هەرێم دەتوانێت سەربەخۆیی ئابوری وسیاسی بەدەست بهێنێت ؟

ڕێبوار محەمەد
نوسەر و توێژەر لە بواری نەوت
قەیرانی نەوت هەولێری ناچاری بەغدا و بەغدادی ناچاری واشنتۆن کرد بۆ داوای هاوکاری ئایا هەرێم دەتوانێت ڕزگاری بێت لە کۆتوبەندی بەغداد و سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری بەدەست بهێنێت ؟

لەئێستادا بەغداد وهەولێر هاوچارەنووس بەقەیرانێکی سەختی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی ئاسایشی تێدەپەڕن بەهۆی کاریگەریەکانی دابەزینی نرخی نەوت وپەتای کۆڤید ١٩ و تاک سەرچاوەی ئابوری و نەبوونی شەفافیەت هەردوولای گەیاندۆتە دۆخێک کەهەرێم پەنا بۆبەغداد ببات و هەردووکیشیان بۆ ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی هاوکاری.

قەیرانی نەوتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی گەیاندە واشنتۆن بۆداوای هاوکاری لەهەفتەی ڕابردوو،سەرەڕای ئەوکێشانەی باسمان کرد دەبێت هاوسەنگیش لەنێوان واشنتۆن و تارانیش ڕابگرێت بەهۆی هەژموونی هەردوولاوە، وەئەمەریکا دەیەوێت هەژموونێکی زیاتری بەسەرعێراقدا هەبێت بەتایبەت لەبواری نەوت وغاز و ئەگەر عێراق ئەم خواستەی ئەمریکا جێ بەجێ نەکات ئەوا توشی سزای ئەمریکا دەبێت لەهەموو ڕوویەکەوە و کازمی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و سیاسی وسەربازی ناچارە داواکەی ئەمریکا پەسەند بکات چونکە لەنەبوونی دارایی پێویست ئەوا گوشارو ناڕەزایەتی وخۆنیشاندان دەست پێدەکات دۆخەکە لەکازمی تێکدەدات.

جەنگی نرخی نەوت وکاریگەری کۆرۆنا ڤایرۆس و ململانێ کانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت بەرامبەر بودجە.

ئەم هۆکارانەی سەرەوە عێراقی ناچارکرد پێشنیاری دواخستنی دانەوەی قەرزەکانی و کەمکردنەوەی مووچەو کەمکردنەوەی خەرجیە ناپێویستەکان بکات، وەپاڵی نا بەعێراقەوە کە زیاتر لە بەرکەوتەی خۆی نەوت بەرهەم بهێنێت لەوەی کە ئۆپێک پڵەس بۆی داناوە وپاشتر قەرەبووی بکاتەوە بە بەرهەم هێنانی کەمتر.

سەرەڕای قەیرانی کەمی نەختینە بەڵام دەبێت لە چەند هەفتەی داهاتوو بڕی دوانزە ترلیۆن دینار پەیدابکات بۆ پێدانی مووچەی دوومانگی داهاتوو کە زیاتر لە چوارملیۆن فەرمانبەرو خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی یە.

کازمی بۆئەوەی خۆی بەدووربگرێت لە گەمارۆی زیاتری ئەمریکا کومەڵێک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئەنجام دا و بونی گروپێکی گەورە لە کەسایەتی ئەمنی ئەمریکی لەعێراق بۆپاراستنی کۆمپانیاکان ،وەهەروەها بۆ ئەوەی عێراق دورکەوێتەوە لەئێران و هەروەها پێش ڕۆشتنی کازمی بۆ ئەمریکا گرێبەستی لەگەڵ پێنج کۆمپانیای نەوتی و کارەبا واژۆکرد و ئامانج لەم گرێبەستانە سەربەخۆیی عێراق و دوورکەوتنەوەیە لەئێران، وەبەگوژمەی هەشت ملیار دۆلار.

سەرەڕای سەردانی کازمی بۆ واشنتۆن و واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە بەڵام دۆخی ناوخۆی عێراق بەهۆی کاریگەری ئێران و ژمارەیەکی زۆر لەهێرشی موشەکی دۆخی عێراقی تێکداوەوە ئارامی تەواوەتی نی یە.

لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیا ئەمریکیەکان بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری عێراق و ئەوهەموو گەندەڵیەی کەهەیە ئامادەنین وابەئاسانی گرێبەستەکان جێ بەجێ بکەن، و ببێتەمایەی ڕزگاربوونی عێراق لە قەیرانی ئابوری، عێراق بەم هەموو قەیرانە سیاسی وئابوری وئاسایش یەوە پەنای بۆ ئەمریکا بردووەو هێشتا کاتی زۆردەوێت بۆ گەشتن بەئامانجەکەی بەهۆی ناسەقامگیری دۆخەکە.

هەرێمی کوردستانیش بەبێ ڕەچاوکردنی هەموو قەیرانەکانی بەغداد کەچی تەنها چاوی لەسەربەغدایەو وەکوفریاد ڕەس سەیری دەکات لەکاتێکدا چ لەڕابردوو چ لەئێستاو ئایندە دەیتوانی و ئێستاش دەتوانێت بەگرتنەبەری پلانێکی تۆکمەی ئابوری سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری بەدەست بهێنێت و هەمووجارێک پەنا بۆ بەغداد نەبات وبەغدادیش مەرجی قورس و بچوکردنەوەی دەست کەوتەکان بکاتەمەرجی هاوکاری.

پێویستە هەرێمی کوردستان پلاێکی ئابوری تۆکمە دابنێت و لەچوارچێوەی ئەم پلانەدا هەموو ئەم خاڵانە جێگە بکاتەوە - یەکەم ـــ چاکسازی ئابوری هەستان بەپشت بەستن بەوەبەڕهێنانی ناوخۆی وبیانی و هەمووکەرتەکان ببوژێننەوە و بەوەی ڕزگار بوون لەتاک سەرچاوەی ئابوری نەوت بۆچەند سەرجاوە، داهاتی تاکەس زیادەکات، هەلی کار زۆردەبێت، ئابوری گەشەدەکان ژێرخان و سەرخانی وڵات پێش دەکەوێت.

دووەم ـــ چاکسازی یاسای و دارایی پیاچونەوە بەیاساوڕێنمایەکانی خەرج کردنی داهات و چاکسازی لە چۆنیەتی خەرجی بکات لە مووچەو دەرماڵە و خانەنشین و خەرجی داموودەزگاکان. سێ یەم ـــ ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆو خاڵە سنوریەکان.

چوارەم ـــ پیاچونەوەو ڕێکخستنەوەی گرێبەستە نەوتی یەکان، شەفافیەت لەداهاتی نەوت وگاز، پێنجەم ـــ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد بۆهەموو دۆسیەکان لەچواڕچێوەی دەستورویاسا، ئەگەروانەبێت کێشەکان جارەسەرنابن و بەردەوام کاریگەری نەرێنی دروست دەکەن. شەشەم ـــ پیاچونەوە بەپەیکەری داموودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وبەپێی پێویست و توانای دارایی پەیۆەری حکومەت دووبارە دابڕێژێتەوە ،ئەمەش ئەنجامەکەی داتێکی زۆر بۆ گەۆجینەی حکومەت دەگێڕێتەوە.

لەکۆتایدا ئەوەدەڵێم کە هەڕێمی کوردستان نابێت چاوی لەسەربەغدابێت و وەک فریاد ڕەس سەیری بکات بەڵکو دەبێت هەرچی زووەو ساتێک و ڕۆژێک زووتر هەنگاوبنێت بۆئەم چاکسازیە ئابوریانە ئەوا ڕۆژێک زووتر لەژێر هەژموونی ئابوری وسیاسی عێراق دێتە دەرەوەو سەربەخۆیی خۆی دەسەلمێنێت و گەلەکەشی دەگەیەنێتە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ،قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانیش وردە وردە نامێنن بەوهیوایەی حکومەتی هەرێم دەست بەم هەنگاوانەبکات. 

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:10:03:26/08/2020



ئه‌م بابه‌ته 670 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌