ئێراق وژیانی دۆزەخیانە

ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر

ھەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، دووپاتی ئەوەی کردەوە، کێشەکانی ئێراق زۆر لەوە قوڵترو فرە رەھەندترن،  ھەروا بەسانایی  لەڕێی ھەندێ میکانیزمی  دابڕاو لەژینگەی دیموکراسی و فەرھەنگی دەوڵەت، چارەسەر بکرێن.

تەنانەت ئەو ھێزو نوخبانەش خۆیان بەچارەسەر و جێگرەوەی دۆخی ئێستا دەزانن، ئەگەر دەرفەتی  بەدەسەڵاتگەیشتنیان دەستبکەوێت، تەنھا بەواتا ڤیبەریەکەی دەتوانن بینای دەوڵەت بکەنەوە، واتە پاوانکردنی زەبروزەنگ لە لایەن دەوڵەت وتۆخکردنەوەی سەروەریەکەی، دەنا نەلەڕوی فیکری ونەلەڕوی سیاسی وئەخلاقیە وە توانای  دەوڵەتسازیان نیەو ناشبن بەدەوڵەت مەدار. چونکە ڕاستە کێشەی گەورەی ئێستای عێراق فرەدەسەڵاتی ولاوازیی دەوڵەتە،  بەڵام ڕەگی کێشەکانی لەوە قوڵترن ودەگەڕێنەوە بۆ ساتەوەختی دامەزراندنی وبونیاتەکەی ومۆدێلی دەوڵەتی نەخەمڵیوو شکستخواردووی پاش سایکس- بیکۆ.

ھەموو ئەوەش بەوردبوونەوە لەمێژوی ئێراق پێمان دەڵێت: ئێراق  زیندانێکی مۆدێرنە بۆگەلەکەی، لەھەردوو دۆخی لاوازی وبەھێزیدا سەرچاوەی جۆرەھا کێشەوتاوان وقێزەونیە، لەسەد ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتیش لەدوای کودەتای چواردەی تەموزەوە، ئەوەی لەعێراقدا گۆڕانی بەسەردا ھاتووە سروشت وجەوھەر نیە، بەڵکوجۆروفۆرمی کێشەو تاوان وجیاکاری ومەینەتیەکانە.

لەئێستاشدا ئێراق بۆتە شانۆی وێناکردنی واقیعێکی دۆزەخی، گەلی عێراقیش ھاوشێوەی دۆزەخەکیانن، واتە نەئەوەتە ئێراق ھەڵوەشێتەوەو لەم دۆخە ڕزگاربن، نەبەواتای وشەش ببێت بەدەوڵەت وبەسەر کێشەکانیدا زاڵ بێت وژیان مانا ئاسمانی و ئەخلاقی ومەدەنیەکەی خۆی وەربگرێتەوە؟!




ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:23:07/11/2021



ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌