ئایا کۆتایی بە ڕۆڵی قاسمی سولەیمانی دێت لە عێراقدا

خالید ڕەنجدەر
نوسەر

من پێموایە ئەمریکا بە چەک لەئێران نادات، ئەگەرچی ئەمریکا لە سیاسەتی ئێران ڕازی نییە. ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیووە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئێران لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە، وڵاتانی ئیسلامی دەرەوەی جیهانی عەرەب ناتوانن ببنە ڕابەری ئیسلامی. لە وڵاتانی عەربییشدا تا ئێستا بیروهزری قاعیدە و داعش ماوە و، ئەمریکا نایەوێت جارێکی تر ڕژێمێک دروست بکاتەوە کە ئەگەر ئەوەی لێبکرێت بکەوێتە دەست ئیسلامییەکان.


لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەوڵ دەدات لە دوو جەمسەرەوە ئێران لاواز بکات، جەمسەرێکیان گەمارۆی ئابوورییە لەسەر خودی ئێران خۆی و ماندوو کردنییەتی. جەمسەری دووەم گوشارخستنە سەر ئەو هێز و چەکدارانەیە کە ئێران لە ناوچەکەدا دەیانجوڵێنێت، وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و بەشێک لە حەشدی شەعبی عێراق.


ماوەی ٣ ساڵ (٢٠١٤ ـ ٢٠١٨) قاسمی سولەیمانی بەدرێژایی و پانایی عێراقدا پیاسەی دەکرد، عێراقییەکان وەک ڕاوێژکارێکی سەربازیی فەرمی هەژماریان دەکرد. ئەمریکا باش ئەوەی دەزانێ، بەڵام پێویستی پێی بوو بۆ ڕێکخستنی ڕیزی شیعەکانی عێراق و شەڕی داعش، چونکە عەقڵییەتی عێراق ڕێنمایی و مەشقی سەربازیی ئەمریکایی قبوڵ ناکات.


ئێران لە دوای خستنی سەددام حوسەین ئەمریکای ماندوو کرد، ئێران قورسایی خۆی خستە سەر سوریا و، حیزبوڵڵای لوبنانی و مێلیشیای ئەفغانی جوڵاند بۆ (تەحەددای ) ئەمریکا قەیس خەزعەلی فەرماندەی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری لوبنان و ئیسرائیل خۆی با دەدا.


جموجوڵێک لە عێراقدا دروستبوو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەناو پەرلەماندا بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمریکا ئەوەی بە هاندانی ئێران دەزانی. ئێران جگە لەوەی کە عێراقی بۆ گرنگە وەک پێگەی مەزهەبی، بۆشی گرنگە وەک دەرچەیەکی جوگرافی و هەنادرە کردنی نەوت و هاوردەکردنی کاڵا.


لە ٢٤ ى نیسانی ڕابوردوودا حەشدی شەعبی کۆنگرەیەکی بەناوی (دمنا واحد ـ خوێنمان یەکە) ساز کرد بۆ ڕێزلێنان لەو ئێرانییانەی لە شەڕی داعشدا لە عێراق و سوریا کوژراون. لەبەرنامەدا بوو قاسمی سوڵەیمانی ئامادەی ببێت، بەڵام سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە، بیانووی ئێران و قاسمی سولەیمانی ئەوەبوو کە نایانەوێت دەسەلاتدارانی عێراق لەبەردەم ئەمریکادا (ئیحراج) بکەن. بەڵام لە ڕاستیدا لە ترسی ئەگەری دەستگیرکردنی بوو لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراقدا، چونکە ناوی لە لیستی تیرۆردایە.


ئەگەر سەیری ئەو پەیامە بکەین کەقاسمی سولەیمانی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨دا ناردی بۆ ئەمریکا، دەبینین لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق ناگوجێت. قاسمی سولەیمانی بەرەوڕووی ئەمریکا دەڵێت: ئێمە هاوتا کەللـە ڕەقەکەی ئێوەین، هێزەکانی قودس هاوتای ئێوەن، ئێمە شەوێک بێ بیرکردنەوە لە ئێوە ناخەوین، من پێتان دەڵێم (سەید ترامپ) بزانە لەم چرکەساتەدا تۆ دەستەوستانیت و ئێمە لە جێیەکین زۆر نزیکین لێتەوە، ئێمە گەلێکین حەزمان لە شەهیدبوونە، ئێمە بەسەرهاتی زۆرمان بینووە، وەرە و چاوەڕێتین. ئێمە پیاوانی مەیدانی جەنگین و هاوتاکەی تۆین، تۆ دەزانیت ئەم جەنگە هەموو ئەو شتانە دەڕوخێنێت کە لەدەستتدایە. تۆ جەنگەکە هەڵدەگیرسێنیت، بەڵام ئێمە کۆتایی پێ دەهێنین. دەبێت بزانیت ئێمە چی دەڵێین. پرسیار لەوانەی پێش خۆت بکە و سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرە، ئەمریکا بریتییە لە دەزگای توێژنەوە و زانست و دەتوانن فێرت بکەن.


ئێستاش قاسمی سولەیمانی سەردانەکەی بۆ عێراق هەڵدەوشێنێتەوە، لەوانەیە لێرەوە کۆتایی بە ڕۆڵی قاسمی سولەیمانی بێت لە عێراقدا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


AM:11:25:09/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 422 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر