سیاسەت تەنها شتگەلی ناشرین و دزێو بەرهەمدەهێنێت

سەربەست صالح
نوسەر


(درۆ و چەواشەکاری تاکتیکی فاشیست و تۆتالیتارەکانە) "هانا ئارێنت"

پێشتر لەم بارەیەوە چەند جارێکی تر سەرەنج و بۆچوونەکانم خستۆتە ڕوو، کە (ژینگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بواری بە فرەی داوە، هەڵبەت ئەم ڕاستییە هێند زیندو و بەرجەستەیە، بەڵگاندنی ناوێت. بە تایبەت فرەیی لە حیزبەیاتی و دروستبوونی ڕێکخراو  و جوڵانەوەی سیاسیی بە باکگراوند و ئایدیایی جیاواز، ئەمەش گەوهەری دیموکراسیی و قبوڵکردنی جیاوازییە، ئەم ڕەهەندە گەشەی ژینگەی سیاسییمان دەهێنێت لێی ڕابمێنین و باشتر هەلاجی بکەین)، بەڵام هەمیشە دوای قسەکردن لە فرەیی و ڕەنگاوڕەنگی هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستان، شتێک سەرەنجمان ڕادەکێشیت، بۆ ئەم فرەیی و ڕەنگاو ڕەنگییە نەبۆتە هۆی ئەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان شتگەلی باش لە خۆیان بهێننەدەرەوە؟ بۆ کێبڕکێی و ململانییەکان لەکایەیی باشتر و جوانتر پێشکەشکردندا نییە؟ بۆچی بەخشین و فیداکاری، سیمای حیزبایەتی و کاری سیاسیی نییە؟ وێنەی کایەی سیاسیی و حیزبایەتی لە کوردستان بۆ هێندە ناشرینە؟ یان دروستتر، حیزب لە کوردستان بۆ ناشرینکراوە؟!

دڵنیام پرسیارەکانمان لەبارەی حیزب و وەزیفە و ئەرک و ئامانجەکانی حیزب زۆرن، هەریەک دەیان خەونمان بۆ ژیانی حیزبایەتی هەیە، هەر وەک ئەوەی دونیایەک ڕەخنە و گازەندەمان بەرامبەر حیزب و مۆدێلەکانی حیزب هەیە لە کوردستان.


ناشرینکردن و لێخستنی حیزب و داماڵینی لە سیما هاوچەرخەکەی، زیاتر لە هۆکارێکی هەیە، بەشێک لە هۆکارەکانی ناشرینکردنی دەزگای (حیزب) لە کوردستان بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی حیزب و ئامانجە پۆخڵەکانی دروستەکەرانی حیزب دەگەڕێتەوە، بەشێک لە حیزبی کوردی ئاشکرا بەسیما و ڕەفتارەکانیەوە دەبینرێت، لە پێناو دۆزێکی ڕەواو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دروست نەبوون، ئەگەرچی لە بەیاننامە و دروشمەکانیاندا بەسەختی جەخت لە بوونی دۆزێکی ڕەواو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دەکەنەوە، خۆیان وەک داکۆکیکار لە مافەکانی خەڵک دەناسێنن، بەڵام لە دەرئەنجامدا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە حیزبی  دەستکەوتی کەسی و باند و تاقمێکن، ئەمەش هۆکارێکی جەوهەرییە لە لەکەرداربوونی حیزبە لە کوردستان.

ئەوە بۆیە خەڵک لە ئاستێکی فراواندا متمانەیان بەحیزب و دروشمە بریسکەدارەکانی نەماوە، سەرباری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و فرەیی حیزبایەتی و بوونی بژاردەی جیاواز، خەڵک بە ڕێژەیەکی فراوان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی دەکرد، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی (٣٠ ی ئەیلول بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کورستان)، بە تایبەتی تر بایکۆت و بەشدارینەکردنی خەڵک لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەرین و گەرمیان!.


ئەگەر حیزب دەزگا و ئامڕازێکی هاوچەرخە بۆ خزمەتی خەڵک، مافی خۆمانە بپرسین، دروستکردن و دامەزراندنی حیزبەکان لە پێناوی چیدا؟! جیابوونەوە و ئینشیقاقەکان لە پێناو چیدا؟! یەکگرتنەوە و هاوپەیمانییەکان لە پێناو چیدا؟! سەر ئەنجام سیاسەت و حیزبایەتی لە کوردستان وێنەیەکی بۆ کێشراوە، لە دید و ڕوانینی ڕێژەیەکی زۆری خەڵکدا، سیاسەت و حیزبایەتی  تەنها شتگەلی ناشرین و دزێو بەرهەمدەهێنێت؟!

پێشنیازدەکەم بۆ سەنتەر و ناوەندەکانی توێژینەوە لە کوردستان، هەوڵبدرێت کارێکی فراوان لەبارەی حیزب و پارتە کوردستانییەکان بکرێت، لە پرۆژەیەکی جددیدا ڕووناکی بخرێتە سەر کەموکوڕی و خەوش و ناتەواوییەکانی حیزبی کوردی، جا بەکام ڕێگا و بەکام ئامڕاز ئەوە کاری ناوەندەکانی توێژینەوەیە، بەڵام ئەوەی وەک خەمێکی گشتی خۆی بەیاندەکات، بێزراوبوونی حیزب و حیزبایەتیە!

لە کوردستان بەشێکی گەورە لە حیزبەکان لەوە کەوتوون  وەک ئۆرگانێکی مۆدێرن بناسرێن و مامەڵە بکرێن!

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:02:33:11/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 213 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر