زمان و قەدەغە کردنی زمانی کوردی

ڕەنج نەوزاد
نوسەر و ڕوناکبیر
"ئەمريکی چۆمسکی" لەو بيرمەندانەیە؛ کە باوەڕی بە هەبوونی سرووشتی مرۆڤ هەیە، واتە؛ باوەڕی بە هەندێ خاسيەت وتايبەتمەندی مرۆڤ هەیە کە لە دەرەوەی کولتوور وکات و شوێن، هەموو مرۆڤێک بە سرووشت و بەحوکمی ئەوەی کە مرۆڤە، ئەو تايبەتمەنديیانەی هەیە، ئەم تايبەتمەنديانەش بريتی نين لە تايبەتمەند و پێداويستيیە فيسيولۆژييەکانی وەک؛ هەناسەدان و برسێتی... کە ئاژەڵانيش هەیانە، بەڵکو چەند تايبەتمەندیيەکن کە تەنها مرۆڤ هەیەتی و لە سرووشتی مرۆڤدان.

جەوهەری ئەوە (سرووشتی مرۆڤ) لای چۆمسکی بريتييە؛ لە ئازادی. واتە؛ خاسيەتی سەرەکی مرۆڤ بريتييە لە ئازادی، یەکێکی تر لە خاسيەتە گرنگەکانی سرووشتی مرۆڤ، بە پێی چۆمسکی، بريتييە لە زمان. ئەو پێيوایە مرۆڤ تەنها لەبەر ئەوەی مرۆڤە، زمان (اللغة)ی هەیە. بە تێڕوانينی ئەو "زمان" بەشێکی بريتييە؛ لە پرۆسەی فێربوون، بەڵام بەشە سەرەتاييەکەی لە خودی مرۆڤدایە، واتە؛ مناڵ کە لە دايک دەبێت، یاسایەکی گشتی زمان، یا ئامادەییەکی فێربوونی زمانی تێدایە، لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن بە گوێگرتن و خوێندن و پرۆسەی کۆمەڵایەتی زمانەکەی گەشە دەکات و باشتر دەبێت، بەڵام ڕەگی "زمان" و توانای زمان، لە ناو مرۆڤدایە، هەر بۆیە بە پێی تێڕوانينی ئەو، زمان زیاتر پرۆسەیەکە لە ناو مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە مانایەکی دياريکراو، دەتوانرێت چەندين ڕستەی بۆ دروست بکرێت، نەک تەنها یەک ڕستەی گرامەری ناو زمانەکە، یاخود دەربڕينی ڕستەی نەبيستراوە لە لایەن مرۆڤەوە، کە ئەو ڕستەیە پێشتر گوێی لێ نەبووە و نەيبيستووە، بەڵام دەتوانێت دروستی بکات، ئەمانە دەبنە بەڵگەی ئەوەی "زمان" بەشێکی سرووشتييە و لە ناو مرۆڤدایە، بە بۆچوونی ئەو بيرمەندە. لێرەوەش دەکرێت پەيوەندييەک دروست بێت لە نێوان سرووشتی مرۆڤ و ئازادی و زمان، دەتوانرێت بە پێی "چۆمسکی" بڵێين؛ ئێمە مرۆڤين، چونکە ئازادين و زمانمان هەیە. ئەو تێڕوانينە سروشتيە بۆ زمان، زیاتر لەگەڵ زمانی دايک دەگونجێت، چونکە زمانی دووەم بە پرۆسەیەکی دەرەکی دەتوانی فێری بيت، بێ گومان بۆ هەردووکی، مرۆڤ ئامادەیی توانایەکی ناوەکی هەیە بۆ زمان و فێربوونی زمان. جگە لەوەی باسکرا، "زمان" تەنها چەند ڕستە و ووشەیەک نييە بۆ لەیەک تێگەيشتن، بەڵکو هەڵگری کولتوور و ئەخلاق و مێژوو و تێڕوانينێکی دياريکراوە، ئێمە کە کوردين و دەتوانين وەک کوردێک بژين و بيربکەينەوە، بەشێکی سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زمانمان کوردييە و زمانەکە دەزانين. کوردێک، کە زمانی کوردی نازانێت، ئەستەمە بتوانێت وەک ئەو کوردە بيربکاتەوە و ژیان بکات، کە کوردی دەزانێت. چونکە بەشێکی گەورەی پرۆسەی سياسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی... لە ناو زمانەوە دێتە ناو دەروون و مێشکی مرۆڤ. واتە کوردێک کە تەنها زمانی "تورکی" یا "فارسی" دەزانێت و، کوردی نازانێت، ئەگەر خۆشی بە کورد بزانێت و کورديش بێت، بەڵام فکر و زەوق و جيهانبينی زیاتر لە فارس یا تورکێک دەچێت، زیاتر لەوەی لە کوردێک بچێت.

قەدەغەکردنی زمانی کوردی، لە مرۆڤی کورد لە لایەن دەوڵەتانی داگيرکەری کوردستان، دەتوانين بڵێين؛ بەپێی تێڕوانينی "چۆمسکی" قەدەغەکردنی خاسيەتێکی سروشتيانەی مرۆڤە، یەکێک لە گرنگترين خاسيەتەکانی مرۆڤ قەدەغە دەکرێت، بەوەش واتە؛ لە مرۆڤ خستنی کورد، چونکە قەدەغەکردنی زمان، ئاشکرا واتە؛ قەدەغەکردنی ئازادی مرۆڤێک لەوەی ئەو زمانە بەکاربێنێت کە هەر لە دايک بوونەوە ئەو زمانەی لە مێشک و ناخدایە، (ئازادی و زمان) لە مرۆڤ قەدەغە بکرێت، واتە دوو گرنگترين خاسيەتی مرۆڤبوون قەدەغە دەکرێت لە کورد، کاتێک زمانی کوردی قەدەغە دەکرێت، لە شوێنی ئەوە زمانێکی تر (تورکی، یان فارسی، یان عەرەبی) دەسەپێنرێت، زمان-يش پایەیەکی سەرەکی فکر و ڕەفتار وتێڕوانين وسەليقە وسياسەت...ە کەواتە هەموو ئەوانە بە ڤێرژنە فارسی، یان تورکی و، یان عەرەبيیەکەی دێتە ناو مرۆڤی کورد، لەو سێ زمانەوەش کوردێک بير بکاتەوە، یان بژيت، ئەستەمە کورديیانە بيربکاتەوە و بژی، تەنانەت ئەگەر زۆر کورد پەروەريش بێت. مناڵی کورد هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە ئەوە دەخرێتە مێشکی و ئەوە دەدرێت بە گوێی و دەخرێتە بەرچاوی، کە (خومەينی و ئەتاتورک و ئەسەد) (جاران سەدام). سەرۆکیەتی و (ئێران و تورکيا و سوريا و ئێراق) نيشتيمانییەتی، ئەوەی لەگەڵی نەبێت خاين ولادەر و تێکدەرە... چونکە مناڵێکی کورد، یا تاکێکی کورد، کاتێک زمانی یەکەمی تورکی یا فارسی یا عەرەبيیە، ئەوا بە بەردەوامی لەو زمانانەوە کورد ناشرين دەکرێت، دژایەتی دەکرێت، یا پەراوێز و پشتگوێ دەخرێت، لە سياسيیەکی (تورک و عەرەب و فارس) تا هونەرمەند و وەرزشکار و نووسەر و فەيلەسوف و زانا و ئەديب و خەڵکی ئاساييان، لەگەڵ ئەوە نين کورد وەک مرۆڤێک مافی هەبێت و کوردانە بژێت. ئيتر دەبێت کوردێک کە تەنها زمانی ئەوان بزانێت، چۆن دەربچێت چۆن بيربکاتەوە بڕوانێتە خۆی و ئەوی تر و جيهان. قەدەغەکردنی زمانی کوردی بە گشتی ئەو دوو مەبەستەی لە پشتە؛ لە مرۆڤ خستنی تاکی کورد، هەروەها گۆڕينی فکر و ڕەفتار و خەون و کەسایەتيیەکەی، لە کوردێکەوە بۆ فارسێک یا تورک و عەرەبێک، ئەم ئامانجەی داگيرکەرانی کورد، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، یان بەشێکی کوردی کردووە بە جاش و خۆفرۆش، یا خەسيو و کەسێکی نا-بەرپرس، بۆ نموونە یەکێ لە بنکە سەربازييەکانی "تورکيا" کە هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان لە شاری دياربەکرە، ئەمە یەکێکە لە نيشانەکانی سەرکەوتوویی ئەو پلانە گڵاوەی دوژمنان، ئەوەی کوردستان پەروەريش بێت، لەبەر ئەوەی بە سروشتی نەژياوە و بيرينەکردووەتەوە، ديسانەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی دووژمنانی نييە، یا کوردستان پەروەرييەکەی تەندرووست وسەرکەوتوو نييە. زمان پەروەردەیە، تا ئێستاش زۆربەی کورد بە زمانی (فارسی و تورکی) پەروەردە دەکرێن، مناڵی کورد بە زمان و فکر و ميتۆدی خوێندن و ڕاگەياندنی (ئەتاتورک و ئۆردۆگان و خومەينی) پەروەردە دەکرێت. تا پێش چەن ساڵێک مناڵی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە پێی ميتۆدەکانی ئەسەد پەروەردە دەکرا، کە ئێستا ئەسەد دەيەوێت ئەوە دووبارە بکاتەوە، باشوری کوردستانيش نەوەی دوای ڕاپەڕينی لێ دەربچێت، بە تايبەت لە ناوچەی کەرکوک و ئەوانی تر، سەدام مناڵی کوردی پەروەردە دەکرد. سياسی و رۆشنبير و توێژەری کورد، لەم خاڵە سەرەتایی و سەرەکيیانەوە نەڕوانێتە مرۆڤی کورد، ئەستەمە بتوانێت خزمەتێکی گەورەی کورد بکات، یا لە کورد ودۆخ و شووناسی کورد تێبگات.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:04:46:20/02/2021



ئه‌م بابه‌ته 67 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر