بە ووزەی‌ یانگ ڕووبەڕووی‌ کۆرۆنا دەبینەوە

محەمەد چیا
نوسەر
لەئێستادا کە ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بۆتە هەڕەشەیەکی‌ ڕاستەقینە لەسەر مرۆڤایەتی‌ و ترس و دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە نائارامی‌ باڵی‌ بەسەر هەموواندا کێشاوە، جارێ هیچ چارەسەرێکی پزیشکی‌ یەکلاکەرەوە بۆ لەناوبردنی‌ ئەم ڤایرۆسە لەناودا نیە، بۆ بەهێزکردنی‌ وورە و چالاککردنی‌ ووزەی‌ گەردونی‌ و ئاسمانی‌ (یانگ) کە گەرموگوڕی‌ دەدات بە لەش و هەست بە بەهێزی و ئارامی دەکەیت و نیگەرانیت دەڕەوێنێتەوەو بەرگریت بەهێز دەکات و چاوت لە سەرکەوتن دەڕوانێت زیاتر لە نوشوست، داواکارم ئەم تەکنیکە رۆژانەو بەتایبەتی‌ بەیانیان ئەنجام بدەن کە هیچ زیانێکی نیە و بەشێکە لە ڕاسپاردەی‌ دانا و حەکیمە دێرینەکانی‌ مرۆڤایەتی‌.

شێوازی‌ ئەنجامدانی‌ تەکنیکەکە:
ئەگەر لە بەیانیاندا ئەنجامت دا (باشترە):
١/ خواردنی‌ چەور مەخۆ، هەروەها ئەگەر بکرێت ئاو کەمتر بخورێت، چونکە ئاو و چەوری‌ ڕێگە لە مەسارو ڕێکردنی‌ ووزە دەگرن لە لەشدا.
٢/ شوێنێک بدۆزەرەوە ئارام و بێ ژاوەژاو بێت.
٣/ هیچ جۆرە ئامێرێکی ئەلەکترۆنی‌ لاتەوە نەبێت.
٤/ بەشێوەیەک دابنیشە با پشتت لەخۆر بێت، بۆ ئەوەی‌ ڕاستەوخۆ پشتت ووزەی‌ خۆر لێی‌ بدات، (مەرج نیە لەدەرەوە بیت).
٥/ قاچەکانت بخەرە ژێرت، با لەپی پێیەکانت بەرکەوتەی‌ هەبێت لەگەڵ بەشی‌ خوارەوەی‌ سمت و سەرو ڕانەکانت، وەک ئەوەی‌ کە بەرێزەوە لەخزمەت کەسێک دادەنیشیت، پشتت ڕێک بێت، بەڵام بەشێوەیەک بێت هچی جۆرە زۆر لەخۆکردن و هەست بە ناڕەحەتیەک نەکەیت.
٦/ لەپی دەستی‌ ڕاستت بەنەرمی‌ لەناو لەپی دەستی‌ چەپتدا دابنێ.
٧/ بۆ چەند چرکەیەک (نیو خولەک) بە ئارامی‌ دابنیشە، هەوڵبدە هەموو بیرکردنەوەیەک صفر بکەیتەوە.
٨/ پاشان بۆ ماوەی‌ سێ خولەک ئەم تەکنیکی‌ هەناسەدانە وەک خۆی‌ ئەنجام بدە (تەواو بەوشێوەیەی‌ کە بۆت ڕون دەکەمەوە):-
- بەقوڵی‌ هەناسەیەک هەڵبمژە، بەڵام بەشێوەیەکی‌ ئیحساسی وا هەست بکە هەواکە دەنێریت بۆ بەشی‌ خوارەوەی‌ سکت، ڕێک بۆ ناوکت، ماوەی‌ ئەم هەناسە هەڵمژینە ئەوەندە بێت کە بەشێوەیەکی‌ لەسەرخۆ بڵێیت (١..... ٢).
- بۆ چەند چرکەیەک هەناسەکە ڕابگرە.
- بەشێوەیەکی‌ هێواشتر هەناسەکە بکەرە دەرەوە ئەوەندەی‌ لە یەک بۆ حەوت بژمێریت.
- دەبێت هەناسە دانەوەکە سێ جار خاوتر بێت لەهەناسە هەڵمژینەکە.
- ئەم تەکنیکە رۆژانە ئەنجام بدە، هیچ زیانێکی نیە، ئێستا لەم بەتاڵییەدا باشترین هەل هەیە بۆ ئەوەی‌ کەمێک بایەخ بە خۆمان بدەین و لەخۆمان بڕوانین، بەهیوای‌ لەش ساغی‌ و سەلامەتی‌ بۆ هەمووان.

تێبینی‌/ ئەگەر لەئێواراندا ئەنجامت دا، ئەوا تەنها جیاوازییەکەی‌ ئەوەیە شێوازی‌ دانیشتنەکەت پێچەوانە بکەرەوە، واتە دیسان پشتت بکەرە خۆر.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:12:42:25/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 177 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر