چاوەڕوانی و داخوازی خەڵک

سەربەست صالح
نوسەر
سیاسەت لەپێناو چاکەی گشتییدا ئەو پرسە گرنگەیە کە دەبێت زوو زوو بەبیری خۆمانی بھێنیەوە، بە دیدێکی ڕەخنەیی قووڵ لە خۆمان ڕابمێنین، بەڕەوتار و ھەڵوێستەکانماندا بچینەوە، لەبەردەم پرسیار و چاوەڕوانی و داخوزاییەکانی خەڵک ڕابوەستین، لەسەرچاوە و ھۆکارەکانی گومان وەسوەسە و دوو دڵی و دڵەڕوکەی ھاووڵاتی بکۆڵینەوە، تێبگەین و بەشوێن وەڵامەکانیدا بچین، دواجار وەڵامی ئەو چەمکە عەقڵانیە بدەینەوە، کە پێماندەڵێت: "سیاسەت لە پێناو چاکەی گشتیدایە".

دوای ھەموو خولێکی ھەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی ھاوکێشە سیاسییەکان، دوای گۆڕان و ئاڵوگۆڕی شوێن و پێگەی پارتە سیاسییەکان لە ژینگەی گشتییدا، دوای گۆڕانی بکەرە سیاسییەکان و ھاتنی خوێنی تازە و نەوەیەکی نوێ بۆ گۆڕەپانی گشتیی، دوای دەست بەکاربوونی دووھەمین سەرۆکی ھەرێم و پێکھێنانی کابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی و داخوازییەکانی خەڵک  دەبوژێنەوە، گومان، وەسوەسە و پرسیارەکانی خەڵک لە حکومڕان دووبارە دەبنەوە سەرباس و بابەتی ڕۆژ، خەڵک دەپرسن: چوارساڵی داھاتوو چۆن دەبێت؟! ژیانمان بەرەو کوێ دەچێت؟! ئاستی گوزەران و بژێوی چێ لێدێت؟! ئەوانەی بێکارن لە چاوەڕوانی ھەلی کاری شیاودان، ئەوانەی بێشوێنی و کرێچێتی تەنگی پێھەڵچنیون! لە چاوەڕوانی ھەل و دەرفەتی زێرینی پرۆژەی نیشتەجێبوونی میریدان، لەسەر ئاستی گشتی خەڵک چاوەڕوانی خزمەتگوزارییەکی باشترن، چاوەڕوانی گۆڕنکاری جەوھەرین لە سێکتەری پەروەردە و تەندروستیدا، خوازیاری ڕێگاو بانێکی باشتر و بێگرێ و گۆڵن، کارەبایەکی زیاتر و ئاوێکی خاوێنی بەردەوام.

ھاوکات چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە سنوری زۆنی سەوز و نیلی زۆر زیاترن، خەڵکی سلێمانی و ھەڵەبجە و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین، چاوەڕوانن کۆتای بە دووئیدارەیی بێت و ئەوەی بۆ ھەولێر و بادینان کراوە لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بگاتە سلێمانی، دامەزراوەکانی پارێزگا و شارەوانییەکان چالاکبکرێن و داھات و بووجە ڕوونتر و زوڵاڵتر بکرێتەوە، ڕێگریی و ئەستەنگەکان کەمبکرێنەوە، چێتر بەناوی فرەیی حیزبایەتی و باڵباڵێن و تاقمبازی و سیاسەتبازییەوە،  لە ڕێگەی کردنەوەی دەزگای زەبەلاحی ڕاگەیاندنەوە، قوتی خەڵک بە ھەدەر نەدرێت.

ھەڵبەت خەڵکی ھەولێری پایتەخت و دھۆک و دەڤەری بادینان چاوەڕوانی باشترینن لە حکومڕان، کەرکوک و ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانی بندەستی ڕژێمی عێراق و بن پۆستاڵی حەشدی شەعبی، چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆری ئازادی و پێداگریی گەورەن لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە جەختکردنەوەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ خەڵکە شەرەفمەندەکەی.

ئەرکی ئێمە بیرخستنەوەی بەردەوامی حکومڕان و پارتەکانی دەسەڵاتە بۆ چەمکی (سیاسەت لەپێناو چاکەی گشتییدا)، ئەرکی ژمارەیەکی دەسەڵاتە بۆ بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی (چاوەڕوانی و داخوازیەکانی خەڵک). 

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.





PM:02:19:25/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر