کورد له‌ نێوان پڕۆژه‌و عاتیفه‌دا

عەتا قەرەداخى
نوسەر
ئایا چی پەیوەندییەک لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا ھەیە؟ ئایا پەیوەندی نێوان ئەم دوو چەمکە لە کۆمەڵگە پەراوێزییەکانی وەکو کۆمەڵگەی کوردیدا چۆنە؟ ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا شتێک ھەیە بە ناوی پرۆژەی سەربەخۆیی؟ ئایا بەبێ بوونی ناسیوونالیزمێکی خاوەن شووناس دەشێت پرۆژەی نەتەوەیی بوونی ھەبێت؟ ئایا لە بارێکی وەھادا ئەگەری درووستبوونی دەوڵەتی کوردی ھەیە؟ ئایا ئەو شێوازی کارکردنی حیزبی کوردی لە ئێستادا چیمان لە بارەی پرۆژەی ناسیونالیزمی خاوەن شووناسەوە پێدەڵێت؟ ئایا چ پەیوەندییەک ھەیە لە نێوان ناسیونالیزمی خاوەن شووناسی کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو و ناسیونالیزمی دەوڵەتی سەردەستەدا لە ڕووی پرۆژەی جیابوونەوەوە؟ ئایا ناسیونالیزمی کوردی وەکو ناسیونالیزمی دژە داگیرکەر تا چ ئاستێک توانیوێتی ببێتە خاوەنی پرۆژەی نەتەوەیی بەو مانایەی کە درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت؟ ئایا لەسەرووی ھەموو ئەمانەوە عاتیفە چ ھەژموونێکی ھەیە بەسەر ناسیونالیزمی کوردییەوە؟ ئەی داخۆ ناسیونالیزمی کوردی توانیوێتی دامەزراوە لۆکاڵیەکانی وەکو خێڵ و عەشیرەت و حیزب و مەزھەب و ئایین لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا رێکبخات و یەکەیەکی یەکگرتوویان لێدرووست بکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک کە پرۆژەی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتە؟

دیارە ئەوە ئاشکرایە ناسیونالیزم بەرھەمی پەرەسەندنی قۆناغێکی دیاریکراوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا، کە لە لێکدانەوەی کلاسیکدا پێی دەوترێت شۆڕشی پیشەسازی و درووستبوونی چینی ناوەند، کە بە بۆرژوای نیشتیمانی ناودەبرێت.

دیارە ئەم چینەش بەرھەمی شۆڕشی بۆرژوایە، کە خاوەنی پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی و بیناکردنی دیموکراسییە، واتە ئەرکی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. ئەمەش زیاتر لەسەر مێژووی ئەو کۆمەڵگەیانە لێکدراوەتەوە کە پەرەسەندنێکی سرووشتییان ھەبووەو، قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیان بە شێوەیەکی ئاسایی بڕیووەو، لەھەر قۆناغێکدا ئەو کۆمەڵگەیە ئەو دامەزراوانەی درووستکردووە کە خاسێتی ئەو قۆناغەن، بە کۆی ئەو سیستێمە ئابووری و عەقڵی و ئیدارییەوە کە لەو قۆناغەدا پێویستە بەرھەم بێن.

بە چەمکی نوێ، ناسیوونالیزم بەرھەمی مۆدێرنێتەیە، کە مەبەست لەمەش دەرکەوتنی ناسیونالیزمە وەکو بەرھەمی کۆمەڵگەی پیشەسازی و بەرھەمی تەکنۆلۆجیا بە کۆی کەلتووری ئەو قۆناغەوە، بە ھەموو توخم و ڕەگەزەکانییەوە. خۆئەگەر وەھاش سەیری دەوڵەت بکەین کە بەرھەمی مۆدێرنێتەیە، ئەوا لەبەرامبەردا دەبێت بزانین کە ئەرکی دەوڵەت لەم ڕوانگەیەوە لە ئاستی یەکەمدا بریتییە لە درووستکردنی نەتەوە.

کەواتە ئێستا ئێمە بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین کۆی ئەو بۆچوونانەی کە پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەیی کوردو پەرەسەندن و شووناسی نەتەوەیی ئەم پێکھاتە ئیتنیکییە دەکەن لە روانگەی بێ دەوڵەتیەوە، دەکەونە بەردەم گومانەوە. ڕەنگە ھەر لێرەشەوە بێت بە جۆرێک لە جۆرەکان عاتیفەو ھەڵچوون ببێتە ڕەگەزێکی زیندوو، کاریگەری جوڵێنەر لە بوونی ناسیوونالیزمی نەتەوە ژێردەست و بێ دەوڵەتەکاندا، ھەرچەندە لە بنەڕەتەوە عاتیفەو ھەڵچوون، خاسێتی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە، واتە خاسێتی کۆمەڵگەی دەرەوەی عەقڵ یان کۆمەڵگەی نێو سرووشتە.

ھەڵبەت جیاکردنەوەی کۆمەڵگەی پێگەیشتوو لە کۆمەڵگەی سەرەتایی یان کۆمەڵگەی نێو سرووشت، دەبێت لە ڕوانگەی لاوازی دەسەڵات و ھەژموونی سۆزو عاتیفەو ھەڵچوونەوە بێت، لەبەردەم چەمکی عەقڵ و لێکدانەوەدا. ئەوەش ئاشکرایە کە ناسیونالیزمی کۆمەڵگەی پێگەیشتوو زیاتر لەوەی کە ملکەچی سۆزو عاتیفەو ھەڵچوون بێت، ملکەچی لۆجیکی عەقڵ و لێکدانەوەیەو ئەوەش بنەمایەکە بۆ ئەوەی بیکاتە خاوەنی پرۆژەی دەوڵەت.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری ناسیونالیزمی کوردی بکەین ئەوا بە ئاشکرا دەبینین سەرباری ئەوەی کە بزووتنەوەی ناسیوونالیزمی کوردی لە بارێکی زۆر لاوازدایە، دیسان لەژێر ھەژموونی سۆزو عاتیفەو ھەڵچووندایەو کەمتر خاسێتەکانی عەقڵ و لێکدانەوەی پێوە دیارە، ھۆکاری ئەمەش زیاتر دەگەڕێتـەوە بۆ سەرەتاییبوونی ئەم ناسیونالیزمەو نەگەیشتنی بە ئاستی بەدەستھێنانی شووناس، کە دیارە شووناسی ناسیوونالیزمیش تەنیا لە بوونی پرۆژەی دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت.

ھەرئەوەش یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی خودی ئەم ناسیونالیزمەو لەبری ئەوەی وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو نەتەوە دەربخات و ئاڕاستەی بکات، چەندین ئاڕاستەی پەرش و بڵاوی ھەیەو، نە لە ڕووکەشداو نە لە گەوھەرو ماھیەتدا، خاسێـتەکانی یەکێتی و یەکبوونی ھەڵنەگرتووە.

لە کاتێکدا مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەی ناسیونالیزمی کوردی ببێتە خاوەنی شووناس ئەوەیە، کە ببێتـە ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کە ھەموو نەتەوە بکاتە یەکەیەکی یەکگرتوو، کۆی دیوارو سنوورە ناوخۆییەکانی نێوان یەکەو دامەزراوە لۆکاڵییەکانی لە جۆری دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت و ئایین و مەزھەب و تەسەوف و حیزب و دەستەو گروپ و شارو ناوچەو دیالکتیک، بڕوخێنێـت و، کۆی نەتەوە لە یەکەیەکدا کۆبکاتەوەو وەکو تاکە ھێزیک رێکیبخات و بەیەک ئاڕاستە بیجوڵێنێت کە ئەویش ئاڕاستەى بەرەو پێکھێنانی دەوڵەتە. 

بێگومان ئەوەی ئێستا لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دەبینرێت، بێجگە لە پەرت و بڵاوی و فرە ئاڕاستەیی ھیچی تر نییە، بە جۆرێک کە سادەترین بنەمای گوتاری تەواوی نەتەوەیی لەسەر ئاستی گشتی کوردستان نابینرێت و، ئەگەر بڵێین تەنانەت پەیوەندی کوردی بەشێکی کوردستان لەگەڵ بەشێکی تردا ئەسڵەن لە پەیوەندی یەک پێکھاتەی ئیتنیکی ناچێت، پێموایە بەھەڵەدا نەچووین.

کەواتە لەم ڕووەوە باسکردن لە ناسیونالیزمی کوردی وەکو بزووتنەوەی جەماوەریی یەک نەتەوە یان یەک پێکھاتەی ئیتنیکی، ھیچ مانایەکی نییە، کە ئەمەش لاوازی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی نیشان دەدات. ئێستا بە ئاشکرا گوێمان لە دەنگی بزووتنەوەی کوردی باکورو ڕۆژئاوا دەبێت سەبارەت بە باشور، ھەروەک کە گوێمان لە دەنگی باشوریش دەبێت سەبارەت بەوانی تر، ئەوکات بە ئاشکرا ھەست دەکەین کە بنەماکانی یەکێتی نەتەوەیی چەند لاوازن و لەوە ناچێت کوردی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەیەکترەوە ھەبێت.

لەسەر ئاستی یەک بەشی کوردستانیش حیزبی کوردی کە جێگرەوەی خێڵە، لەبری ڕۆڵی کاریگەرانە بۆ یەکگرتن، ئالودەبووی عەقڵ و ستراتیژی خێڵە، کە بریتییە لە دابەشبوونی زیاترو پەرتبوونی زیاتر. ڕەنگە بەھەڵەدا نەچووبین ئەگەر پێمان وابێت یەکێک لەو ھۆکارانەی کە ھەمیشە ڕۆڵی ھەبووبێت لە شکستھێنانی کورددا، لاوازی یەکێتی نەتەوەیی کورد خۆی بووە، کە ڕەنگە ھەر ئەوەش ھۆکار بووبێت بۆ ئەوەی کە بەردەوام چاوی لەوە بووبێت ئەوانی تر بڕیاری بۆ بدەن، کە ئەم حاڵەتە تاکو ئێستاش بەردەوامەو، ئەوەتا لە بارودۆخێکی وەکو ئەوەی ئێستاشدا ھێشتا کورد لە نێوان دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، کە یەکەمیان ئاڕاستەی ھەڵچووی سۆزو عاتیفەی ناسیونالیزمە، کە ئەوەی پێوە دیارە کەمتر بەرھەم و دەرھاوێشتەی مەنتیقی عەقڵەو تەنیا وەکو گوتاری بێ کردار خۆی نمایش دەکات. ئەویتریشیان ئاڕاستەی پشتکردنە لە گوتاری نەتەوەیی و لایەنگیریە بۆ گوتاری مانەوەو یەکێتی و یەکبوون لەگەڵ ئەوی داگیرکەردا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:10:00:29/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر