شێخ مـەحمـودی نەمر مەلیکی کوردستان

محەمەد عومەر پێنجوێنی
نوسەر

١٠٠ساڵ پێش ئێستا، ئەودەمەی ئینگلیز بەھەموو توانای خۆیەوە کاری بۆ دروستکردنی عێراق و کۆکردنەوەی کوردو عەرەب دەکرد تێیدا، پیاوێک بەمشکی و کەواو سەڵتەو بەخەونی کوردانەوە لەسلێمانییەوە لێبڕاوانە و بێ وەستان لەھەوڵی تاقەت پڕوکێندا بووبـۆ ئەوەی خەونی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد بکاتە ڕاستی و کوردیش وەک گەلانی دیکە سەر بەخۆبێت. چیتر پاشکۆی ئەملاو لانەبێت، شێـخ مـەحـمـود مـەلیـکێکی سیاسی بوو شاعیر و ئەدەب دۆست بوو سوار چاک و فەرماندەیەکی لێھاتووبوو، زمانزان و کورد پەروەرێکی بێوێنەبوو.

یەکەمین حکومەتی کوردیی دروستکرد، ملی بۆ ھەڕەشەو فشارەکان نەدا تەسلیمی ئیرادەی بێگانە نەدەبوو. سێ جار بناغەی حکومەتەکەی دانایەوە بۆیەکەم جار زمانی کوردی کردە زمانی فەرمی دەزگاکانی حکومەت. بۆ یەکەم جار قوتابخانەی کوردیی لەسەردەمی شێـخ مـەحـمـود دا کرایەوە.

 
ڕۆژنامە بەکوردیی لەسەر خاکی نیشتیمان بۆیەکەم جار لەقەڵەم ڕەوی ئەودا لەدایک بوو. مەلیـکی کوردستان، شێـخ مەحمودی حەفید کوڕی شێـخ سەعیدی کوڕی شێـخ محەمەد کوڕی کاک ئەحمەدی شێـخە لەساڵی ١٨٨١لە سلێمانی لەبنەماڵەیەكی ئاینیی ناودار لە دایک بووە، دوای ھەرەسی میرنشینی بابان دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی ناوچەی سلێمانی دەکەوێتە دەست ئەو بنەماڵەیە.

شێـخ محمود، 
بە منداڵی خراوەتە بەر خوێندن. منداڵێکی زیرەک و وریا بووە بە منداڵی لەگەڵ باوکی سەردانی ئەستەنبوڵی کردووە. سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی پێشوازی لێکردوون. شێـخ محمود دەبێتە گەنجێکی ھەڵکەوتوو سەرۆکایەتی ھێزێکی کردووەو، فەرماندەیەی وڵات وەک سەرۆک ھۆزی کوردان ناویان ھێناوە.

بۆ دامەزراندنی یەکەم حکومەتی کوردستان لەساڵی ١٩١٨شێـخ مەحمود دەسپێشخەری کردو، داوای لە ئینگلیزکرد کەحکومەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دروست بکەن. لەمانگی ١١ی ١٩١٨دا لەبەردەرکی سەرا حکومەتی کوردستانی ڕاگەیاند. بەڵام خەونی شێـخ و نیازی ئینگلیز یەکیان نەدەگرتەوە.

 
شێـخ مەحمود، کەڵکەڵەی دوور کەوتنەوەی زیاتر لەعێراق و سەربەخۆیی بۆ کوردان لەسەر دابوو، ئینگلیزیش بەھەموو شێوەیەک دژی ھەر جۆرە جوڵانەوەیەکی جوودا خوازی بوو. پێداگریان لە بەستنەوەی ناوچەکان بەبەغداوە دەکردەوە.

لەمانگی پێنجی ساڵ ١٩١٩شێـخ مەحمود حکومەتی سەربەخۆی لە ئینگلیزەکان ڕاگەیاند! خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند و لەھەڵەبجەو ڕانیە و کۆیەش ئاڵای تایبەتی حکومەتەکەی ھەڵکردو ئاڵای ئینگلیزی داگرت.

ئینگلیزەکان کەوتنە ھەڕەشە لەبەرئەوەی شێـخ مەحمود بەتەواوی بێئومێد بوو لە ئینگلیزەکان. بڕیاری ڕووبەڕوو بوونەوەیدا، لەتەموزی ساڵی ١٩١٩دا ئینگلیزەکان ھێرشیان دەسپێکرد لەدەربەندی بازیان ھێزەکەی شێـخ مەحمود بەرگرییەکی  سەختیان کرد، بەڵام لەو شەڕەدا ھێز زۆر نابەرامبەر بوو، سەڕەڕای ئەوەش باسی خیانەتی چەند کەس و ھۆزێکیش دەکرێت.

شێـخ مەحمود لەسەنگەرەکانی پێشەوە بریندار بوو، دەستگیرکرا، حوکمی سێدارەی بۆ دەرکراو دواتر حوكمەکەی گۆڕا بۆ زیندانیی و دوورخرایەوە. ئینگلیزەکان دواتر ناچاربوون شێـخ مەحمود بھێنەوە ،لە مانگی ١١ی١٩٢٢جارێکی دیکە حکومەتی سەربەخۆی لە سلێمانی ڕاگەیاند!. ئەو دەستەڵاتی ڕاستەقینەی دەویست و نەیدەویست حکومەتەکەی پاشکۆ بێت.

ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٩٢٣جارێکی دیکە پەلاماری حکومەتەکەی شێـخ مەحمود یان دایەوە و بۆردمانی سلێمانی کرا. حکومەتەکەی  تاساڵی ١٩٢٤درێژەی ھەبوو.

شێـخ مەحمود سیاسیەکی خۆشباوەڕ نەبووە، بەردەوام بەڵێنەکانی بیر ئینگلیزەکان دەخستەوە، پێیی دەگوتن سنوری حکومەتەکەی بۆ دیاری و جێگیربکەن.
  
شێـخ مەحمود تەنھا بەناوچەی سلێمانی ڕازی نەبووە، دەیویست سنوری ھەموو باشوری کوردستان بکاتە چوارچێوەی دەوڵەتێک بۆ کوردستان.

شێـخ مەحمود کەسایەتییە کی ڕوخۆش و دڵساف بووە و، کینەی لەدڵ ھەڵنەگرتووە.  سیاسیەکی وشک نەبووە و توانای باشی دیبلۆماسی ھەبووە. خۆی دەسپێشخەری بۆ ئینگلیزەکان کردووەو  بە خوێندنەوەی واقعی ئەوکات  پەیوەندی لەگەڵ کردون و دوای مافی کوردی کردووە.

شێـخ مەحمود لەگەڵ تورکەکانیش پەیوەندی سیاسی دروستکردووەو، بەردەوام جەختی لە فەراھەمکردنی مافی سەربەخۆیی کردووە بۆ کورد لە ساڵی ١٩١٦شێـخ محمود لەوەڵامی دوونامەی سەرکردەی سوپای ڕوسدا وێڕای جەختکردنەوەی لە دۆستایەتی گەلی کوردو ڕووس، دەڵێت: "قسەی ناو نامەکانتان لەگەڵ کردەوەکانتان جیاوازە، ئێمە دۆستایەتیمان لێتان دەوێ و دان بە مافماندا بنێن لەناو سنووری سروشتی دیاریکراومان دا، ناشمانەوێ سەر بۆ ھیچ دەوڵەتێک دابنەوێنین ئەگەر بۆ دۆستایەتی و یارمەتی و باوەڕکردن بە مافی کورد نەبێت".

شێـخ مەحمود مەلیکی کوردان، توانای زۆری شیعر نووسینی ھەبووە، بەشیعر زۆر جار وەڵامی نـامەی داوەتەوە و، ھەستی کوردانی خۆی دەربڕیوە. لە شیعرێکدا دەڵێت:
 
یا کەشتیی کورد ئەبەمە ساحیلی نەجات
یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیامبەر بەپرد ئەکەم 
من کوردم و بەکوردی ئەڵێم و بڕایەوە
زیلەت نەما، سەعادەتی کوردان گەڕایەوە 


خەونی ئەوەی ھەبوو کوردان بەیەکڕیزی ببینێت، بەردەوام داوای لەهۆزەکان کردووە پشتی یەک بگرن و یەکڕیزبن. مێژوو پێـمان دەڵێت: ھەوڵ وقوربانیدانەکانی شێـخ مەحمودی نەمر بۆ سەربەخۆی کوردستان و بەدیھێنانی مافەکانی کوردان لە بیر ناکات.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:09:43:29/06/2020



ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر