باشوری کوردستان چاوگی ئازادی

سەربەست صالح
نوسەر
لە چەرخی نوێدا باشوری کوردستان چەق و چاوگی گوتاری ئازادی و سەربەخۆییە، لە پرسی بوژاندنەوەو سەرھەڵدانی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا، باشوری کوردستان ڕۆڵ و بایەخێکی گەورەی ھەیە، بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، بۆ ڕووداو و شۆڕش و سەر ھەڵدانەکان، بۆ دروستبوونی بزاڤی کۆمەڵایەتی نوێ و سەرھەڵدانی ڕۆژنامەگەری و ھەوڵەکانی دروستکردنی پارت و ڕێکخراوی سیاسیی، باشتر لە پێگەو بایەخی باشوری کوردستان تێدەگەین.

ئەزموونی ٢٨ ساڵ حکومڕانی کوردی لە باشوری کوردستان دەھێنێت باشتر دیراسە بکرێت و لە ڕوانگە و ڕەھەندە جیاوازەکانی بکۆڵینەوە، ڕاپەڕینی ١٩٩١ و دروستبوونی حکومەتی کوردی و بەردەوامیدان بە ئیدارەکە و سەرئەنجام ڕسکانی ئەزموونێک، ئەزموونی حکومڕانی کوردی لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی گرنگتر، کاتێک ھەرێمی کوردستان  لە ئەمری واقیع (دیفاکتۆ)وە دەبێتە ھەرێمێکی دەستووری و دانپێدانراو، ھاوکاتیش لەسەر زەمین و ژیانی سیاسییدا ھەرێمی کوردستان پەل دەھاوێژێت و ئەمری واقیعەکەی گشتگیرتر دەکات و باشتر بنج و بنەما دادەکوتێت.

دیسان بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سێدەیە حکومڕانی ھەرێمی کوردستان، باشور نەوایەکی ئارامبووە بۆ کوردانی ھەرچوار پارچەکەی کوردستان، ئامێزێکی گەرمی دایکانە بووە بۆ ھەموو ئەو کوردە خێر لە خۆنەدیوانەی دوژمن لە زێد و خاکی خۆیانی وەدەرنان، ئەزموونی حکومڕانی باشوری کوردستان دەرفەتێکی گەورە و زێڕینی بەبوژانەوەی فەرھەنگ و کلتوور و ئەدەبیاتی کوردی بەخشی، زۆرن ئەو ھونەرمەند و ئەدیب و خاوەن بەھرانەی لە پارچەکانیتری کوردستانەوە لە کەشی ئارام و ئازادی ھەرێمی کوردستان بەھەرەمەندبوون، ھەرێمی کوردستان چاوگی ئازادی کورد و ھیوایەکی بەھێزی تەواوی خەڵکی کوردستانە، ئەو پنتە گرنگەی کوردبوونە کەھەمووان وەک دەلاقەی ڕزگاری و سەربەخۆیی لێدەڕوانین.

دوای ٢٨ ساڵ حکومڕانی کوردی لە باشوری کوردستان، دوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی جیاواز لە ھەڵکشان و داکشان، لە بەرەو پێشچوونی سیاسی و بەشداریی لە جیھانی نوێ دا، ھەنوکە باشوری کوردستان چەق و چاوگی ئازادییە لە ناوەندی چوار دەوڵەتی داگیرکاری خاکی کوردستان دا، باشور نمایندەی دۆزی کورد دەکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەکردنی دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان باشوری کوردستان کارکتەرێکی فەرمی و حیساب بۆکراوە. 

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:23:26/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 81 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر