قەیرانى ئینتیما

عەتا قەرەداخى
نوسەر
ئینتیما بریتییە لە پەیوەستبوونێکی ئەنتۆلۆجیانە، ئەگەر مەبەستمان ئینتیمای نەتەوەیی‌و نیشتیمانی بێت ئەوا ئینتیما دەبێتە پەیوەستبوونێکی ڕۆحی‌و مەعنەوی بە نەتەوەو نیشتیمانەوە، کەواتە ئینتیما دەبێتە بەشێک لە بوون، دیارە بوون بە چەمکی کۆمەڵایەتی نەک بە چەمکی فیزیکی.

مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی یان مرۆییەوە تا چ ئاستێک مرۆڤ وەکو تاک یان کۆ، پەیوەستە بە نەتەوەو نیشتیمانەوە، یان لە ئاستێکی بەرزتردا پەیوەستە بە مرۆڤایەتییەوە، چونکە ئەوە ئاشکرایە ھەر ئینتیمایەک ڕەھەندێکی مرۆڤایەتییانەی نەبێت، سەرئەنجام دەبێتە جۆرێک لە تووندڕەوی یان شۆڤێنیزم.

مرۆڤ بە خۆڕسکی جۆرێک لە ئینتیمای ھەیە بۆ خێزان‌و ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی کە تێیدا لە دایک بووەو منداڵی تێدا بەسەر بردووە، بەڵام ئەم جۆرە ئینتیمایە بابەتێکی سرووشتی کاڵەو لە چوارچێوەی غەریزەدا دەمێنێتەوەو پەیوەندی نییە بەئاستی ھوشیاریەوە، بە زارەوەی کۆمەڵایەتی پێی دەوترێت، ئینتیمای کاڵ یان سرووشتی، کە دەشێت زیندەوەرانی تریش ھەمان جۆرە ئینتیمایان ھەبێت. بەڵام ئینتیما بە چەمکی کۆمەڵایەتی، بەرھەمی ھوشیاری‌و فیکرو تێڕامان‌و ھەڵوێست‌و جیھانبینیە. لەم ڕوانگەیەشەوە، ئینتیما پۆلێن دەکرێت بۆ ئینتیمای نیشتیمانی، نەتەوەیی، چینایەتی، ئایدیۆلۆجی، فیکری، ئایینی‌و...هتد، لە ھەموو بارەکاندا، ئینتیما بنەمایەکە بۆ دیاریکردنی ھەڵوێستی تاکەکەس‌و، ڕۆڵی دیاریش دەبینێت لە بەرجەستەکردنی ڕەوتارو کردەوەو جوڵەی تاکەکاندا.

زۆربەی کات ئینتیمای بەھێز، مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستی بەسۆفی بوون‌و شوێنکەوتنی ڕۆمانسیانە، وەکو عاشقێکی لێدەکات کە تەنیا لە پێناوی ئەو پەیوەستبوونە ڕۆحیەدا بژی، ھەرئەوەشە کە مرۆڤ والێدەکات ژیانی خۆی ببەخشێت.

ھەرچەندە کۆمەڵگەی کوردی، لە ئاستێکی پەرەسەندنی لاوازی کۆمەڵایەتیدایەو، بەوپێیەش ھوشیاری نەتەوەیی لاوازەو، ناسیونالیزمیش کە دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئینتیمای نەتەوەیی‌و نیشتیمانی، نەبۆتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی خاوەن بەرنامەی پێویست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە ئینتیمای نەتەوەیی‌و نیشتیمانی، لە کوردستاندا ھەبووە، کە مرۆڤی کوردی گەیاندووەتە ئاستی ئامادەبوون بۆ خوێنبەخشین‌و قوربانیدان، لە پێناوی نەتەوەو نیشتیماندا‌و، مرۆڤی کورد خۆنەویستانە لە ژێرکاریگەری ئەو ئینتیمایەدا، خەباتی کردووەو پێی وابووە بوونی ئەو بە ئازادی نیشتیمان‌و نەتەوەکەیەوەیە، ئەوەش جوانترین ئاستی ئینتیمایە کە مرۆڤ بگەیەنێتە ئەو ئاستەی پێی وابێت بوونی ئەو لە بوون‌و ئازادی نەتەوەو نیشتیمانەکەیدایەو، ئەگەر ئەم تێڕوانینە ببێتە فەزایەکی گشتی لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەوا ئاستی بەرپرسیارێتی ھێندە بەھێز دەبێت، ھەموو تاکێک ھەست دەکات کە کارکردن لە پێناوی بیناکردن‌و بەرەوپێشبردن‌و رێکخستن‌و پاراستنی نیشتیماندا، لە ھەموو ئاستەکاندا ئەرکی ئەوە، درووستبوونی ئەو جۆرە ھەستکردنەش رۆحی ئینتیمایە، کە گەوھەرەکەی بریتییە لە خۆشەویستی.

ھەرچەندە ئێستا، ئاستی ئەو ئینتیمایە جۆرێک لە کاڵبوونەوەی پێوە دیارە، بە تایبەتی لەلای نەوەی نوێ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ھەرەسی ھێناوە، لێرەدا یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەت‌و دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی ئەوەیە، کەچۆن ئاستی لاوازبووی ئینتیما لە لای مرۆڤی کورد بەھێز دەکاتەوە.

بێگومان خەمی ئێمە ترسە لە زیاتر لاوازبوونی ئەو ئینتیمایە، بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدات، پێویستە حکومەت ھەوڵبدات ئەو ڕۆحە پاسیڤکراوە چالاک بکاتەوە، ئەویش بە درووستکردنی فەزایەک دەبێت، کە ھەموو تاکێک ھەست بکات ئەو بەشێکە لەم نەتەوەو نیشتیمانەو ماف‌و ئەرکی ھەیە.

مافیش لە ڕێگای دابینکردنی ژیانێکی باش‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و یەکسانی‌و، سەیرکردنی ھەمووان لە ڕوانگەی کارو دڵسۆزییەوە دەگاتە ئەنجام. بەڵێ ئەگەر بمانەوێت ئینتیمای لاواز بەھێز بکەینەوە، دەبێت ئەو بۆچوونە لەلای ئەندامانی کۆمەڵ درووستبکەین، کە ئەوان بەشێکن لە ئەندامانی ئەم نەتەوەو خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن‌، ئەوەش بە کردەوەو لە ڕێگای دەستەبەرکردنی کارو ژیان‌و مافەوە دەگاتە ئەنجام.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




AM:10:04:03/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر