کێشە گەورەکەمان

ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر

کێشەی گەورەی ئێمە لەدوای ڕووخانی ڕژێمەوە لەپاڵ نەبوونی نەخشەڕێگایەکی نەتەوەیی، نەبوونی لێکدانەوەی ھاوبەشە بۆ ئەوەی ڕوودەدات، لاوازی ھەماھەنگی و نەبوونی سەنتەرێکی بڕیاری ھاوبەشی کاراو دەزگایەکی بەدواداچونی نیشتمانییە.

ھەربۆیە قسەی بەرپرس و سەرکردە سیاسییەکانیش، لەقسەکردنی ڕۆژنامەنووسەکان نزیک دەبێتەوە، شرۆڤەو ھاوار وخستنەڕووی ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووس وچالاکوان شوێنی خۆی ناگرێت، یاخود لانی کەم وەک ئەوەی پێویستە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و کاریگەرنابێت، ھەر بۆ نموونە کاتێک پرسێکی وەکو پرسی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و لەونێوەندەشدا کەرکووک دێتە پێشێ، هەروەها ھاوکات کۆمەڵێ گۆڕی ئەنفالکراوەکانمان ھەڵدەدرێتەوە، سەنتەرێکی بیرکردنەوەو نەخشەکێشان و ئاڕاستەکردنی نیشتمانی نییە، پێمانبڵێت بەرامبەر ئەم دۆخە چی بکەین؟ ئەرکی حکومەت، پەڕلەمان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان وسەرۆک کۆمار و وەزیرەکان لە بەغدا و، ڕاگەیاندن، حیزبەکان و ڕێکخراوەکان وتوێژەکان چین؟

ھەنگاوی یەکەم چییەو کێ دەینێت و چی بەدوادا دێت؟ چۆن کایەو ھەنگاوە جیاوازەکان یەکتری تەواو دەکەن؟ وەرەقەکانی دەستمان چین و چۆن وکەی و بەرامبەر بەچی بەکاریان دێنین؟ سیناریۆ و بژاردەکانمان و تەکتیک وئامڕازی فشاری بەرامبەر چین وچۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین؟ کەی فشاردەکەین و کەی وتووێژ؟

بەداخەوە ئەوەی لەم ڕووەوە دەگوزەرێت بەڵگەی لاوازیەکی کوشندەی بیرکردنەوەی ستراتیژی سیاسی و نیشتمانییە، کارەکان تاڕاددەیەک بەسەرپێی ولەڕێی ھەندێک ھەماھەنگی شەخسی و لاوازەوە بەڕێوە دەبرێن!! ھەربۆیە چارەسەرو بەدەمەوەچوونەکان مۆرکی وەرزیان پێوەدیارە، دابەشبوونە نێوخۆییەکان، سنورداریی خەیاڵدانی سیاسەتمەداری کورد لەپاڵ کۆمەڵێ کێشەی تردا، بەتەواوی مانا بۆشاییەکی ستراتیژیان درووست کردووە، ئەولەویاتەکان ڕوون نین و بەشێوەیەکی دابڕاو و کاتی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکان دەکرێت، ئەوەش وای کردووە ھەروەک وتمان بەشێک لەڕەنجی خەڵکە دڵسۆزەکەی دەرەوەی بازنە تەسکەکەی درووستکردنی سیاسی بەفیڕۆ بچێت و کەڵەکەبوون ڕوونەدات و دۆخەکان خۆیان بەرھەم بێننەوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:16:27/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر