کورد لەبەردەم دونیایەکی پڕ ئەگەر و ئاسۆدا

سەربەست صالح
نوسەر
بەری بەیانە ڕووناکە ئاسۆ

ئاسۆی هیوای کورد، مژدەبێت لەتۆ "مامۆستا عبدوڵا گۆران"

گەورە ئەدیب و شانۆنامەنووسی بەنێوبانگی جیهان ساموئێل پێکێت دەڵێت: (ئەوماوەیەی ئێمە لەسەر زەوی دەیبەینەسەر، هێندە درێژنیيە، بەشی ئەوە بکات جگەلە خۆمان لە هیچی دیکەدا بەفیرۆی بدەین).

پێویستە ڕوونتر لەوە بدوێین کە دۆزی کورد لەبەردەم یەک ئەگەر و یەک بژاردەدانیيە، بە تایبەت هەرێمی کوردستان لەبەردەم یەک ئاقار و یەک ئاراستەی جوڵە و بزواندندانیيە، هەموومان بە ئاشکرا ئەو تەوژم و جوڵانەوەیە هەست پێدەکەین و بەریدەکەوین، کە پێمان دەڵێت لەبەردەم پاشە ڕۆژێکی تاریکداین، هەر وەک ئەوەی لەم ڕۆژانەدا نوسەرێکی کوردی خۆرئاوایی نشین، نوێترین کتێبی بە ناوی(سەردەمی تاریک) بڵاوکردەوە، جا پێمانخۆشبێت یان نا ژمارەیەک ئۆرگان و دەزگای زەبەلاحی فرەسەر، کار بۆ لە چوارچێوەدانی مرۆڤی کورد دەکەن، کاردەکەن بۆ ئەوەی سیاسەت وەزیفەیەکی شەڕەنگێزانەی هەبێت،کاردەکەن بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد ڕەشبین و تاریکپەرستبێ، تەمێکی ئەستور ڕۆدەنێن لەفەزای کۆمەڵگای کوردستاندا، بەکامە ئامڕاز و ئالیەت ئەوە جێگای گفتوگۆ و مشتومڕێکی درێژ و فرە ڕەهەندە، پێویستی بەبەدواچوون و هەڵدانەوەی لۆچەکانی هەیە، خۆلە ڕاستیدا ئەم بابەتە دەهێنێت زۆری لەبارەوە بدوێین و قوڵتر و فراونتر لێی بڕوانین، باشتر بیپشکنین و دروستر هەلاجیبکەین و بیخوێنینەوە.

لە ڕاستیدا تەوژم و بەرەیەکی بەهێز هەیە لە کوردستان، کە ڕوانین و دیدگای بۆ ڕووداوەکان سەردەمی و هاوچەرخانەیە، وێنەی ئیجابی و بزوێن بەگەڕدەخات بۆ پێشەڕەوایەتی کۆمەڵگا، دیدێک کە ئەگەرە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرێت و ڕەهەند و بژاردە جیاوازەکان ڕاڤین دەکات، دید و ڕوانینی هێزە نیشتمانیەکان خوێندنەوەی بابەتیانەی ڕووداوەکانە وەک خۆی، حسابکردنە لەسەر ئەگەرە خراپەکان و خۆئامادەکردنە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر ئەگەرێکی خراپ و نەخوازراو، کەبەدڵنیاییەوە ئەگەری خراپ لە گۆڕیدایە، بەڵام ئەم دید و فەلسەفەیە لەوەدا کورت نەبۆتەوە کە تەنها ئەگەری خراپ لە ئارادایە، چونکە لەڕاستیدا کورد لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەر و بژاردەی جیاوازدایە،  وە ئەگەر و بژاردەی باشیش هەن، هۆکارگەلیک هەیە ئاماژەن بۆ ئەوەی کورد بوونێکی بەهێزتری هەبێت لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمیەکاندا، ئەم ئەگەرەباشانە پێویستی بە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و باشتر خۆ ئامادەکردنە، تائەوەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەهێزتر وازیبکات، پێویستمان بەوەیە خەڵکی خۆمان باشتر سازبدەین بۆ گۆڕانکاری و دۆخێکی دەروونی بەهێز لە هاوڵاتیاندا بڕسکێنین، دۆخێک هەست بە بەهێزیی و گەورەی دۆزی کورد بکەین، وەک کێشەیەک کە پێویستی بە چارەسەری دادپەروەرانەهەیە.

نەفەسی درێژ و هەوڵ وتەقەلاکان و نەرمینواندن و مڕونەتی پارتی بۆ ڕیکەوتن و پێکهاتن، ڕێکەوتنی حیزبە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان،و چالاککردنەوەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی خاوەن ڕوئیایی سەردەمیانە و خاوەن ئەزموون، پێکهێنانی حکومەتێکی تۆکمە، دووبارە بوژاندنەوەی پرۆژەی چاکسازیی و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هێنانەبوونی دەستورێکی نیشتمانی هاوچەرخ، پێماندەڵێن کورد لەبەردەم دونیایەکی پڕ ئەگەر و ئاسۆدایە، ئەو وتە جوانەی (ساموئێل پێکێت) گوزارشتێکی قوڵە لە دوخی هەنوکەی کۆمەڵگای کوردستان، بۆیە پێویستە ئەو کات و وزەیەی هەمانە جگە لەسەرخستنی خەونی کوردستانێکی بەهێز، لە هیچی دیکەدا بەفیڕۆ نەدەین.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر وچاوى کورد لێی بەپرسیار نییە.


PM:03:40:06/04/2019



ئه‌م بابه‌ته 265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر