مرۆڤایه‌تی و ترس له‌ كۆرۆنا

دانا مەنمى
نوسەر
ترس له‌ ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دیاردانه‌ی كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاو و دیاریكه‌ری هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندن و كامڵبوونی مرۆڤدا، ترس له‌ به‌ره‌به‌یانی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا بوونی هه‌بووه‌ ، هیچ ساتێكی مرۆڤایه‌تی نادۆزرێته‌وه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی ترس داگیری نه‌كردبێت، هه‌ر بۆیه‌ ترس به‌ یه‌كێ له‌و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ بایه‌خێكی یه‌كجار زۆری له‌ لایه‌ن سایكۆلۆژیا و ده‌روونشیكارییه‌وه‌ پێدراوه‌ و به‌رده‌وام جێی مشتومڕ بووه‌.

ترس سه‌رچاوه‌ی هه‌ست و سۆزی مرۆڤه‌ ،له‌زۆربه‌ی شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ دیمه‌نی به‌ربڵاوی په‌تای كۆرۆنا له‌ڕۆژهه‌لاته‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا له‌ باكوره‌وه‌ بۆ باشورده‌گوازریته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانمان و بووه‌ته‌ دێوه‌زمه‌ی مرۆڤایه‌تی ، په‌تای كۆرۆنا هه‌موو جوڵه‌یه‌كی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی ڕاگرتووه‌ و جیهانی له‌ ئه‌وپه‌ڕی باشییه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی خراپی و به‌ ملیۆنان فرسه‌تی كاری ڕاگرتووه‌ و ڕێژه‌یی هه‌ژاری له‌ به‌رزبونه‌وه‌دایه‌ ، مرۆڤایه‌تی له‌ ئیستادا له‌ناو ژینگه‌یه‌كی بێ متمانه‌یدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێت ،ژینگه‌یه‌ك كه‌ ترس ڕه‌نگڕێژی كردووه‌ بووه‌ته‌ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤ وكارو كاردانه‌كانمان ده‌ست نیشان ده‌كات.

مرۆڤایه‌تی سه‌رتاپا له‌ جیهانێكی سه‌رمایه‌داری به‌رفراواندا ده‌ژی ، یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م جیهانه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ڕاوه‌ستانی هه‌موومانه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌و مه‌ترسی و ته‌حه‌دای ترسناكدا ،له‌وانه‌ : كێشه‌ی هه‌ژاری -كێشه‌ی پیسبوونی ژینگه‌ -كێشه‌ی زیادبونی ژماره‌ی دانیشتوان - كێشه‌ی تیرۆر .. ئه‌مانه‌و چه‌ندانی تر ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یشی پێویستی به‌ كۆمه‌كێكی جیهانی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه‌ ، په‌تای كۆرۆناش مرۆڤایه‌تی توشی شۆك كردووه‌و كاراكته‌رێكی جیهانی هه‌یه‌ ،هاوشیوه‌ی نه‌خۆشییه‌ كۆنه‌كانی وه‌كو تاعون و كولێرا و له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری گۆی زه‌وی ده‌ڕوات وسنور ناناسێت ، ئه‌وه‌ی خۆی نه‌پارێزێت له‌ په‌تای كۆرۆنا به‌زه‌ی پێدانایه‌ته‌وه‌و قورگی ده‌گرێت و له‌ناویده‌بات تەنها چارەسەر خۆپاراستنە مانەوەیە لە ماڵەوە.

خه‌ونی مرۆڤایه‌تی خه‌ونێك نه‌بووه‌ دوور له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ،هه‌میشه‌ خه‌ونی مرۆڤایه‌تی هاوشان بووه‌ به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ، په‌تای كۆرۆنا بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ونی مرۆڤایه‌تی له‌ جیهاندا ، كۆرۆنا خه‌ونی پیكه‌وه‌ گرێدانی جیهانی به‌یه‌كه‌وه‌ و هه‌مووان له‌ گوندێك و له‌ ماڵێكدا له‌ناوبرد ،له‌به‌رامبه‌ر خه‌ونی پێكه‌وه‌ بوون خه‌ونی دابڕان و مه‌یلی جیابونه‌وه‌ی له‌ نێوان مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاو سروشتدا دروست كردووه‌.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:04:08:23/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر