كوردەكان مافێكیان هەیە دەبێ وەری بگرن

ساڵح قەلاب
وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری شانشینی ئەردەن

ڕەنگە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە، ناسازگارییەك هەیە لەلایەن برا كوردەكانەوە بەرانبەر پارتی كرێكارانی كوردستان، چونكە ئەو حیزبە لەگەڵ دامەزرێنەرەكەی "عەبدوڵا ئۆچ ئالان" وەك پرۆژەیەكی شانەخڕێ لەنێوان ڕوسەكان و سوریا لەلایەك و توركیاش لەلایەكی ترەوە دەستی پێكرد. توركیایەك كە تاكو ئێستاش ئەندامێكی سەرەكییە لەپەیمانی باكوری ئەتڵەسی"ناتۆ"دا. لەگەڵ ئەوەشدا "رەجەب تەیب ئەردۆگان" وازی لە عەلمانیەتی دەوڵەتەكەی هێناوەو، خۆی كردوە بەڕابەری " ئیخوان موسلمین" لەكاتێكدا ئەو سەرۆكی ئەو دەوڵەتەیە كە " مستەفا كەمال ئەتاتورك" لەسەر پاشماوەی داروپەردووی خەلافەتی عوسمانی دروستی كرد.

كاتی خۆی توركەكان بەڕەزامەندی یەكێتیی سۆڤییەت، "حافز ئەسەد"ی سەرۆكی سوریایان ناچاركرد تاكو ئەو حیزبە لەخاكی وڵاتەكەی دەربكات، دواتریش هاریكاری توركەكانیان كرد تاكو "ئۆچ ئالان" لەدوای ڕاوەدوونانێكی زۆر دەستگیر بكەن، ئینجا فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەركرد و ، دواتریش فەرمانەكەیان گۆڕی بە زیندانی هەتاهەتایی و لەوكاتەوە تاكو ئێستا لەكونجی زیندانەكانی توركدایە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە هەموو ویژدانێكی زیندوو دان بەوەدا بنێت كە كوردەكانیش وەك گەل و وەك نەتەوە، ستەمێكی مێژووی زۆر گەورەیان لێكراوە، پێویستە ئەوانیش وەك برا عەرەب و تورك و ئێرانییەكانیان یەكسان ببن و، دەوڵەتی خۆیان یان چەند دەوڵەتێكی خۆیان هەبێت.

نابێ كوردەكان لەپەراوێزی جوڵەی مێژوودا بمێننەوە، لەكاتێكدا جیهان دانی ناوە بەمافی ئەوانەدا كەلەڕاستیدا لەپەراوێزدان، تاكو چارەنوسی خۆیان دیاری بكەن و، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروست بكەن. چ لەم ناوچەیەدا، یان لە هەر ناوچەیەكی تری جیهاندا.

جولەكەكان"ئیسرائیلییەكان" لەم ناوچەیەدا هیچ بوونێكی ڕاستەقینەیان نەبوو، بەڵكو بەرلە سەدان ساڵ، بەشێوەیەكی ڕەفتەنی بەم ناوچەیەدا گوزەریان كردبوو، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژئاوای پیلان دانەر، مافی ڕەوای لەم ناوچەیەدا بۆ دروستكردن.هەمان پیلانی نێودەوڵەتی فەلەستینییەكانی لە نیشتمانی خۆیان دەركرد و، كردنییە پەنابەر و نیشتمانی مێژووی ئەوانی دابە تێكەڵەیەكی مرۆیی كەلە هەرچوار جەمسەری زەوییەوە كۆكرانەوە!.

بەدڵنیاییەوە، بەچاوپۆشین لە دۆخی یاسایی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام كێشەی كورد لەم ناوچەیەدا، كەبووەتە ناوچەیەكی پارچەپارچەی گڕگرتوو، بەردەوام زامێكە خوێنی لێدەچۆڕێت، ناگونجێت، بەڵكو شورەییە ئەم گەلە گەورەیە كە ڕۆڵی بنەڕەتی لەنێو مێژووی ئەم ناوچەیەدا هەبووە، ماوەی ساڵانێكی دوور ودرێژ بێ بەش بێت لەو مافەی كە عەرەب و تورك و ئێرانییەكان هەیانە.

بەڕەهایی ئەمە ڕاست نیە ، كێشەی كورد بەردەوام زامێكە خوێنی لێدەچۆڕێت، ئەگەر ئەم نەتەوەیە مافی ڕەوای خۆی وەرنەگرێت، بەردەوام خوێن لە دامێنی ئەم ناوچەیە دەچۆڕێت، بۆیە دەبێ ئەم نەتەوەیەبڕیار لەچارەنوسی خۆی بدات و وەك هەموو میللەتانی تری گۆی زەوی، دەوڵەتی خۆی دروست بكات.

لە ئیلافەوە.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:11:42:28/06/2020



ئه‌م بابه‌ته 525 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر