زمانی کوردی ھۆی دابەشبوونی زیاتر نەک ھۆی یەکبوون

عەتا قەرەداخى
نوسەر

بێگومان دیارترینی ئەو ڕەگەزانەی کەلتووری کوردی کە بوونی کوردی پێدەناسرێتەوەو چووەتە شوێنی شووناسی کوردی زمانی کوردیە. ئەو جێگاگرتنەی زمان لە جیاتی شوناس بارێکی ناسرووشتیەو لە ئاستێکی تریشدا ھۆکاری نەبوونی شووناس ئەوەی درووستکردووەو کارگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە جیاتی شووناسی کوردی بوونی کورد لە سنوورێکی تەسک یان لە ئاستی ناوچەیدا لە رێگای زمانەکەیەوە دەربکەوێت، ئەویش لەو ڕووەوە نا کە زمانێکی دەوڵەمەندو باڵادەستە لە نێو زمانەکانی تری دنیادا، نەخێر بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە کە وەکو زمانێکی ناوچەیی سەیر دەکرێت و تەنیا لە ئاستی ناوچەیشدا کاری پێدەکرێت.

دیارە ئەوە ئاشکرایە زمان وەکو بەشێکی سەرەکی لە ئەنتۆلۆجیای مرۆڤ سەیر دەکرێت و یەکەمین ئامڕازی سەرەکیشە بۆ ئەوەی مرۆڤ چ وەکو تاکە کەس و چ وەکو نەتەوەش بوونی خۆیی پێدەرببڕێت یان گوزارشتی لەخۆی پێبکات. زمانی کوردی تاکو ئێستا ئەو زمانەیە کە لە ڕووبەرێکی ناوچەیی سەرجوگرافیای کوردستاندا گوزارشتی پێدەکرێت و جۆراوجۆرای زارەکانی ئەم زمانەو درووستنەبوونی زمانی ستاندەر وایکردووە کە تەنانەت لەسەر ئاستی ھەموو کورستان خۆیشی ئەم زمانە نەتوانێت بە یەک شێوازو بە جۆرێک کە ھەموو کەسێکی کورد تێیبگات، ببێتە ئامڕازی خۆدەربڕین و خۆنمایشکردنی کورد بەمەرجی ھەموو کورد تێی بگات.

واتە دابەشبوونی زمانی کوردی بۆ چەند زارێکی ناوچەیی و پێکنەھاتن و درووستنەبوونی زمانی ستاندەر لە ئاستێکدا کە ھەموو کورد بتوانێت پێی بدوێت و پێی بنووسێت و پێی بخوێنێتەوە ھۆکارێکی سەرەکیە بۆ لاوازی ھەستی یەکبوون و یەکێتی نەتەوەیی کورد و، بەو پێیەش لە ئاستی قوڵدا بۆ ھەستنەکردنی کورد بەوەی کە دەبێت یەک شووناسی ھەبێت کە شووناسی کوردیە.

بەڵام بەم بارەی ئێستای زمانی کوردییەوە شووناسی سۆرانی بوون یان شووناسی بادینانی بوون یان شووناسی ھەورامی بوون یان شووناسی لوڕی بوون ئەگەر بەھێزتر نەبێت، لە شووناسی کوردی بوون ئەوە لاوازتر نییە. بە تایبەتی لە ڕووی کردارو پراکتیکەوە.

کەواتە بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت کە زمانی کوردی نەک نەیتوانیوە ببێتە ڕەگەزێکی کاریگەر بۆ بە دەستھێنانی شووناسی کوردی لەسەر ئاستی جیھانی، بەڵکو تەنانەت ڕۆڵی نێگەتیفی بینیووە لەوەدا کە تەنانەت لەسەر جوگرافیای کوردستانیش واتە لە ناو ماڵی کورد خۆیشیدا، تاکە شووناسێکی کوردی بە ئاشکرا نەبینرێت یان بە ئاشکراو لە ڕووی کردارەوە بوونی نەبێت.

بێگومان ھەرچۆن جوگرافیا یان تۆپۆگرافیای کوردستان ڕۆڵی نێگەتیفی لەوەەدا بینیووە کە ڕێگربێت لە بەردەم پێکھاتنی یەکێتی نەتەوەیی کوردیدا دابەشبوونی زمانی کوردی بۆ چەند زارێکی ناوچەیی، ھەمان رۆڵی نەرێنی ھەبووەو ھەیەو یەکێکی لە ھۆکارەکانی مانەوەی کورد بە پارچەپارچەیی و لە دەرەوەی یەکگرتن.

ھەمان شێوەی داگیرکردن و دابەشکردن بەھەمان شێوە سیاسەتیش ڕۆڵی نێگەتیفی ھەبووەو ھەیە لەوەیدا کە زمانی ستاندەری کوردی درووست نەبێت، بەشێک لە حیزبەکانی کوردستان بەتایبەتی ئەوانەیان قوڵایی بادینی یان کرمانجی و زازاییان ھەیە بە ئاسانی دان بە زاری سۆرانیدا نانێن و لەوە ناپرسن کە ئەم زارە چەند کاری پێکراوە، بەھەمان شێوە ئەو حیزب و سیاسیانەی کە قوڵاییەکی سۆرانییان ھەیە بادینی بە ڕەوای ئەوە نابینن ببێتە بنەمای زمانی ستاندەری کوری.

تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی لە تاکە بەشێکی کوردستاندا، کە ئێستا کورد خۆی بەڕێوەی دەبات دوو زاری ناوچەیی بۆ خوێندن ھەبێت و دوو زاری نووسین لە دەمودەزگاکانی حکومەتی کوردیدا بەکاربێت کە ئەمەش لە ئاستی یەکەمدا بووەتە ھۆی لاوازی ئینتیمای یەکبوون و ھەستکردن بە جیاوازی لەگەوھەرو ماھیەت و بوونی نەتەوەدا، کە ئەوەش لە خۆیدا زەمینە سازی دەکات بۆ پەرتبوون و دابەشبوونی زیاتر مرۆڤی کورد لە خودی خۆیداو بەو پێیەش دابەشبوونی شووناس نەک لە بەرامبەر ئەوی دەرەوە یان ئەویتردا بەڵکو لەبەرامبەر یەکتریشدا. یان بە وتەیەکی تر ئەگەر بەشێک لە بوونی شووناسی نەتەوەیی کورد پەیوەندی بە یەکبوونیەوە ھەبێت ئەوا زمانی کوردی بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەی یەکبوون کاردەکات و بەو پێیەش نەک ڕۆڵی کاریگەر ناگێڕێت بۆ بەرھەمھێنانی شووناس بەڵکو ڕۆڵی نێگەتیف دەگێڕێت لەبەرامبەر درووستبوونی شووناسی نەتەوەیی کوردیدا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:30:10/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر