نەتەوەى کوردی لەنێوان دابەشبوون و شەڕی سەربەخۆییدا

کارزان حەمید
ڕۆژنامەنووسى ئابورى
ئەگەر لەھەر تاکێکی کورد لەھەر سوچێکی دونیا لێی بپرسی " دەوڵەتێکی سەربەخۆیی دەوێت، یاخود سیستەمێک سەرجەم بەرژەوەندیی و مافەکانت دابین بکات؟"، بەبێ ھیچ دوو دڵییەک بژاردەی یەکەم ھەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی بیر لەداھاتوو و، چارەنووسی ئەو جۆرە دەوڵەتەش بکات.

لەڕاستیدا ئەمە کێشەی سەرەکیی میللەتی کوردە، ھەڵبژاردنی زۆربەی بژاردەکانی بەبێ بیرکردنەوەیەکی قووڵە.

لەم باسەی مندا؛ دەمەوێت کۆمەڵێک شت روون بکەمەوە،‌ بەقەناعەتی خۆم پێویستە کاری لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی پێش قۆناغی دەوڵەتداری و، جیاکردنەوەی سنوورەکان ئەگەر ھاتوو لەقازانجی ئێمەدا بوون، ئامادەسازی تێدا کرابێت.

دەوڵەتی سەربەخۆیی تەنھا قسەیەک و خەونێک نییە ھەر میللەتێک بیەوێت بتوانێت جێبەجێی بکات، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەن و، بەرنامەدارێژراوە. بۆ نمونە بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی وڵاتانی دانپێنراو، سەدان بگرە ھەزاران نەتەوە ھەیە، خاوەنی دەوڵەت نین و، بەشێکیان وەکو کوردەکانیش لەسنوورێکی دیاریکراوی جوگرافی نیشتەجێن.

ئەوەی لێرە دەمەوێت باسی بکەم، تا چەند کورد توانیویەتی کار لەسەر پرسی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی و قەوارەیەک تایبەت بەخۆی بکات؟

لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوو، ھێزە کوردییەکان لەھەر چوار پارچەی کوردستان (بەشەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و، سووریا)،  شۆڕش و ڕاپەرینیان کرد، بۆ بەدەستھێنانی مافی بنەڕەتی گەلەکەیان، بەشێکیان ئامانجەکەی زۆر گەورەتر بوون لەوانی دیکە.

بەڵام بەشێکی دیکەشیان تەنھا شۆڕشیان لەپێناو بەدەستھێنانی سادەترین مافەکانی گەلی کورد بووە، وەک " مافی داننان بەنەتەوەی کورد، رێگەدان بەخوێندن و گفتوگۆ کردن بەزمانی کوردی ...ھتد".

ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسی ورد لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد بکرێت، کۆمەڵێک ھۆکارت بۆ دەردەکەوێت کە ڕێگری سەرەکییە لەدروستبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بۆ کوردەکان، تەنانەت لەیەک پارچەی ئەو پارچانەی کورد تێدا دابەش بوون.

تاوەکو ئێستاش ھیچ مێژوو نووسێکی کورد، یاخود لێکۆڵینەرێکی سەربەخۆ و بیانی لەھۆکاری دابەشکردنی کوردى بۆ چەند پارچەیەک نەکۆڵیوەتەوە، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی وردی تێدا بکرێت.

ئێمەی کورد ئەگەر چاوێک بەنێو مێژوو بخشێنینەوە، دەبینین ئەوەی کۆمان دەکاتەوە تەنھا زمانێکە کە پێی دەڵێن "کوردی"، ئەگەر جیاوازییەکانمان ئەوەندە زۆرن، کۆکەکانمان ئەوەندە نین، ئەم ڕاستیەش زۆر کەس پێی ناخۆشەو نکۆڵی لێوە دەکات.

پێش چەندین بەر لەئەمرۆ و، لەسەردەمیی ھەردوو زلھێزی ئەو کات سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، کوردەکان لەو نێوەندە ئەوەندەی سەرقاڵی جەنگ و ململانێی ناوخۆیی و، راگرتنی باڵانی ئەو دوو زلھێزە بوون، ئەوەندە سەرقاڵ و سەرگەمی ڕێکخستنەوەی ماڵی کورد نەبوون.

لەسەردەمی نوێشدا لەبری ئیمارەتە کوردییە بچووکانیش، حزبەکان جێگەی ئەو ئیماراتانەی گرتەوەو، درێژەی بەھەمان سیاسەت و ھزری ئەو سەردەمەی داوە.

تاوەکو ئێستاش پرۆسەی دروستکردنی ئوممەی کوردی لەنێو ئەو ھۆزو خێڵانەی ناوچەی کوردستاندا دروست نەبووە، تاوەکو بتوانرێت لەقۆناغی پێش دەوڵەتداری و، سەربەخۆییدا گەلێک دروست بکەی، بتوانێت داوای مافێکی بنەڕەتیی خۆی بکات.
بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەبەراورد لەگەڵ گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، دروستبوون وھەنگاو نان بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد ڕوو لەئەستەم بوونی زیاتر دەکات.

ئەمە پەیوەندیی بەعەقلیەتی ئەو وڵاتانەوە نییە کە کوردەکان تێدا نیشتەجێن، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی بە کەشوھەوای گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ھەیە کە کورد خۆی بەشێکە تیایدا.

ئەمە بەکورتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پرسی کورد بەگشتی، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەگەر باسەکەمان پووخت بکەینەوە، بەتایبەت بۆ ھەرێمی کوردستان کە لەساڵی ١٩٩١ ەوە دروست بووە، پرۆسەکە دڵخۆشکەر نییەو، ئاماژەکانیش بەدڵی زۆرینەی ئەو گەلە نابێت.

ھەرێمی کوردستان، کە قەوارەیەکی دانپێنراوی یاساییە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیداو،‌ لەنێو دەستووری ئەو وڵاتەش سنوورەکەی دیاریی کردووە، ئەمەش بەھۆی دیفاکتۆی پرۆسەیەکی سیاسی و جوگرافییەکی لەناکاو بوون، کە بەھۆی دەرئەنجامی شەڕی کەنداوی دووھەم (١٩٩١) دروست بوو.

دەبوایە پارتە سیاسییەکانی ئەوکات و ئەوانەی ئەمرۆش، دوو خاڵی سەرەکییان لەئەستۆ بگرتبا، ئەویش دروستکردنی ئوممەتێکی کوردی و، دروستکردنەوەو، داڕشتنەوەی مێژووی گەلی کورد.

بەڵام ئەوەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامیانداو، دووبارەیان کردەوە ھەمان ھەڵەکانی ڕژێمە دەسەڵاتدارو سیاسەتمەدارەکانی دیکەی وڵاتانی دەوروبەریان ئەنجامدا.
بۆ نمونە لەپرسی دیموکراتی و، مافی کەمینە نەتەوەو ئایینەکانی نیشتەجێبووی ئەو ناوچانەی کوردەکان تێدا باڵا دەستن، ھەرچەندیش بەرووکەش و بەیاسا دانیان پێنراوە، بەڵام لەرووی پراکتیکی و، فیعلیدا ھاوشێوەی کوردەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس (١٩٦٨ – ٢٠٠٣) بووە.

کورد نەیتوانی نمونەیەکی جوانی دیموکراسی و ئازادی ببەخشێ بەجیھان و، بەمافی خۆی بزانێت ببێتە دەوڵەتێک ھاوشێوەی دەوڵەتانی دیکە.

بۆیە دەبینین لەسەرھەڵدانی ھەر ئاڵۆزیی و ناکۆکییەک لەنێوان ھەولێر، پایتەختی ھەرێمی کوردستان و، بەغدا پایتەختی حکومەتی فیدراڵی عێراق، سیاسییە کوردەکان کارتی جیابوونەوەو، دەوڵەتی سەربەخۆییان بەرز دەکردەوە، بەبێ ھەنگاونانی فیعلی بۆ ئەو پرسە.

سەرەڕای ئەوەی لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧، پرۆسەی ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەناوچە جێناکۆکەکانەوەش بەرێوەچوون، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئەو پرۆسەیە بکەین، دەبینرێت ئەوەندەی فشار بوون بەسەر حکومەتی عێراق و، ھاوپەیمانانی ئەوەندە پرۆسەیەکی جددی نەبووە بۆ کارکردن بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆیی.

ڕەنگە لێرە زۆربەی ئەوانەی کاریان بۆ ئەو پرۆسەیە دەکردو، پاڵپشتیان دەکرد، ڕەخنەی تووند بگرن لەم قسانە، بەڵام کارکردن بۆ ھەنگاوێکی لەو شێوەیە کۆمەڵێک پرەنسیپ و، خاڵی ھەیە ناکرێت لێی لابدرێت.

پرۆسەی ریفراندۆم، بابەتێکی عاتیفی و، پرۆسەیەک بوون بۆ دەربازبوون لەقەیرانێکی سیاسی و ئابووری چەقبەستوو، ھێزە دەسەڵاتدارە کوردییەکان دەیانویست لەوێوە لێی دەرباز بن.

قسەی من لەسەر ریفراندۆم و دەرئەنجامەکانی نییە، ئەوە لەکاتی خۆیدا قسەی زیاتری لەبارەوە دەکەین، بەڵام دەوڵەتێکی سەربەخۆیی، بەدروشم و گفت و قسە دروست نابێت، بەڵکو ھەنگاوە جێبەجێکارەکان نیشانی دەدەن.

بەڵکو دەوڵەتی سەربەخۆیی، پێویستی بەچەند بنەمایەک ھەیە، کە ڕەنگە بەلای سیاسییەکانەوە ھیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام لەھەموو خاڵەکانی دیکە گرنگترن، بۆ نمونە " یەکخستنەوەی زمان و زاراوەی ئەخاوتن، گرنگیدان بەکلتوورێکی یەکگرتووی کوردی، واتا کلتوورێک بۆ کورد داتاشی نەوەک لەم وڵات و ئەو وڵات ھاوردەی بکەی".

لەسەرووی ئەوانەوەش وەک جەواھر لال نەھرۆ (١٨٨٩ - ١٩٦٤)  یەکەم سەرۆک وەزیرانی ھیندستان دوای سەربەخۆیی، لەپەیامێکی زۆر گرنگدا دەڵێت " زانست بەتەنیا دەتوانێت ھەموو کێشەکانی برسێتی، ھەژاری، کەمی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و، نەخوێندەواری و خورافات و، دابونەریتە ھەڵەکان چارەسەر بکات. داھاتوو بۆ زانستەو، بۆ ئەوانەش کە زاست دەکەنە چرای خۆیان".

ئەمەش ئەگەر بەراوردی بکەین بەناوچەکەی خۆمان، ئێمە لەماوەی ٢٨ ساڵی رابردوودا، نەک گرنگیمان بەزانست وکلتوور نەداوە، بەڵکو کردنمانە پاشکۆی وڵاتانی دیکەو، کوردەواری خۆمان دەڵێت " ھەم لەقەل بووین و، ھەمیش لەکۆتر".

کارمان لەسەر زیادکردنی خورافات و، نەخوێندەواری لەنێو کۆمەڵگە کرد، جگە لەبێئومێدی نێو گەنجەکان و، ھەڵاتن بۆ نێو ژیانێک کە ھەموو تاکەکانی کردە رۆبۆت و، ملکەچی سیاسەتی وڵاتانی دەوروبەری کردووە.

لەبری گرنگیدان بەخوێندن و زانست و، کردنەوەی دەروازەی زیاتر، کەرتی خوێندنمان وێران کردو، کلتوورمان کردە کۆپی پێست، ئێستاش نەمانتوانی نەوەیەکی خوێندەواری رۆشنبیری لەدوای ١٩٩١ ەوە دروست بکەین.

ئەگەر نمونەیەکی بچووکیش باسم بکەم، ئەوەندەی گرنگیمان بەخەیاڵ و، خورافات دا، ئەوەندە گرنگیمان بەزانستی فیزیاو کیمیاو، ئابووری نەدا، ئێستا لەکتێبخانەکانی ھەرێم کتێبی ڕۆمان و چیرۆکە خەیاڵییەکان پڕفرۆشن، بەدەگمەن ئەگەر ھەبێت کتێبێکی زانستی دەست دەکەوێت، ئەویش وەرگێرانێکی وێرانی ھەیەو، ناچارت دەکات پەشیمان ببیتەوە.

ئێستاش ھەرێمی کوردستان، بۆ راگرتنی باڵانسی سەفەویی و عوسمانییەکەی ئەوکات و، ئێران و تورکیای ئێستا کار دەکات، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جیاوازییەکی گەورەی کلتووری و فەرھەنگی و تەنانەت لەسەر ئاستی بیرکردنەوە لەسەر بابەتە ھەستیارەکان ھەیە.

ئەگەرچی سیاسییەکان ھیچ کات دان بەو جیاکاریی و دابەشکارییە نانێن، بەڵکو نکۆڵی زیاتری لێوە دەکەن و، ڕەتی دەکەنەوە، بەڵام واقیعی سەر زەوی ئەوە نیشان دەدات، ئەگەر بەقسەش باسی لێوە نەکەی.

مەرج نییە دژی لایەنێکی سیاسی و ھزرێک بم، کەواتە پاڵپشتی نەیارەکەی دەکەم، ئێستاش لەھەرێمی کوردستان، ھەمان سیاسەتەکانی بەعس و پێش بەعس پەیڕەو دەکرێن، بەوەی " ئەگەر لەگەڵمان نەبی کەواتە دژمانی".

دەمەوێت بەکورتی بڵێم، ئەگەر ھاتوو گەلی کورد لەمرۆەوە بەدواوە، کاری جددی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان نەکات، ئەگەری ئەوە ھەیە لەچەند ساڵی داھاتوو، ئەو پێگەو سەنگەی لەساڵانی رابردوو دروستیان کرد، ھەمووی بدۆرێنێت.

چونکە ئەگەر بەراوردێکی بچووکی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسێ قۆناغ بکەین، دەزانین لەچ پاشەکشێیەکداین.

بۆ نمونە لەساڵانی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٠، سەرەڕای شەڕی ناوخۆیی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگییەکی کەمی بەھەرێمی کوردستان دەدات و، لەساڵانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٥ ، توانرا گرنگییەکان پتەوتر بکرێن و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەچاوێکی جددیتر سەیرێکی ئەو ھەرێمە بکات.

بەڵام لەدوای ٢٠٠٥  تاوەکو ئەمرۆ خۆری بایەخدان بەو ناوچەیە، رووی لەکزی کرد، ئەویش بەھۆی گەندەڵی و ، پێشڵکردنی بەردەوامی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ و، چەندان کەیسی جۆراجۆر، کە رۆژئاوا وەک کارتی فشار بەرامبەر وڵاتان بەکاریان دەھێنێت.

ئەگەر بمانەوێت ئوممەی کوردی بەشێوەیەکی تۆکمەو  یەکگرتوو بونیات بنێن، کەدواتر بەرەو قۆناغی دەوڵەتداری ھەنگاو بنێین، دەبێ لەوێوە دەست پێبکەین، کە خاڵە ھاوبەشەکانمان لەنێو ھۆزو خێڵەکاندا چین و، ئەوەش ببێتە خاڵی دەستپێکی دروستکردنی گەلێکی یەکگرتوو.

ھاوشێوەی کۆرییەکان کە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا شتێکیان نەبوو بەناوی گەلی کۆری، ھەروەھا مالیزیا، کە لەنێوان چەندین نەتەوەی جیاوازەوە بوون بەگەلی مالیزی، باسی وڵاتانی ئەورووپی ناکەم.

لەپاڵ ئەوانەش گرنگیدان بەمێژوو و، نووسینەوەی بەدەستی کوردی و، پاککردنەوەی کلتوور ، یاخود بەکوردی کردنیان وەک گۆستاف لۆبۆن (١٨٤١ - ١٩٣١)، گەورە فەیلەسوفی فەرەنسی لەزۆر شوێن تیشکی دەخاتە سەر بەوەی " فەرھەنگ و کلتوور نھێنی پێشکەوتنی نەتەوەکانە"، نەوەک سیاسەت و ھێز.

بۆیە دوا قسەشم ئەوەیە: " دەبێت ئێمە لەیەک کاتدا بەچوار ئاراستە کار بکەین، کاری یەکەم؛ تواندنەوەی جیاوازییە خێڵەکی و فەرھەنگییەکان لەچوارچێوەی ئوممەی کوردی، کاری دووھەم؛ دروستکردنی ئابوورییەکی پتەوی بەرھەمھێنراو خۆماڵی. کاری سێھەم؛ دروستکردنی ناسنامەیەکی کوردستانی بەھاوبەشی لەگەڵ پێکھاتەو کەمینە نەتەوەیی و ئایینەکانی دیکە. کۆتا ئاراستەش؛ دامەزراندنی سیستەمێکی دادوەری و یەکسانی بۆ گشت ھاوڵاتیان، کە بەیەک چاو سەیر بکات، ئەویش دەستوورێکە ھەموو تاکێک و گرووپێک پشکدار بێت لەئامادەکردنی".

ئەگەر نا ئێمە بەبەردەوامی لەنێو بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوەو، ھەر ١٠ ساڵ جارێکیش پرۆسە سیاسییەکەی ئەمرۆ و دوێنی دووبارە دەکەینەوەو، دووبارە دێینەوە خاڵی سفر.


ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.






PM:02:44:03/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر