پەڕکیرى ئیسلامیی کێی لە پشتە

خالید ڕەنجدەر
نوسەر
لە ساڵانی جێگیربوونی ئیسرائیل لە فەلەستین بە هاوکاریی زلهێزەکان، بانگەوازی جیهاد سەری هەڵدا و ئەو کاتە ئیخوان موسلمینی میسر پێشەنگی ئەو کاروانە بوون، و داکۆیکاری جیهاد بوون لە فەلەستین. لەسەردەمی ئیمپریالیزمیشدا، تەوژمێکی دینی ڕابەرایەتی شۆڕشەکانی دەکرد.

ئەو کاتە لە نێوان داگیرکەراندا، فەرەنسا و بەریتانیا زۆر توندوتیژ بوون. فەرەنسا لە جەزائیر بێ بەزەیی بوو، بەریتانیا لە هیندستان و هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی تر، سیاسەتێکی دوژمنکارانەی هەبوو، بەڵام بەرەنگابوونەوە دینییەکە وەک ئەمڕۆ توندوتیژی پێوە دیار نەبوو، هەموو ڕۆژئاوای نەکردبووە ئامانجی خۆی، بەڵکو داگیرکەر و سەربازەکانی کردبووە ئامانج.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، شەڕی سارد لە نیوان ئەمریکا و ڕووسیا دەستی پێکرد، تا ڕادەیەک جیهان لە نێوانیاندا ببوو بە دوو بەشەوە. بە حوکمی بیروهزری کۆمۆنیستی دژ بە خوا و دینەکان، جیهانی ئیسلامی کەوتە تەرەفی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی. لە وڵاتانی ئیسلامییدا، ئاسانکاری بۆ ئیسلامییەکان دەکرا بۆ جموجوڵ بەرانبەر ڕووسیا.

داگیرکردنی ئەفغانستان لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩دا، شەڕی ساردی گەرم کرد. ئەمریکا لە قۆڵی وڵاتانی کەنداوەوە، بە تایبەتی سعودیە، ئاسانکاری بۆ باڵەکانی ڕەوتی ئیسلامی دەکرد بۆ چوونە ئەفغانستان و بەگژداچوونەوەی ڕووسیا. لێرەوە توندوتیژیی ئیسلامی، چووە قۆناغێکی ترەوە. کە شەڕی ئەفغانستان تەواو بوو، ئەمریکا دەیویست ئیسلامییەکان بێدەنگ بکات و، خۆی قازانجەکان بچنێتەوە.

ڕێکخراوی قاعیدە دروست بوو، ئاشکرایە کە توندوتیژ بوون و هەوڵیان دەدا تۆڵە لە ئەمریکا بکەنەوە. یانزەی سێپتەمبەری ٢٠٠١، کێشەکەی زیاتر ئاڵۆز کردەوە، توندوتیژیی لە لایەن هەردوولاوە پەرەی سەند.

لێدانی ئەفغانستان و خستنی بزوتنەوەی تالیبان، ڕێکخراوی قاعیدەی بەو کزییە برد، بەڵام ڕێ خۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی وردە ڕێکخراوی توندی تر. شەڕی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ساڵەکانی دواییتر ڕێکخراوی داعشی بەرهەم هێنا و، ئەو بەشەی ئیسلامییەکان کە لەناو ئەواندا بوون زیاتر توندوتیژ بوون، لە سەربڕین و کوشتنی مەیدانی (سەرباز و مەدەنییەکان) سڵیان نەدەکردەوە.

ئێستا داعش نەماوە، بەڵام زلهێزەکان، بەتایبەتی ئەمریکا، ترس و بیم لە بیروهزری داعش، یان با بڵێین توندوتیژیی و پەڕگیریی ئیسلامی بڵاو دەکاتەوە. ئێستا توێژینەوە و کۆبوونەوەکان بۆ دەستەمۆکردنی ئیسلامییەکان دەوڵەتان دەیکەن، بەڵام تەنها بیر لە سەرکوتکردن دەکەنەوە نەک دروستکردنی دیالۆگ و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژییە.

لە قەتەر، کۆنگرەکان بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژیی ئیسلامی بەڕێوە دەچن. لە ئیمارات، پلان بۆ یەمەن و لیبیا دادەڕێژرێت و، لە سعودییەوە سیاسەتی بەگژداچوونەوەی ئیسلام (بەناوی ئیرهاب) پیادە دەکرێت.

من پێموایە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەش کە هاوکاریانن، نایانەوێت توندوتیژیی ئیسلامی کۆتایی بێت، بەڵکو دەیانەوێت بیخەنە بن دەستی خۆیانەوە و، هەرکاتێک ویستیان زیندووی بکەنەوە و هەرکاتێکیش ویستیان بێدەنگی بکەن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:03:45:08/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 20 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر