بەشداری شکۆمەندانە

سەربەست صالح
نوسەر
(نە پێکەنین، نەگریان، تێگەیشتن) "سپینوزا" وای گوت

پلان وکارنامە و ستراتیژێکی نیشتمانی سپی و ڕووناک.

پرۆسەی دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی دیموکراسیەت و خوێندنەوە و حیسابۆکردنی دەنگی خەڵک و ئەنجامی ھەڵبژاردن، ڕاستەڕێ و خێرایی وەرگرتووە، دەنگی خەڵک قەوارە و سەنگی حیزبەکانی نەخشاند، زۆرینەیەکی نیشمانی کە زیاترە لە دوو لەسەر سێی پەرلەمانی پێکھاتن بۆ شەراکەت و حکومڕانی چوارساڵی داھاتوو، بەرئەنجامی ڕووداوەکان ئاسۆی گۆڕانکارییەکانیش ڕووناک و ڕۆشنە.

ماوەتەوە کارنامە و پلانی چوارساڵی ئایندە، بەکردنیکردنی بەڵێن و دروشمەکان، حیساب بۆکردنێکی ورد و قووڵ بۆ خواست و داخوازیەکانی خەڵک، وەفا و وەڵامدانەوەی بەکردار بۆ پێویستیەکانی خەڵک، بۆ ئەو پەرۆشی و بەخشندەییەی خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان پێشکەشیانکردوە و دەکەن، دروست ئێستا کاتێتی حکومڕانییەکی باشتر بەرجەستە بکەین، خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی باشتر و سەقامگیرییەکی دەروونی باشتر بۆ دانیشتوانی باشوری کوردستان بڕەخسێنین.

بۆ چالاکبوونەوە و دینامیکیەتیی ناوەکی کایەی سیاسیی و حکومڕانی لە کوردستاندا ڕووی دەممان، ئاڕاستەی داخوازییەکانمان، بەپلەی باڵا ڕووی لە حیزبەکانی حکومڕانە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوبەشەکانیەتی، لەوەی چۆن حکومڕانیەکی باشترمان پێشکەشبکەن، پرۆسەیەکی تازەی حکومڕانی لە ئاستی دڵخوازدا بڕسکێنن، پرۆسەیەک تیادا باشیەکان باشتر بکرێن و خراپیەکانیش بگۆڕدرێن بە باش و باشتر، حکومڕانییەکی ڕەشیدی ئەوتۆ ھەستی ھاووڵاتیبوونمان لا تۆختر بکاتەوە، وەلائو ئینتیمامان بۆ نیشتمان بۆ ڕەمز و سیمبولەکانی لا زیاتر بکات، گیانی فیداکاری و بەخشندەیی دەستە جەمعیمان لا قوڵتر بکاتەوە.

بەشداری شکۆمەندانە و پرۆسەی تازەبوونەوەی حکومڕانی لە کوردستان، ھیوا و ئومێدمان بە دنیایەکی باشتر، پابەندە بە ئەخلاقیات و ئاکاری بەرپرسیارییەتی و ئیلتیزام لای حیزبەکان، زۆر بە تایبەتیش لای حیزبە بەشدارەکانی حکومڕان، ئەوەش لە بەشدارییەکی ڕاستەقینەی پرۆسەی سیاسییدا، سەرخستنی کارنامە و پاکێجێ حکومڕان بە ھاوبەشی، دروستەکردنەوەی گیانی متمانەی پێکەوەکارکردن،  ھەموو ئەمان پێشمەرجە ھەرە گرنگەکانی خولقاندنی دونیایەکی باشترن لە کایەیی سیاسیدا.

ئەگەر و گریمانەکان و ھەڵوێستی حیزبە حکومڕانەکان، گرنگە لەم خول و تێرمە تازەییەی حکومڕانیدا، پێکھێنەرانی دامەزراوەی حکومڕانی وەک یەک تیم کاربکەن، خاوەنداری سەرکەوتنەکان و بەرپرسیاریی خەوش و کەمووکورتیەکان بگرەنە ئەستۆ، ئەگەرێکی بەھێزە کە دامەزراوەکانی ھەرێم مۆدێلێکی پێشکەتووتر پێشکەشبکەن، دەستکارییەکی گەورە و قووڵ و ھەمەلایەنی پرۆسەی حکومڕانی و دۆخی گشتی بکەن بەرەو باشتر، ئەو ڕاستیە سادەیە دەزانین کاتێک دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و کابینەی نۆی حکومەت و دامەزراوەی پەڕلەمان و دادوەریی سەرکەوتووبوون، ھەموومان خاوەنداریی دەکەین و بە شانازییەوە لێی دەدەوێن، خۆ لە ڕاستیدا ئەمە مافێکی ڕەوایە، بەڵام ئەگەرەکانی تریش کراوەن، لێرەدا دوو پرسیار ڕەوایە: یەکەم لایەنە بەشدارەکانی حکومەت تاچەند بە گیانی بەرپرسیارییەتیەوە کاردەکەن؟! تائەوەی ئەم یەک تیمی و ھاوبەشییە سەرچاوەی بەھێزیمان بێت و بەدیھێنەری پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان و دۆزە ڕەواکەمان بێت؟ دووھەم گریمان دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە ڕێگربوو لە سەرکەوتنی پرۆژە و ئەجندای حکومڕان و کارنامەکەی، ئایا لەوەھا دۆخێکدا حیزب و لایەنە بەشدار و ھاوبەشەکانی حکومڕانی بەوپەڕی ئەخلاقیاتی بەرپرسیاریەتییەوە درێژە بە بەبەشداری و ھاوبەشێکەمان دەدەن؟! یان ئەوەی ئەزموونە تاڵ و ناشرینەکەی ڕابردوومان بەبیر دەھێننەوە؟!

بەئومێدەوە بەشدار و پشتیوان دەبین، دوور لە ڕاو پێشداوەری پێشوەخت حوکم نادەین، چاودێرێکی وردی ھەڵوێست و ڕووداو و لێکەتەکانی دەبین.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە




PM:01:44:14/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر