گێچەڵکردن بە ژن، گێچەڵکردنی کۆمەڵگا

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
گێچەڵکردن، بەپێی پێناسە جیهانییەکان، هەموو ئەو رەفتار، ئاماژە، قسەکردن و دەستلێدانانە دەگرێتەوە(جەستەیی و دەروونی)، کە بەبێ ویستی کەسی بەرامبەر ئەنجام دەدرێن. ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی دەچێتە چوارچێوەی گێچەڵ پێکردنەوە.

گێچەڵ پێکردن تاوانێکە، کە لە هەموو شوێنێک روو دەدات، بەڵام رێژەی ئەنجامدان و جۆرەکەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. هەروەکوو جۆری سزادانیش جیاوازە، چونکە یاسا و جێبەجێکردنی لە هەر وڵاتێک بەستراوە بە تایبەتمەندیی کولتووری، ئایینی و دەسەڵاتی یاسا لەم وڵاتەدا.

گێچەڵپێكردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەم
لە وڵاتە دواکەوتوو و داخراوەکاندا، رێژەی گێچەڵ پێکردن بە رەگەزی مێ، زۆرە. لە کوردستان ئەگەر ئامار و راپرسییەک ئەنجام بدرێت، کە ژنان و هەتا کوڕانی مێرمنداڵیش تێیدا دەبنە قزربانی، دەزانین کە رێژەکەی لە حاڵەتەوە گەیشتووەتە دیاردە. لە ماوەی کارکردنم وەک رۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی، کارم لەسەر رێژەیەکی یەکجار زۆر لەو کەسانە کردووە، کە دووچاری گێچەڵ پێکردن بوونەتەوە، کە تا دەستدرێژیی سێكسی رۆیشتووە.

شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی دیاردەی گێچەڵ پێکردن، نەک هەر پەرەی پێدەدات، بەڵکوو کۆمەڵگە دەگەیەنێتە ئاستی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. دەگاتە هەموو ماڵ و شوێنی کارکردن و خوێندگەکانیش.

ئەم پەردەپۆشکردنە بەهۆی نزمیی ئاستی تێگەیشتن و هوشیاریی خێزانە، کاتێک مێیەکانی خێزان دووچاری گێچەڵپێکردن دەبنەوە، لەجیاتی پەنابردنە بەر سزادانی یاسایی کەسەکە، دەکەونە لۆمە و سەرزەنشتکردنی، بە بیانووی ئەوەی (بۆچی لە ماڵ چووەتە دەرەوە؟ بۆچی جلەکانی بەم جۆرەیە و بەو جۆرە نییە؟ ئەگەر ژن خۆی حەز نەکات، پیاو ناوێرێ سەیری بکات!) ئەم بیانووانە، نەک هەر رەوایەتی دەدەن بە دیاردەی گێچەڵ پێکردن، بەڵکوو وا دەکات رۆژ بە رۆژ ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرەو مەترسی بچێت، چونکە کاتێک ئاسایشی جەستەیی و دەروونیی نیوەی کۆمەڵگە لەژێر مەترسیدا بێت، هەرگیز ئەم کۆمەڵگەیە سەقامگیر نابێت.

گێچەڵپێکردن و فشارە دەروونییەکان
گێچەڵ پێکردن بە هەموو جۆرەکانییەوە، پەیوەستە بە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگە، یەکسانی و دادپەروەری تێیدا. رەنگدانەوەیەکی دوولایەنەیە، یەکەم لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی، دووەم فشاری دەروونی، چونکە رەفتارێکە، بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەم فشارە، ئەگەر رێگاچارەی یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێتە بەشێک لە نەخۆشیی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، چونکە مرۆڤی هوشیار و دەروون سەلامەت، رێز لە خۆی و سنووری خۆی دەگرێت، ئامادە نییە لە هەر حاڵەتێکدا سنووری بەرامبەر ببەزێنێت. بەزاندنی سنووری بەرامبەر تا ئاستی دەستدرێژی کردەیەکی حەیوانییە و مرۆڤێک، کە لە کەشێکی سەلامەت و تەندروست پەروەردە کرابێت، ئەنجامی نادات.

گێچەڵپێکردن و باکگراوندە کەسییەکان
ئەگەرچی لە کوردستاندا زانکۆ و پەیمانگە و ناونیشانی دکتۆرا و ماستەر زۆرە، بەڵام کەمترین توێژینەوەی جدی لەسەر حاڵەت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کراوە.

دیاردەیەکی مەترسیداری وەک گێچەڵ پێکردن تا ئێستا نە لە لایەن حکوومەت و نە لە لایەن دامەزراوە زانستییەکانەوە بەهەند وەرنەگیراوە. بۆیە توێژینەوەیەکی جدییمان نییە، کە رێژە، هۆکار، لێکەوتە و کاردانەوەکانی لە کۆمەڵگەدا دەستنیشان بکات. بەڵام بەپێی توێژینەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانی وەکوو تورکیا، ئێران، سعوودیە و وڵاتە ئیسلامییەکانی تر، زۆربەی ئەو کەسانەی گێچەڵ بە رەگەزی مێ و هەندێ جاریش بە کوڕی مێرمنداڵ دەکەن، خۆیان لە قۆناغێکی تەمەنیاندا دووچاری دەستدرێژی هاتوون. ئەم رق و چاوترساندنە، کاتێک چارەسەری کۆمەڵایەتی و دەروونیی بۆ نەکرێت، کەسی قوربانی دەکاتە ستەمکار و لە دەروونیدا هەڵیدەگرێت و بۆ تۆڵەسەندنەوە دەگەڕێت. تا دەگاتە ئەوەی کەسانی بێ دەسەڵات بۆ ئەم مەبەستە دەدۆزێتەوە. ئەمە زیاتر لە لێکۆڵێنەوە لەو کەسانەدا دەردەکەوێت، کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان.

گێچەڵپێکاران کەسانی یەکەمی خێزانی تێدایە
رێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان و کچان لە لایەن هەندێک کەسە نزیکەکان و مەحرەمەکانی خۆیانەوە رووبەڕووی گێچەڵ پێکردن (دەستلێدان، قسە، پلار و دەستدرێژیی سێکسی) دەبنەوە. ئەمەش تاوانێکی لەوانی تر گەورەترە و وێڕای ئەوەی رێژەکەی کەم نییە، ئەو کەسانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، زیاتر کچانی منداڵ و هەرزەکارن. هەموویان لەژێر هەڕەشەی ئەو کەسانەی، کە دەستدرێژییان کردووەتە سەریان، بێدەنگ کراون، نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی لە کەسانی قوربانیدا سەری هەڵداوە. هۆکاری قسەنەکردنیان بەهۆی (هەڕەشەکردنی کوشتن، عەیبە و باوەڕنەکردن لە لایەن ئەندامانی تری خێزانەوە) بووە.

هۆکارە باوەکان
هۆکارێکی تری هزری کوشندە، بە کەم سەیرکردنی رەگەزی مێیە لە کۆمەڵگەدا، بەداخەوە، کە تا ئێستا لەژێر کارتێکردنی دابونەریتی عەقڵیەتی کۆچەری، ژن وەک مرۆڤێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. نێری کۆمەڵگە بە جۆرێک پەروەردە کراوە، کە لە هەر کوێیەک ویستی و زانی دەرفەتی دەربازبوونی هەیە، گێچەڵ بە رەگەزی مێ بکات.

تا ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و بنکەکانی پۆلیس، کەمترین سکاڵا بەهۆی گێچەڵ پێکردنەوە کراوە. ئەمە لایەک تێڕوانینی باوی کۆمەڵگەیە، کە کەسی قوربانی وەک تاوانبار و کەسی تاوانبار وەک بێتاوان سەیر دەکرێت، ئافرەتان لەجیاتی بەهاناوەچوونی یاسا، رەنگە لە لایەن پیاوانی پۆلیس و یاساش بکەونە بەر تانە و تەشەر، لە لایەکی تر، ترسە لە پیاوانی خێزان، کە لەجیاتی پەنابردنە بەر یاسا و سزای یاسایی لە کاتی ئاشکراکردنی، دەبێتە هۆی شەڕ و کوشتار. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم جۆرە کردەوانە بەبێ چارەسەر دووبارە دەبنەوە، لەئەنجامدا دەبنە دیاردە و چاولێکەری.

لە کۆمەڵگەیەکی هەژاری گیرفان و عەقڵ، لەژێر فشاری دابونەریتی کۆنەپەرستی و ئابووریدا بژیت و لە کولتووری نێرسالاریدا بێت، هەمیشە دیاردەی (فاڵ) پیاوەتی دەبێتە ئامرازێک، کە نێرینە بەرامبەر مێینە بەکاری دێنێت. دەبێت بزانین، کە ئەم هزرە هۆکاری گێچەڵ پێکردن و بەشێکی گەورەیەتی و دیاردەیەکی جددییە، کار لەسەر ریتمی کۆمەڵگە دەکات.

کاریگەریی تەکنەلۆژیا
کاتێک کورد خاوەن دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆ نییە، کولتوورێکی لاواز و کارتێکراوی هەیە. بۆیە بەرگەی هێرشی ئێستای تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکان ناگرێت.

سەرکوتکردنی کۆمەڵایەتی و دەروونیی کەسایەتیی دووڕوو و کارتۆنی دروست کردووە. ئەو کارەی، کە خۆی بە هەڵە و قبووڵنەکراو باسی دەکات لە هەر دەرفەتێکدا، کە بۆی بێتە پێشەوە ئەنجامی دەدات. بۆیە کاتێک ئەم کەسایەتییە سەرکوتکراوانە بە دوگمەیەکی مۆبایل و لاپتۆپەکەی دەتوانێ هەموو ئەو دیمەنە قەدەغە و حەرامکراوانە ببینێ، ناتوانێ هەزمی بکات و پەنا بۆ گێچەڵ پێکردن دەبات. لە هەمان کاتدا باسی رەوشت و ئەخلاقی کەسانی دەوروبەر دەکات.

دامەزراوە حکوومی و هەتا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش، گرنگییەکی ئەوتۆ و خەمخۆرانەیان بە دیاردە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان نەداوە، بۆیە ئێستا کۆمەڵگەیەکی پڕاوپڕ لە کێشە و ئاریشە کۆمەڵایەتیی داپۆشراومان هەیە، کە کاریگەریی لەسەر تەواوی بوارەکانی تری ژیان هەیە.

لیژنەی فەتوا و کێشە کۆمەڵایەتییەکان
ماوەیەک لەمەوبەر شوفێرێکی تاکسی لە هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا، کە خۆی دانی بە تاوانەکەیدا نا و گوتی: "تا ئێستا چەند جارێک منداڵی کوڕوکچی حەوت هەشت ساڵانی رفاندووە، دوای دەستدرێژیی سێکسی لەنزیک ماڵی خۆیان بەجێی هێشتوون. لە بازاڕەکان دەستی لە جەستەی ئافرەتان داوە". چەند تاوانێکی تریش.

ماوەیەک لەمەوبەر (لیژنەی فەتوا) بۆ چارەسەرکردنی گێچەڵپێکردن، گوتیان "با ژنان بەبێ مەحرەم سواری تاکسی نەبن"، ئەم حاڵەتی لەسەرەوە باسم کرد، لە هیچ کوێی ئەم فەتوایەدا بوونی نییە. لەکاتێکدا گێچەڵ پێکردن بە منداڵان رێژەکەی لە گێچەڵ پێکردن بە ئافرەتان زیاترە. ئەوەیش پێی وایە، کە وانییە، با بڕوات ئامار و کەیسەکانی پۆلیس و دادگاکان وەربگرێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە، کە لیژنەی فەتوا و دامەزراوە ئایینییەکان پێویستە هوشیاریی ئایینی و حوکمەکانی دەستدرێژی لە ئیسلامدا بۆ خەڵک روون بکەنەوە، بۆ ئەوەی کەسی تاوانبار سڵ لە سزای دادگا و ئایینییش بکاتەوە، کاتێک دەیەوێت تاوانێک بکات، نەک ئەوەی، کە هەمیشە حوکمەکان لەسەر کەسانی قوربانی بن.

بۆیە تا ئێستاش لە چاوەڕوانیی ئەوەداین دامەزراوە ئایینییەکانی کوردستان، ئەرکی خۆیان لەم بوارەدا جێبەجێ بکەن.

PM:08:36:12/01/2020



ئه‌م بابه‌ته 91 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر