕووداوە وەک ھەڵوێستێکی تاکەکەسی وتێپەڕ وەربگرین، دوای لێبوردنەکەی پارێزگاری سەماوە ودەست بەسەرکردنی ئەفسەرەکەش کۆتایی بەمەسەلەکە بێنين. بەڵام ئەوەی وادەکات لەم ئاستەدا نەوەستین ودیمەنەکە لەچوارچێوەیەکی فراوانتردا سەیر بکەین وببینین، تێگەیشتنە لەھەڵوێستەکە لەسیاقی کۆی ڕەفتارە وتراو ونوێنراوەکاندا، بەیەکەوەبەستنەوەی ڕووداوە پەرش وبڵاوەکان ودیوە نەوتراو و ناوگۆڕاوەکەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی عێراقە.

ئێمە دەبێت دیدێکی قووڵ وزانستیمان بۆلۆژیکی دەوڵەت وسیاسەت ومێژوو و نوخبەی سیاسی عێراق ھەبێت، لەپاڵ ئەوەدا تێگەیشتنێکی ھاوبەش بۆ ئه و پرسە بخەمڵێنین، بۆ ئەوەی ھەڵوێست ومامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەوی دی لەعێراقدا قۆناغی کاردانەوەو بەکارھێنانی دژبەیەک تێپەڕێنێت وبچینە نێو قۆناغی بەرچاوڕوونی فیکری وستراتیژی ومامەڵەکردنی بەبەرنامە. چونکە کێشەی ئێمە لەعێراقدا کێشەی بەدحاڵی بوونی ئەم ئەفسەرو ئەو سیاسی ناحاڵی وکینە لەدڵ وکۆمەڵێ ڕووداوی پەڕش وبڵاو نیە، بیرکردنەوەیەکی لەوجۆرە ئاماژەیە بەھوشیارنەبوون بەمێژووی عێراق وناسیونالیزمی کوردی وواقیعی ئەمڕۆش.

کێشەی ئێمە پێش ئەوەی لەگەڵ عەقڵی بەرامبەر بێت لەگەڵ عەقڵی ناوەکی ومەخزەنی یاداوەری ودەزگاکانی بەرھەمھێنانی وێنا ووێنەو پێوەری ئەودایە، مەبەستیشم نیيە جەوھەرێکی نەگۆڕ بەو بەرامبەرەببەخشم، کەکارێکی لەوجۆرە دادپەروەرانە و واقیعیانە نیيە، بەڵکو ئەوەی دەمانەوێت ئاماژەی پێ بکەین سستی گۆڕانکاری وواقیعی ھەنووکە وئاستی گرەو لەسەرکردنیەتی بۆبەیەکەوەژیانێکی ئابڕوومەندانەی برین ساڕێژکەر.

لەم سۆنگەوە بەبڕوای ئێمە عێراقی دوای ٢٠٠٣ گۆڕاوە، بەڵام گۆڕانێکی قووڵی وانا دابڕانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ قۆناغی ڕابردوو دروست بکات، گۆڕانێ نیيە مەترسی ئێمە لەچارەنووس وئایندەمان بڕەوێنێتەوە. یاخود وامان لێ بکات بەمتمانەوە باوەڕ بەچیرۆکی بەیەکەوە ژیانێکی ئابڕومەندانە لەعێراق بێنین وستراتیژمان لەسەر ئەو بناغە دابڕێژین، چونکە ئاماژەکان پێمان دەڵێن بەیەکەوەژیانێکی لەو جۆرە ھاوڕایە لەگەڵ مەرجی بەرامبەر کەئەوەش پرسی بەیەکەوەژیان دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی ملکەچی.

ئێمە ھەقمانە بترسین، بپرسین وھوشیاربین، چونکە تاکو ئێستا نەسەلماوە ئەوەی لەم سنورەی ئێستاشدا بەدەستمان ھێناوە، بەرھەمی گۆڕانکاریيە لەزھنیەتی بەرامبەردا یاخود فلتەیەکی لەدەست چوو ناچاری دۆخێکی دیاریی کراو و ناھاوسەنگی ھاوکێشەکانی ھێزبووە. مەگەر ئێستا زۆربەیان لەدەستوری عێراق پەشیمان نین وگەربتوانن بەزیانی ئێمە ھەمواری ناکەنەوە؟ ئایە گوتارو ڕەفتاری عێراقی عەرەبی دەربارەی کەرکوک وناوچەبەکێشە کراوەکان سنوری بەعس وبەییاننامەی ئازاری تێپەڕاندووە؟ ئایە پیادەنەکردنی ماددەی ١٤٠ وکێشەی ئەو ناوچانە تاکوئێستا ئەوەناگەیەنێت کە ماددەکە بەھەموو کەم وکوڕییەکانیەوە بەسەریاندا سەپاوە یاخود فێڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوبووە بەمەبەستی لەباربردنی چارەسەری؟ ئایە ئەگەر عێراق بەھێز بێتەوە سنوری ئازادی وخواست وچاوەڕوانیيەکانمان بەمجۆرەی ئێستا لەعێراقی( نوێ)دەمێننەوە؟ ئایە ھەرئەوەندەی ھەلێکیان بۆھەڵکەوت ھێزیان دژمان بەکارنەھێنا؟ قووڵتر لەوە ئایە عێراق ھەرلەبنەڕەتەوە، بنەمای دەوڵەتی تێدایە تاکو بەسازش وئارام گرتن ونەفەس درێژی گرەو لەسەرلۆژیک وتوانای لەخۆگرتنی لەئایندەدا بکەین؟ فۆکۆیاما ڕەتی ئەوە دەکاتەوە عێراق وەک قەوارەیەکی دەستکردی دوای سایکس بیکۆ بنەمای دەوڵەتی تێدا بێت، چەند ساڵ لەمەوپێش ئێمەش لە رۆژنامەى(شرق الاوسط) دا واتارێکمان نووسی بەناوی جەوھەری میحنەتی عێراق لەوەدایە زەویەکە نەگۆڕا بەنیشتمان، بڕواش ناکەین لەمەبەدوا بگۆڕێت، کێشەی ئەم قەوارە بەڕواڵەت دەوڵەتەش ھەرلەگەڵ کوردا نيیە، بەڵکو لەگەڵ خودی عەرەبەکانیشدایە، بەڵام بەجۆرێکی تر.

بەشێ لەگۆڕانە ڕووکەشەکەی تریش لەعێراقدا پەیوەندی بەناسیونالیزمی عێراقی وعێراقچیەتیەوە ھەیە، لەم ڕووەشەوە ئەوەی گۆڕاوە فۆرمی دەربڕین وخاوەندارێتیە نەک پەیام وجەوھەر، ئەگەرتادوێنێ بەعسیزم وسوننەگەرایی تایەفەگەری تێکەڵ بەعروبەیەکی بەڕواڵەت سنوربڕ ناوەڕۆکی گوتاری ناسیونالیزمی عێراقیان پێکھێنابێت، ئەوائەمڕۆ گوتارێکی شیعەگەرایی ئاشکراو پەردەپۆش کراو ئەوناوەڕۆکە پێکدەھێنێت وخاوەندارێتی لێدەکات، ھەردوو گوتارەکە وەک یەک سنور وقەوارەکە لەسەر حسابی مرۆڤ وپێکھاتەکانی ناوی پیرۆزدەکات، وبەناوی ڕەوایەتی بەرگری کردن لەوەوە سیاسەتی سەرکوت و وەلاخستنی بەشێ لەپێکھاتەکان پێش دەخات، ئەوەش دەری دەخات ئەوەی ئێستا ھەیە بەرھەمھێنانەوەی دوێنێیە لەبەرگێکی جیاوازدا.

لەلایەکی ترەوە بەیەکەوە ژیانی ئابڕوومەندانە لەئێستادا بەدەرلە دیموکراسیەکی گەشەکردوو دەرفەتی بەدیھێنانی زۆر نیيە،عێراقیش وڵاتێکە لەمیلیشیاو عەقڵی مەزھەبی وتوندوتیژی وگەندەڵیدا مەوج دەدات، بوغزی تایەفەگەری تیایدا وەک ژەھر بڵاوبۆتەوە، کێشەی لۆژیکی دەوڵەتیشی ھەیە بۆگرەو کردن لەسەر تێپەڕاندنی، ئەمە جگەلەوەی دیموکراسی لەسنورێکدا گرەنتیە بۆ کورد، چونکە دەتوانرێ بەناوی خودی بەھاومیکانزمەکانی ئەوەوە، ئازار بدرێین وسەرکوتیش بکرێین. بەڵام ئەمە ڕووێکی چیرۆکەکەیەو ڕووەکەی تری پەیوەندی بەخۆمانەوە ھەیە، ئێمە بەنالێبوردەیی خۆمان پێگەی خۆمان لاوازکردووە. ئێمە کێشەی ڕاستەقینەی بەیەکەوەژیانی سیاسیمان لەکوردستان ھەیە. لەناوخۆدا ناکۆک وناڕێک ودابەشبووین، ھەرئەمەشە وای کردووە تاکوئێستا بەدەست پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی وئیرادەییەوە بناڵێنین، جۆرەھا کینە وبوغزمان بەرامبەر یەک ھەبێت ومۆرکی ناوچەگەری وخێڵگەرایی سیاسی بەسەرعەقڵ وبیرکردنەوەماندا زاڵ بێت!!بەرامبەر یەک بێ متمانە بین، تاکوئێستاش گیانی تۆڵەکردنەوە لەیەکتر وای کردووە ھەندێ لەھێزەکان خیانەت کردن بەماف بزانن، لەوسۆنگەوە کە ئەو تۆڵەی خیانەتێکی پێشوتری ھێزەکەی بەرامبەرە!!

مەگەر لەڕووداو دڵتەزێنەکانی دوای ڕیفراندۆم وئەوەی بەسەرماندا ھات گوێمان لێ نەبوو دەوترا ئەمە بەرامبەر فڵان ڕووداو!! تابەم جۆرەش بین وخۆمان لەگۆمی ئاشتەواییەکی نیشتمانیی ڕاستە قینەدا بیسمیل نەکەین وسنورێ بۆ ئەم بارودۆخە دانەنرێت، ناتوانین دەنگمان بەسەر بەرامبەری عەرەبیدا دلێربێت وجەنگی ئەخلاقی ببەینەوە، بەڵکو ھیچ گرەنتیەک نیيە خودی ئەو بابەتە وەک ڕابردوو نەبێتە بابەتی موزایەدەی نێو خۆیی. ئێستا گرنگە کورد تێڕوانین ومامەڵەکردنی مەیدانی لەھەندێ ڕووە لەیەکتری جیاباتەوە، واتە دیدێکی ڕوونی دەربارەی ئایندەی خۆی لەعێراقدا ھەبێت بەڵام مامەڵەی سیاسی بەزەقی بەدەوری ئەو ئامانجەدا نەخولێتەوە بەڵکو لەدوور مەودادا خزمەتی بکات. بەڵام ئەمە لێکۆڵینەوەی زانستی ومەتبەخی سیاسی نیشتمانی وزاڵبوون بەسەر دابەشبوونە نانەتەوەییە تەقلیدییە ناوخۆییەکانی دەوێت. ئەوسا دەتوانێ ستراتیژ دابڕێژێت، داخۆ لەعێراقی ئایندەدا شانسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و خاک وسنور و بەیەکەوەژیانێکی ئابڕومەندانەمان ھەیە یاخودنا؟.

ئەگەرنيیە چۆناخۆمان بۆڕزگاربوون لەم تەوقە نەعلیەتە ڕزگاربکەین؟

دەرفەتەکان چین؟

کەڵەکەبوون بەقازانجی ئەم ھەنگاوە چۆن ڕوودەدات؟یاخودئەگەرجەبرە سیاسيەکانی دەرەوەی ئیرادە وخواستی ئێمە فۆرمێکی بەیەکەوە ژیانێکی زۆرە ملێیانەیان بەسەردا سەپاندین چی بکەین؟

چۆن بەتواناکانی ئەم قەوارە کە بەقەدەر ئاسمان وزەوی قەرزارمانە خۆمان بنیات بنێین؟ ھەروەھا چۆن لەجەنگی بیناکردنی حوکمڕانیەکی باش وسەرکەوتن بەسەرخیانەتی گەندەڵیدا سەرکەوتووبین؟

ئەمە ڕێگا ڕاستەکەیە شەڕی بەدەست ھێنانەوەی ھەیبەت وکەرامەت وئیعتباری خۆمان پێش ھەر شوێنێ دەبێت لەناو خۆماناداو بەرامبەر بەڕووە دواکەوتووەکەی خودو کەسێتی خۆمان بکەین. واتا بۆبەیەکەژیانێکی ئابڕومەندانە وئازاد و ئارەزومەندانەو ڕەگ وڕیشەدار بگێڕینەوە. بۆ ئەوەی لۆژیکی مافخوازیی نەتەواییانە بەرامبەر ئەوی دی نەتەوەیی ومەزھەبی وسیاسی، میسداقیەتێکی پشت ئەستور بەواقیعێکی بەرھەست وچاوی ھەرێمی ھەبێت، بەش بەحاڵی خۆشم بڕوام بە ئایندەی بەیەکەوەژیانی دڵخوازانەی نێوان کوردو ئەوی دی نەتەویی ومەزھەبی سەردەست نیيە، ڕێگای ڕاست ڕێگای گەڕانەوەیە بۆماڵجیایی سیاسی، بەڵام دوای لەدەستدانی دەرفەتەکان بۆ نزیکبوونەوە لەوئامانجە، تائەوکاتە دنیایەک بەرژەوەندی ھەن پێویستیان بەپاراستنە. چەندین ھەنگاو ھەن خوازیاری زەمینە سازکردنن، ئەگەری ھاتنە کایەی چەندین دەرفەت ھەیە پێویستیان بەچاودێری مێژووییە.

ھەمووئەوەش پێویستی بەکۆدەنگی نیشتمانی وعەقڵی پێگەیشتووی سیاسی وھەست بە لێپرسراوێتی نیشتمانی وئەخلاقیيە، پێویستی بەگێڕانەوەی واتای سیاسەتە بۆسیاسەت وەک کردەو چالاکیەکی مەدەنی وئەخلاقی وبەڕێوەبردنێکی ئەقڵانی ململانێکان وپارێزگاریکردن لەچاکەی گشتی.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕای نووسەر و چاوی کورد لێی بەرپرسیار نییە.




AM:12:55:31/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 263 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر