خەونبینینێکی ئازایانە

سەربەست صالح
نوسەر
ڕێگا و دەروازە و دەلاقەیکیترمان نییە فرەیی لە پێکھاتی دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت بەشداری فراوانی ھێزە سەرەکییەکان (پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکھاتەکانیتر..) بۆتە جۆرێک لە دڵنیایی و ئارامی دەروونی بۆ خەڵکی کوردستان.

سەرباری پێکھاتن و دروستبوونی مۆزایکێک لە دەسەڵات، کە بەشێک لە ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەم پێکھاتنە پێدەچێت لە قازانجی کۆمەڵانی خەڵک تەواوببێت، ئەگەر لایەنەکان پابەندی ڕێککەوتن و پەیمانەکانیانبن!

خەڵکانێک کە دژی خێر و خۆشی کورد و ئەم نیشتمانەن، دژی خەونبینینێکی ئازایانەن، دژی بیرکردنەوەن لە پاشەڕۆژێکی باشتر، دژی پێکھاتن و ئاشتین، دژی سەقامگیری سیاسیی و خۆشگوزەرانی خەڵکن.

بە ھەموو توانایان دژی ڕێککەوتن و پێکھاتنی ھێزەکان ئاژاوە دەگێرن و، پەنا بۆ توندوتیژترین ڕێگا و دزێوترین شێوازی ئاژاوە گێری دەبەن، بە تایبەت توندوتیژی میدیایی و تەنینەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جنێو بەخشینەوە، تەشھیر، چەواشەکردن و ناوزڕاندن و لە کەدارکردنی ئەو کەسانەی بە قازانجی خەڵک قسەیەکی خێر دەکەن. 
 
ھەوڵێکی دزێو و گەورە و گوماناوی ھەیە، بۆ ناشرینکردنی کوردبوون، بۆ لەکەدارکردن و ناشرینکردنی ھەرشتێک بۆنی کوردایەتی و گیانی نیشتمانپەروەری لێبێت، پرۆژەیەکی ژەھراوی، خەیاڵێکی ژەنگگرتوو، دەنگێکی نەساز و سیخن بە گوێی نەوەی نوێ دا ھاوار دەکات، بەمەبەستی بێھیواکردن، بۆ شکاندنی ئیرادە. 
 
لە سەر ئەو بنەماییەی ھەموومان سەرنشینی کەشتیەکین، هەروەها چارەنووسمان بەم کەشتیەوە بەستراوە، گرنگە ھەموومان کەشتیەکە بپارێزین، زۆر گرنگە ئەوانەی دەکەونە بازنەی خۆشەویستی و کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە کۆڵنەدەین، پێداگربین لە بۆچوون و ھەڵوێستە نیشتمانیەکانمان، ھانی ھێزەکانی دەسەڵات بدەین بۆ بەجێگەیاندنی پەیمان و بەڵێنەکانیان، کۆمەکیان بکەین، بە کۆمەڵ ھاوکار و پشتیوانیانبین. لە پێناو سەلماندن و سەرخستنی پرۆژەی کوردبوون دا. 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا، ڕووناکی خستەوە سەر پرسی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ھەرێمی کوردستان، ئەم پێداگری و سوربوون و کار لەسەرکردنەی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئەو بابەتە گرنگ و ھەستیارەیە کە پێویستی بە بەردەوامی و کاری زیاتر و فراوانتر ھەیە، هەڵبەت پەرتکردنی نێوماڵی کورد ئەو خاڵە هەستیار و گرنگەیە کە نەیاران و دوژمنی سەربەخۆیی بە چڕی کاری لەسەر دەکەن!

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:35:26/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر