سودان بەهاری عەرەبی شکستخواردوو دووبارە دەکاتەوە

خالید ڕەنجدەر
نوسەر
ئەوەی ئەمڕۆ لە سودان ڕوو دەدات لەسەردەمی (عومەر بەشیر)یشدا ڕووی دەدا، بۆیە لابردنی (عومەر بەشیر) وەک ڕێککەوتنێک دێتە بەرچاو لە نێوان ئەو و ئەنجوومەنی سەربازییدا و مەبەست لێی بزرکردنی هەلی گۆڕانکاریی بوو. گۆڕینی عەسکەر بە عەسکەر پاشقوڵگرتنێک بوو لە ئۆپۆزیسیۆن و لەو جەماوەرەی ئێستا خرۆشاوە.

خرۆشانی گەلی سودان دووبارە بوونەوەی بەهاری عەرەبی شکستخواردووە و، سەرنەکەوتنیشی، کە ئەگەرێکی نزیکە، دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سێ کوچکەیەکی سەربازیی کە بریتی دەبێت لە (میسر و لیبیا و سودان). بە کەوتنی (تەرابولس)ی پایتەختی لیبیا قەڵایەکی تری سەربازیی دەکەوێتە دەست (خەلیفە حەفتەر) و لەگەڵ میسر و سودان دەبنە قەوارەیەکی سەربازیی و ئەگەریش هەیە هاوپەیمانێتییان پێ ببەستن.

کەواتە با بپرسین: ئایا سەرانی ئۆپۆپزیسیۆنی سودان بیرمەندن وا هەڵگەڕانەوەی جەماوەری ڕادەگەیەنن؟ یان باشتر بوو واز لە ئەنجوومەنی سەربازیی بهێنن تا وڵات بەڕێوە دەبات و هەڵەکانی دەردەکەوێت؟

ئەگەر سەیری بەهاری عەەبی بە گشتی بکەین دەبینین ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە و بگرە کارەساتیشی دروست کردووە، هەندێک لەو وڵاتانەی (بەهاری عەرەب)یان تێدا بەرپا بوو کەوتنە دەست عەسکەر و، هەندێکیان هێزی دەرەکی دەستیان لە کاروبارەکانی وەردا و، هەندێکی تریان بوونە مەیدانی شەڕ و پێکدادان و کوشتن و گرتن و ئاوارە بوونی خەڵکەکەی.

پێشەوایانی بەهاری عەرەبی بیریان لەوە نەکردبووەوە کە دوای خۆپیشاندن و خستنی ڕژێمی وڵاتەکانیان قۆناغێکی دژوار چاوەڕییان دەکات، لە هەندێک وڵاتدا میللەت ڕاکێشرایە مەیدانی بەکارهێنانی چەک، وەک لیبیا و سوریا و میسر کە بووە دانی داو بۆ هەندێک لە زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە.

لە میسر کۆدیتای سەربازی کرا و جڵەوی کارەکان لەدەست سەرانی بەهاری عەرەبی چووە دەرەوە، سوریا کاول بوو و گەلەکەشی ئاوارەی هەندەران بوو. لە لیبیا عەسکەرێکی خانەنشینکراو لە دەرەوە گەڕایەوە و گەورەترین هێزی سەربازی دروست کردەوە و ئیستا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گەلی لیبیا.

بەهاری عەرەبی بزاڤێکی ئاشیتیانە بوو، بەڵام دوایی تر بووە توندوتیژیی و سووتاندن و تەقاندنەوە. ڕابەرانی بەهاری عەرەبی نەیانتوانی دەوڵەتی یاسا دروست بکەن و، سور بوون لەسەر مانەوە ئەگەر لە گۆشەیەکی شارێکیشدا بێت، بەڵام ئەو گۆشەیەشیان لە دەست چوو.

بەهاری عەرەبی لە زۆرێک لەو وڵاتانەی تیایدا بەرپا بوو شۆڕشی نان بوو، بەڵام دواییتر کرایە سیاسی و، سەرانی بەهاری عەرەبییش لەبەردەم ئەو گەندەڵانەی لە تاکتیک و پاشقول گرتندا چقەیان دەرداوە، خۆیان بۆ ڕانەگیرا.

دەبێت سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سودان ئەو مێژووە نزیکەیان باش خوێدبێتەوە، ئەگەر جەماوەرەکەیان عاتیفە پاڵی پێوە ناون، عاتیفە بەرانبەر عەسکەر دەرەنجامێکی نابێت. ئیرادەیەکی پتەو و پلانێکی تۆکمە بۆ ئێستا و دوای کەوتنی ئەنجوومەنی سەربازیی سەرکەوتن بەدی دەهێنێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:07:17:10/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر