خەیاڵى خۆبەدەستەوەدان و هەڵهاتن

سەربەست صالح
نوسەر
ئێمە کە ئاڵاھەڵگری کوردایەتی و بەرز ڕاگرتنی گیانی نیشتمان پەروەرین، سەربەخۆخوازی و سەربەستی سەراپای خەیاڵ و ئەندێشمانی تەنیوە، بیر لە ئازادی و ڕزگاری دەکەیینەوە، خەیاڵمان ئەندێشە و فیکرمان ھەر بۆلای سەربەستیە، خۆنەچەماندن و بەخشندەی و فیداکاری، نەبەزین و کۆڵنەدان بۆتە بەشێکی گەورە و سەرەکی بیرو باوەڕ و بوونمان. پەیاممان خەون و خەیاڵمان، کار و ڕەفتارمان، بەرخودان و شۆڕشمان بۆ ئازادی و گەیشتنە بە سەربەخۆیی.

جێگای داخێکی گەورەیە، بەشێک لە حیزب و جوڵانەوەکان لەناو ماڵی کوردەوە ئاو دەکەن بە ئاشی دوژمنا، بە ئاشکرا بە پەیام و پەیڤین و کردار و ڕەفتارییانەوە دەبینرێت، خزمەتی ھەموو کیان و پرۆژەیەک دەکەن! خزمەتی کیان و پرۆژەی کوردبوون و کوردستانیبوون نەبێت! بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە دزێو بێ مۆڕاڵەیان توانایەکی گەورەییان خسۆتە گەڕ، تابتوانن ڕایگشتی بە لاڕێداببەن و خەیاڵ و ئەندێشەی مرۆڤی کورد خەڵی بکەنەوە لە ھەموو جوانییەک، بەتاڵمانبکەنەوە لە ئیرادە و ھەست بەخۆکردن، دژایەتی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لوتکەی ناجوامێری و ڕۆحی خۆبەدەستەوەدان و ھەڵھاتنبوو بە ئاشکرا ئەنجامیان دا!

ھاوکات شەپۆلێکی گەورەی غەزووی فیکری بەئاسمانی کوردستان دا دەگەڕێت، بەشێکی گەورەی لە کەش و ھەوای گشتی ئێمەی داگیرکردووە، ھاوئاواز بەشێک لە بەناو ڕۆشنبیران و نووسەران، لەبەرگی میدیاکار و ڕۆژنامەنووسدا، بەناوی پەرۆشی و پێکۆڵکارییەوە، بە ماسکی نوێگەریی و مۆدێرنیتەوە!  بوونەتە بەشێک لەو داگیرکارییە فەرھەنگیە، تۆ بڵێ: ( بەشێکن لەو ھێزەی کار بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کوردی دەکەن!) کار لەسەر دروستکردنی خەیاڵی خۆبەدەستەوەدان و ھەڵھاتن دەکەن، لە ھەوڵی درووستکردنی ڕۆحێکی دیل و زەبووندان.

ئەوان بە بەرھەمی بێ بڕشت و ژەھراویان کار بۆ لەقکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و لەرزۆککردنی باوەڕی ھاوڵاتیان دەکەن، دەیانەوێت و کار دەکەن، تائەوەی لە کۆمەڵگای کوردستان دا بابەتە بنچینەیی و یەکەمینەکانمان بکەنە بابەتێکی بێبایەخ و پەراوێزی! چەمک و بابەتە پەراوێزیەکانمان بۆ بکەنە بنچینەیی و یەکەمینەوە.

گەرەکیانە پرسی کوردستانی بوون و سەربەخۆیی و بوونمان بکەنە پرسێکی لاوەکی و پەراوێزیی و بێبایەخ! ئەمەش لەڕێگای دەستبردن بۆ زەوق و خەیاڵدان و بیرکردنەوەمان، شێواندنی ڕوئیا و فیکر و بیروباوەڕمان، تێکدانی فەزای گشتی و تێکەڵکردنی کارتەکان، لێدان لە ئینتیمای ھاووڵاتی. بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان و دروستکردنی کاریگەریی، سڵ لە بەکارھێنانی پۆخڵترین و دزێوترین ئامراز و ڕێگا ناکەنەوە. 

ئالێرەوە زۆر گرنگە بۆ چوارساڵی داھاتووی ھەرێمەکەمان، دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، خەمێکی جددی لە پرسی گەشەپێدانی فەرھەنگی بخۆن، تا ئەوەی بتوانین ڕێ لەو تەوژمە بەر بڵاوە بەھێزەی غەزووی فیکری بگرین، کە ئامانجیان وێرانکردنی کۆمەڵگای کوردستان و درێژەدانە بە داگیرکاریی. 


ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.

 


PM:03:02:07/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر